کۆڵبەرێک لە سنووری بانە کوژرا


هەولێر دیجیتاڵ

کۆڵبەرێکی خەڵکی شاری بانە لە پارێزگای سنەی رۆژهەڵاتی کوردستان بە تەقەی هێزەکانی پاسەوانی سنووریی ئێران گیانی لەدەستدا.

بەپێی زانیارییە خۆجێییەکان، دوانیوەڕۆی رۆژی سێشەممە، 24-10-2023، کۆڵبەرێک بە ناوی موحسین عەبدوڵڵاهی، تەمەن 35 ساڵان و خەڵکی گوندی کانی بەرد لە سنووری شاری بانە لە ئەنجامی تەقەی هێزە چەکدارەکانی ئێران لە سنووری کێلێی بانە کوژراوە.
 
بەپێی زانیارییەکان، تەرمی ئەو کۆڵبەرە گوێزراوەتەوە نەخۆشخانەی سەلاحەدینی ئەیووبیی بانە و دواتر رادەستی بنەماڵەی کراوەتەوە. موحسین عەبدوڵڵاهی خێزاندار و باوکی چوار منداڵە.
 
بەرەبەیانی رۆژی چوارشەممە، 18-10-2023ش، لە ناوچەی دەوەران لە سنووری شاری مەریوان لە پارێزگای سنە، هێزەکانی پاسەوانی سنووری ئێران تەقەیان لە ژمارەیەک کۆڵبەر کرد و لە ئەنجامدا کۆڵبەرێکی تەمەن 34 ساڵ بە ناوی فەرید وەتەنی رەسووڵ خەڵکی گوندی نەشکاش سەر بە شاری مەریوان گیانی لەدەستدا.
 
بەپێی راپۆرتی کۆڵبەرنیوز، لە سەرەتای ئەمساڵەوە 13 کۆڵبەر لە ناوچە سنوورییەکانی پارێزگاکانی ورمێ، سنە و کرماشان بە هۆکاری جیاواز گیانیان لەدەستداوە و 72 کۆڵبەری دیکەش بریندار بوون.
 
ئەمە لە کاتێکدایە، قاسم رەزایی، جێگری فەرماندەی پۆلیسی ئێران، رۆژی 22-10-2023 سەردانی سنووری شاری پاوەی لە پارێزگای کرماشانی رۆژهەڵاتی کوردستان کرد و باسی لە کۆڵبەری کرد و رایگەیاند، "کۆڵبەری کارێکی نایاساییە و لە ئەگەری هەر هاتووچۆیەکی نایاسایی لە سنوورەکان، هێزەکانی پاسەوانیی سنووری ئێران رووبەرووی دەبنەوە."
 
بەپێی یاسای هەڵگرتنی چەک لە ئێران، هێزە سەربازییەکان لەکاتی ڕووبەڕووبوونەوەی کەسێک یان تۆمەتبارێک، سەرەتا دەبێت تەقەی هەوایی بکەن و هۆشداری پێ بدەن، ئەگەر کەسەکە گوێی پێ نەدا، مافیان هەیە لە کەمەر بۆ خوارەوە تەقەی لێ بکەن.
 
دانیشتووانی ناوچە سنوورییەکان و تەنانەت هەندێ لە خەڵکی شارەکانی دوورتر لە سنووریش لە پارێزگاکانی کرماشان، سنە و ورمێ بۆ دابینکردنی بژێویی ژیانیان کۆڵبەری دەکەن.