میدیای یەکێتی: موراد کانی کوردەیی کوژراوە


رووداو دیجیتاڵ 

سەرچاوەیەکی ئەمنی لە سلێمانییەوە بە میدیای یەکێتی راگەیاند کە موراد کانی کوردەیی لەکاتی جێبەجێکردنی بڕیاری دەستگیرکردنیدا، رووبەڕووی هێزە ئەمنییەکان بووەتەوە و "کوژراوە." سەرچاوەیەکی باڵای یەکێتیش هەواڵی کوژرانەکەی پشتڕاستکردەوە.
 
سەرچاوە ئەمنییەکە لە راگەیێندراوێکدا ئاماژە بەوە دەکات، "لەکاتی جێبەجێکردنی بڕیاری دەستگیرکردنی داواکراو موراد کانی کوردەیی لەدوای ئەوەی ویستراوە یاسا جێبەجێبکرێت، رووبەڕووی ھێزە ئەمنییەکان دەبێتەوە و کارمەندێکی ھێزە ئەمنییەکان شەھید دەکەن و کارمەندێکی دیکەش بریندار دەکرێت. لەئەنجامدا ھێزە ئەمنییەکان وەڵامیان داوەتەوە و موردا کانی کوردەیی دەکوژرێت."
 
لەبارەی رووداوەکە، ئەو سەرچاوە باڵایەی یەکێتی گوتی، "ئێوارەی ئەمڕۆ هێزێک لە رانیە زانیویانە لەو جێگەیەیە، بۆیە چواردەوریان گرتووە و بە رێزەوە پێیان گوتووە کە خۆت رادەست بکە، بەڵام خۆی رادەست نەکردووە، لە ئەنجامدا تەقە و رووبەڕووبوونەوە روویداوە. بەهۆی تەقەکانیشەوە، کەسێکی کوشتووە و کەسێکیشی بریندارکردووە. دواتر خۆیشی کوژراوە."
 
بەپێی گرتەیەکی ڤیدیۆیی کە دەست تۆڕی میدیایی رووداو کەوتووە، تێیدا کەسێک بە گریانەوە دەڵێت، عەقید موراد کانی کوردەیی کوژراوە.

عەقید موراد کانی کوردەیی دوای ئەوەی تەقەی لێکراوە نەبراوەتە نەخۆشخانە، ئەو کەسانەی تەقەیان لێکردووە لەگەڵ خۆیان بردوویانە. 

 
سەرچاوەیەکیش لە نەخۆشخانەی رانیە بە رووداوی راگەیاند، دوو تەرم گەیێندراونەتە نەخۆشخانەکەیان. بەپێی زانیارییەکانی رووداو، لەکاتی تەقەکردن لە عەقید موراد کانی کوردەیی، دووان لە پاسەوانەکانیشی گولـلەیان بەرکەوتووە و گەیێندراونەتە نەخۆشخانە.
 
لەبارەی دۆخی رانیەش، مەلا ئاری، بەرپرسی مەڵبەندی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "دۆخی نێو رانیە ئاساییە" و ئەو هەواڵانەی باس لەوە دەکەن چوون بۆ شارەکە و دەرچوون لێی قەدەخەیە، "دوورن لە راستییەوە."