وەزیرانی دەرەوەی عێراق و رووسیا کۆبوونەوە

 
رووداو - مۆسکۆ

لە رۆژی یەکەمی سەردانەکەیدا بۆ مۆسکۆ، فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق لەگەڵ سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی رووسیا کۆمەڵێك بابەتی پەیوەست بە پەیوەندییەکانی رووسیا و عێراقیان تاوتوێکرد، پرسی پەرەپێدانی پەیوەندییە وزەییەکانی هەردوولا، پەیوەندیە دیپلۆماسییەکان و پەیوەندییە بازرگانییەکان و زیادکردنی هەماهەنگیی هەردوو وڵات لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی تاوتوێ کران.
 
هەردوولا ئامادەیی خۆیان نیشاندا بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییە سەربازییەکانی نێوانیان، بابەتی کڕینی فڕۆکەی رووسی لەلایەن عێراقەوە کە وەکو دەنگۆیەک ئێستا هەیە، لە قسەکانی فوئاد حوسێندا وا دەردەکەوت کە ئەو بابەتە بە فەرمی باس نەکراوە لەنێوان هەردوولادا، بەڵام ئاماژەی بەوە کرد کە لە داهاتوودا کار لەسەر بەهێزکردنی پەیوەندییە سەربازییەکانی رووسیا و عێراق دەکرێت.
 
فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق رایگەیاند "لە کۆبوونەوەکەماندا تیشکمان خستە سەر پەیوەندییەکانمان لە بواری سەربازییەوە، بەڵام لە ماوەی داهاتوودا بەڕێز وەزیری بەرگریی عێراقی سەردانێک ئەنجامدەدات. بەڕێز وەزیری بەرگری لە سەردانەکەیدا تاوتوێی تێروتەسەلی پەیوەندییەکانمان لە بواری سەربازی لەنێوان هەردوو وڵاتدا دەکات".
 
پرسی کشانەوە و کەمکردنەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق، یەکێکی دیکە بوو بوو لەو بابەتانەی لەو کۆنفرانسە رۆژنامەڤانییەدا خرایە بەردەم هەردوو وەزیر، وەزیری دەرەوەی عێراق رایگەیاند، ئەوە بڕیاری پەرلەمان و بەشێک لە حیزبە سیاسییەکانی عێراقە، لەگەڵ ئەمریکاش لەسەر ئەو بابەتە گەیشتوونەتە رێککەوتن.
 
وەزیری دەرەوەی رووسیاش رایگەیاند کە ئەمریکا بکشێتەوە و نەکشێتەوە کاریگەریی لەسەر پەیوەندییەکانی رووسیا و عێراق نابێت.
 
سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی رووسیا دەڵیت "ئەوەی پەیوەندیی بە رووسیاوە هەیە ئێمە لەگەڵ عێراق هاوئاهەنگیمان هەیە لەگەڵ وڵاتانی هەرێمیی دیکەش هاوئەهنگیمان هەیە، لە بواری رووبەڕووبوونەوەی تیرۆردا، ئەوەش پەیوەست نییە بەوەی کە ئەمریکا چی پلانێکی هەیە، دەکشێتەوە یان ناکشێتەوە یان بۆ هەرکوێ دەگەڕێتەوە، ئێمە لەگەڵ عێراق هەماهەنگیمان هەیە لە چوارچێوەی سەنتەرێکی هاوبەشی زانیاری کە لە بەغدایە، لەوێ کەسانی شارەزای رووسی و عێراقی و ئێرانی و سووری دژی تیرۆر کاردەکەن".
 
سەردانی فوئاد حوسێن بۆ مۆسکۆ ماوەی دوو رۆژ دەخایەنێت، لەگەڵ بەرپرسانی دیکەی رووسیا لە ئەنجوومەنی دوما و ئەنجوومەنی فیدراڵی و وەزارەتی وزەی رووسیا بە یاوەریی شاندێک، چەندین بابەتی دیکە تاوتوێ دەکەن.
 
رووسیا و عێراق 76 ساڵە پەیوەندییان هەیە، ئەوەش دوای ئەوەی لە ساڵی 1944ەوە لەنێوان هەردوولادا پەیوەندییە فەرمییەکان بنیادنراون.