بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر دەڵێت، لە ئەنجامی بۆردوومان و تۆپبارانەکانی تورکیا 17 کەس گیانیان لەدەستداوە


رووداو دیجیتاڵ 

ئاسایشی نێوخۆی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر دەڵێت، لە ئەنجامی هێرشەکانی تورکیا 17 کەس گیانیان لەدەستداوە و 48 کەسی دیکەش برینداربوون. 
 
ئەمڕۆ هەینی، 25-10-2024، ئاسایشی نێوخۆی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر ئاماری بۆردوومان و تۆپبارانەکانی ئەم دوو رۆژەی رابردووی تورکیا و زیانەکانی بڵاوکردەوە. 
 
وەک لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، سوپای تورکیا لە هێرشەکانی ئەم دوو رۆژەیدا سوودی لە فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان، فڕۆکەی جەنگی و هاوەن وەرگرتووە بۆ "بەئامانجگرتنی هاووڵاتیانی سڤیل و وێرانکردنی ژێرخان و دامەزراوە گرنگەکان". 
 
ئاسایشی نێوخۆی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر ئاماژە بەوە دەکات، لە ئەنجامی بۆردوومان و تۆپبارانەکە 8 هاووڵاتیی سڤیل لە هەرێمی جزیرێی رۆژئاوای کوردستان گیانیان لەدەستداوە و 20 کەسی دیکەش برینداربوون کە 19یان سڤیلن. 
 
وەک لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، لە ناوچەی فوراتیش کە کۆبانێ تاوەکو رەققە دەگرێتەوە، دوو کەس گیانیان لەدەستداوە کە یەکێکیان سڤیل و ئەوی دیکەشیان شەڕڤان بووە؛ هەر لەو ناوچەیە 12 کەس بریندار بوون کە 9 کەسیان سڤیلن و سێ کەسەکەی دیکەش لە کەرتی سەربازیین. 
 
ئاسایشی نێوخۆی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر باس لەوە دەکات، لە ئەنجامی بۆردوومان و تۆپبارانەکانیش بۆسەر ناوچەی منبج منداڵێک گیانی لەدەستداوە و دوو منداڵی دیکەش بریندار بوون. 
 
ئەوەی کە پەیوەندی بە بۆردوومانکردن و تۆپبارانکردنی سنووری شەهباوە هەیە، 6 کەس گیانیان لەدەستداوە کە چوار کەسیان سڤیل بوون و دوو کەسەکەی دیکەش لە کەرتی سەربازی بوون؛ 14 کەسیش بریندار بوون کە 9 کەسیان سڤیلن و 5 کەسەکەی دیکەش شەڕڤان. 
 
وەک لە راگەیێنداوەکەدا هاتووە، لە ئەنجامی بۆردوومان و تۆپبارانەکە 14 هاووڵاتیی سڤیل و سێ کەس لە کەرتی سەربازی گیانیان لەدەستداوە؛ هەروەها 39 هاووڵاتی سڤیل و 9 کەسیش لە کەرتی سەربازی بریندار بوون.