رووداو دیجیتاڵ
کۆمپانیای ئاسیاسێڵ دەگاتە قۆناخی کۆتایی بردنەوەی خەڵاتی "DCD" ی تایبەت بە دامەزراندن و گەشەپێدانی داتا سەنتەرەکان بۆ ساڵی 2021 لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقیا.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 25/11/2021، کۆمپانیای ئاسیاسێڵ رایگەیاند، گەیشتووەتە قۆناخی کۆتایی بۆ بردنەوەی خەڵاتی "DCD" کە خەڵاتێکی گەورەی تایبەتە بە پەرەپێدانی داتا سەنتەر: "ئەمەش لە ئەنجامی ئەو هەوڵە زۆرانەی بۆ بنیاتنانەوەی ژێرخانی پەیوەندییەکان لە عێراق".
ئاسیاسێڵ، ئێستا یەکێکە لەو کۆمپانیایانەی کە لەسەر ئاستی جیهان گەیشتووەتە قۆناخی کۆتایی بۆ بردنەوەی خەڵاتێك کە تایبەتە بە پەرەپێدانی داتا سەنتەرەکان بۆ ساڵی 2021. کۆمپانیای ئاسیاسێڵ لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت: "پڕۆژەی داتا سەنتەرەکانی ئاسیاسێڵ لە مانگی کانوونی دووەمی 2020 دەستیپێكرد، لە ماوەیەکی کەمدا ئاسیاسێڵ توانی نەك تەنیا یەك داتا سەنتەر، بەڵکو 13 داتا سەنتەر لە سەرتاسەری عێراقدا دابمەزرێنێت، کە چوار لەو داتا سەنتەرانە لە ئاستی پلە 3 "Tier III" دان بە پێی پەیمانگای ئەپتایمی جیهانی؛ کە ئێستا بەرزترین ستاندەری داتا سەنتەرە لە جیهان، لە کاتێکدا نۆ داتا سەنتەرەکەی دیکە هێشتا لە قۆناخی پەرەپێدانن و ئیشکردن تێیاندا بەردەوامە".
ئاسیاسێڵ ئاماژەی بەوەکردووە، ئامانجی دامەزراندن و پەرەپێدانی داتا سەنتەرەکان باشترکردنی کواڵێتی پەیوەندییەکان و ئینتەرنێتی وایەرلێسە لە عێراق. هەبوونی ئەم داتا سەنتەرانە تەکنۆلۆژیای نەوەی چوارەم "4G/4G+ LTE"ی ئاسیاسێڵ بەهێزتردەکات لە عێراقدا کە خۆی تەکنۆلۆژیایەکی پێشکەوتووە ولە ئاستێکی بەرزدایە، کە ئەمەش بوار بۆ ئاسیاسێڵ دەڕەخسێنێت زیاتر سوودمەندبێت لە پشکەکانی بازاڕ بە رێژەی زیاتر 50% و هەروەها خزمەتگوزارییەکانی بۆ بەشداربووانی بگەیەنێتە ئاستێكی بەرزتر. داتا سەنتەرەکانی ئاسیاسێڵ بواری رەخساندووە بۆ ئەوەی رووماڵی تۆڕی ئینتەرنێت زیاتر 99% ی ناوچەکانی عێراق بگرێتەوە و دانیشتووانی ئەو ناوچانە توانای دەستڕاگەیشتنیان هەبێت بە باشترین تۆڕی ئینتەرنێت لە عێراقدا.
دامەزراوەی "DCD" کە تایبەتە بە بەخشینی خەڵاتی پەرەپێدانی داتا سەنتەر، بە "خەڵاتی ئۆسکار بۆ پیشەسازیی داتا سەنتەر" ناسراوە، لە ساڵی 1998 ــەوە سەرقاڵی بڵاوکردنەوەی ئەو بابەتانەیە کە تایبەتن بە پیشەسازی داتا سەنتەر لەگەڵ رێکخستنی ئەو ئیڤێنتانەی کە تایبەتن بەو بوارە.
ئەم دامەزراوەیە زیاتر لە 300 هەزار کارمەندی پرۆفێشناڵی چالاکی هەیە لە سەرتاسەری جیهاندا کە سەرقاڵی کارکردنن لەم بوارەدا. دامەزراوەی "DCD" دانی بە کارەکانی ئاسیاسێڵدا ناوە کە توانیویەتی ژێرخانی پەیوەندییەکانی ئەو وڵاتە، کە لە ئەنجامی شەڕ و ململانێی چەندین ساڵەوە وێرانبووە، بگۆڕێت بۆ ژێرخانێک کە شایستەی بردنەوەی خەڵات بێت، ئەمەش عێراق دەخاتەوە سەر نەخشەی پێشبڕکێی تەکنۆلۆژی لە رێگەی کارپێکردنی سیستمێکی گشتگیر بۆ دابینکردنی چارەسەری تەکنیکی و داتا سەنتەر کە بەشێوەیەکی بەردەوام لە پەرەپێداندایە تا بتوانێت بگەیەنرێتە ئاستی ستاندەرە جیهانییەکان.
هیشام سیبلینی، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری بەشی تەکنۆلۆجیا و زانیاریی کۆمپانیای ئاسیاسێڵ لە بارەی گەیشتنی ئاسیاسێڵ بە قۆناخی کۆتایی بۆ بردنەوەی ئەم خەڵاتە بە رووداوی گوت: "شەرەفێکی گەورەیە، کە گەیشتووینەتە قۆناخی کۆتایی بۆ ئەم خەڵاتە گەورەیە لە "DCD"ــەوە. ئەم خەڵاتە تەنیا دەستکەوتێکی گەورە نییە بۆ ئاسیاسێڵ، ئەوەندەی دەستکەوتێکی گەورەیە بۆ سەرجەم عێراق. چەندین ساڵ لەمەوبەر، بیرکردنەوە لە بردنەوەی خەڵاتێکی لەم جۆرە تەنیا خەونێك بوو، هیچمان نەبوو بتوانین کێبڕکێی پێ بکەین، هیچمان نەبوو نمایشی بکەین؛ بەڵام ئەمڕۆ بە سەربەرزییەوە دەچینە ناو کێبڕکێ جیهانییەکانەوە".
بڕیارە ناوی براوەکانی ئەم خەڵاتە لە رێوڕەسمێکی تایبەت بە بەخشینی خەڵاتەکەدا ئاشکرابکرێت، کە لە رۆژی 8ی کانوونی یەکەمی ئەمساڵدا لە لەندەن سازدەکرێت. ئەوانەی لە کێبڕکێدان بۆ بردنەوەی خەڵاتەکە لەلایەن لیژنەیەکی هەڵسانگاندنی سەربەخۆوە هەڵدەبژێردرێن لە نێو سەدان کۆمپانیادا، کە لە 35 وڵاتی جیاجیای جیهانن و لە شەش کیشوەرەوە ناویان تۆمارکردووە بۆ بردنەوەی خەڵاتەکە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ