مەسرور بارزانی: پێویستە ماف و شایستە داراییەکانی مامۆستایان دابین بکرێت

25-10-2023
هیدایەت جان
مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان
مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان پاڵپشتیی خۆی بۆ جێبەجێکردنی مافەکانی مامۆستایانی ناڕازی دووپاتکردەوە و رایگەیاند، "دەنگی خۆم دەخەمە پاڵ دەنگیان و پێویستە ماف و شایستە داراییەکانیان دابین بکرێت" و هیوای خواست بگەڕێنەوە قوتابخانەکان و دەست بە وانەگوتنەوە و پەروەردەی قوتابیان بکەن.

رۆژی چوارشەممە، 25ـی ئۆکتۆبەری 2023، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بەشداری لە رێوڕەسمی کردنەوەی قوتابخانە و باخچەیەکی ساوایان لە یەکێک لە پڕۆژە نیشتەجێبووەکانی هەولێر کرد، لە گوتارێکدا سوپاسی ئەو مامۆستایانەی کرد لە پڕۆسەی خوێندنی ئەمساڵ "سەرباری کەموکوڕییەکان و دواکەوتنی مووچە"، نەیانهێشتووە خوێندن لە قوتابخانەکان پەکی بکەوێت.
 
مەسرور بارزانی لەبارەی ئەو مامۆستایانەی لە پارێزگاکانی سلێمانی، هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆکانی راپەڕین و گەرمیان و پەروەردەی کۆیە بایکۆتیان راگەیاندووە، گوتی، "ئەو مامۆستایانەی تاوەکو ئێستا نەیانتوانیوە بەردەوام بن لە خوێندن و داوای مافەکانی خۆیان دەکەن، پاڵپشتیی خۆمیان بۆ دەردەبڕم؛ دەنگی خۆم دەخەمە پاڵ دەنگی ئەوان. پێویستە هەموو ماف و شایستە داراییەکانیان دابین بکرێت".
 
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان گوتی، "بەڵام با رووی رەخنەکانمان لەو لایەنە بێت کە هۆکارە بۆ بڕین یان دواخستنی مووچەکانیان. حکومەتی هەرێمی کوردستان هۆکار نییە، بەڵکو زۆر بە پەرۆشە بۆ ئەوەی بە زووترین کات مووچەکانیان بۆ دابین بکات. بەردەوامیش دەبین بۆ ئەوەی بەیەکەوە داوای مافی مامۆستایان، فەرمانبەران و هەموو خەڵکی کوردستان بکەین".
 
13ـی ئەیلوول، ساڵی نوێی خوێندن لە هەرێمی کوردستان دەستیپێکرد، بەڵام لە پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە، ئیدارەکانی گەرمیان و راپەڕین و پەروەردەی کۆیە دەرگەی قوتابخانەکان بەهۆی بایکۆتی مامۆستایانەوە بە داخراوی ماوەتەوە.
 
داواکاریی مامۆستایان بۆ کردنەوەی دەرگەی قوتابخانەکان دوو بەشە؛ وانەبێژان داوای دامەزراندن بەشێوەی گرێبەست دەکەن و داواکاریی مامۆستایانی میلاکیش مووچەی مانگەکانی ئاب و ئەیلوولە پێکەوە.
 
مەسرور بارزانی گوتی، "بەداخەوە هەندێک لایەن رەنگە سواری شەپۆلەکە بووبن و یاری بە هەستی مامۆستا بکەن. ئەوانەی ئێستا هانی مامۆستایان دەدەن نەچنەوە پۆلەکانی خوێندن، دەیانەوێ تۆڵەی ئەوانەی مووچەکانیان بڕیوە، لە قوتابیان بکەنەوە، کە ئەمە بە هیچ جۆرێک شیاو نییە".
 
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان داوای لە سەرجەم لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان کرد کە "بێن و لەگەڵ ئێمە داوای مافی مامۆستایان و هەموو مافەکانی خەڵکی کوردستان لەو شوێنە بکەن کە مافەکانیان پێشێل کردووین" و گوتی، "حکومەتی هەرێمی کوردستان حکومەتی ئێوەیە و جیاواز نییە لە ئێوە، لە خزمەتی ئێوەشدایە و بەردەوامیش دەبین. دڵنیاشتان دەکەینەوە بە هیچ شێوەیەک رێگە نادەین مافی هیچ مامۆستایەک بفەوتێت و هەموویان قەرەبوو دەکرێنەوە".
 
مەسرور بارزانی گوتی، "تەنیا شتێک کە قەرەبوو ناکرێتەوە، خوێندنی منداڵانە کە هیوادارم مامۆستا بەڕێزەکان بگەڕێنەوە بۆ قوتابخانە و بەردەوام بن لە وانەگوتنەوە و پەروەردەی قوتابیان لەسەر بنەمایەکی تەندروست".
 
لە هەرێمی کوردستاندا نزیکەی ملیۆنێک و 800 هەزار قوتابی هەن؛ بەهۆی بایکۆتی مامۆستایانەوە لە سنووری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە، هەروەها ئیدارەکانی گەرمیان و راپەڕین و پەروەردەی کۆیە، نزیکەی 700 هەزار قوتابی کە دەکاتە نزیکەی 40%ـی کۆی قوتابیان، دەوامیان نەکردووە.

 

دەقی گوتاری سەرۆكی حکومەتی هەرێمی كوردستان:
 
بە ناوی خوای گەورە و میهرەبان
مامۆستایانی بەڕێز
قوتابییانی خۆشەویست
 
بەڕاستی زۆر خۆشحاڵم كە ئەمڕۆ ئەم قوتابخانە رێكوپێكەمان کردەوە، جێی دەستخۆشییە و لێتان پیرۆزبێ و هیوادارم شتی وا زۆرتر بكرێت و قوتابییە خۆشەویستەكانمان لە هەموو شار و شارۆچكەكانی كوردستان، بتوانن خاوەنی قوتابخانەیەكی وا رێكوپێك بن. جێی خۆیەتی لێرە زۆر سوپاسی كاك ئەحمەد ماجیدی بكەم بۆ دروستكردنی ئەم قوتابخانە رێكوپێكە، كە تەكنەلۆژیای نوێی تێدا بەكارهاتووە و بە شێوازێكی زۆر جوان پۆلەكان دروست كراون و ئەو پێویستییانەی كە قوتابی دەیەوێت، بۆیان دابین كراوە. هیوادارم نموونەی کاک ئەحمەد زۆر بێت.
 
زۆر سوپاسی مامۆستا بەڕێزەكان دەكەم كە ئەوانیش بەردەوامن لە فێركردنی قوتابییە خۆشەویستەكانمان. دەزانم كە قوتابخانە شوێنێكە پێویستە زۆر گونجاو بێت، كەشێكی وای تێدا بێت كە قوتابی هەست بە ئارامی بكات. قوتابی تەنیا فێركردنی خوێندن نییە، بەڵكو پەروەردەكردنیشە، كە قوتابی دێتە قوتابخانە دەبێ فێری ئەوە بێت كە دواتر چۆن لە ژیاندا مامەڵە لەگەڵ گرفتەكانی رۆژگار بكات. یەكەم وانە لە مامۆستاكەی فێر دەبێت، بۆیە ئەوەی لەسەر حكومەتە، پێویستە كەشێكی گونجاو و، قوتابخانەی رێكوپێك بۆ قوتابییە خۆشەویستەكان دروست بكات.
 
دەزانم كەموكورتیمان لە زۆر شوێن هەیە، بەڵام ئەوەی حكومەت لەسەریەتی و لە توانایدایە، بەردەوام دەبێت لەوەی كە قوتابخانەی نوێ دروست بكەین یان ئەو قوتابخانانەی كە هەن، نۆژەنیان بكەینەوە. تائێستاش زۆر لەو قوتابخانانە نۆژەنكراونەتەوە و هەندێك قوتابخانەی نوێش دروست كراون، بەڵام ئێمە پێویستیمان بە زۆر قوتابخانەی زیاتر هەیە لەسەر ئاستی هەموو كوردستان و لەم رووەوە بەردەوام دەبین.
 
هەروەها لە بابەتی چاکسازی لە كەرتی پەروەردە، ئەم كابینەیە كاری زۆری كردووە. لێرە جێی خۆیەتی من سوپاسێكی تایبەتی وەزیری پەروەردە دكتۆر ئالان حەمە سەعید بكەم كە بەڕاستی نموونەی وەزیری سەركەوتوو بووە لەم كابینەیە و هەموو ئەركەكانی خۆی بە ئەمانەتەوە جێبەجێ كردووە و بەردەوامە لەوەی خزمەتی كەرتی پەروەردە و قوتابیيان و مامۆستایان بكات. من سوپاسی جەنابی وەزیر و هەموو ستاف و ئەو بەڕێوەبەرانە دەكەم كە لە وەزارەت ئەم ئەركەیان هەڵگرتووە و بەردەوامن و بە ئەمانەتەوە ئەركەكەی خۆیان جێبەجێ دەكەن.
 
هەروەها سوپاسی هەموو ئەو مامۆستا بەڕێزانە دەكەم كە بەردەوامن لە فێركردنی قوتابییە خۆشەویستەكان. دەزانم كە دۆخی ژیانیان سەختە و ئاسان نەبووە، بە تایبەتی ئەم ماوەیەی رابردوو كە بابەتی مووچە بووەته‌ بابەتێكی سەرەكی، بە تایبەتی ئەوانەی كە جگە لە مووچە، هیچ داهاتێكی تریان بۆ بژێویی ژیانی خۆیان نییە، بەڵام مامۆستاكان بە لەخۆبردوویی هاتوون وانە دەڵێنەوە، من سوپاسی هەموو ئەو مامۆستا بەڕێزانە دەكەم.
 
ئەو مامۆستا بەڕێزانەی تریش كە تاوەكو ئێستا نەیانتوانیوە بەردەوام بن لە خوێندن و داوای مافەكانی خۆیان دەكەن، من لێرە دەمەوێ پاڵپشتیی خۆم بۆ ئەو مامۆستایانە دەربڕم. منیش دەنگی خۆم دەخەمە پاڵ دەنگی ئەوان كە پێویستە هەموو ماف و شایستە داراییەكانی ئەوان دابین بكرێت، بەڵام پێویستە رووی رەخنەكانمان لەو لایە بێت كە هۆكارە بۆ بڕین یان دواخستنی مووچەكانیان. حكومەتی هەرێمی کوردستان هۆكار نییە، حكومەتی هەرێمی کوردستان زۆر بە پەرۆشە بۆ ئەوەی بە زووترین كات مووچەكانیان بۆ دابین بكات، بەردەوامیش دەبین بۆ ئەوەی داوای ئەو مافەی مامۆستایان و هەموو فەرمانبەرانی تری خەڵكی كوردستان بكەین.
 
بەداخەوە هەندێك لایەن لەوانەیە سواری شەپۆلەكە بووبن و یاری بە هەستی مامۆستا بكەن. ئەوانەی كە ئێستا هانی مامۆستایان دەدەن كە نەیەنەوە بۆ پۆلەكان و قوتابخانەكان، دەیانەوێ تۆڵەی ئەوانەی مووچەكانیان بڕیوە لە قوتابییەكان بكەنەوە كە ئەمە بەهیچ جۆرێك شیاو نییە. قوتابی یەكەم وانە كە لە مامۆستا فێر دەبێت، وانەی كۆڵنەدان و بەردەوامبوونە، دەبێ یارمەتی یەكتر بدەین بۆ ئەوەی قوتابیيانی ئێمە لە سەرەتاوە فێری خۆشەویستی بن، فێری كۆڵنەدان و بەردەوامبوون و خۆڕاگریی بن، فێری ئەوە بن كە چۆن لە ژیاندا پێویستە بە سەربەرزی بمێننەوە و بە هیچ جۆرێك كۆڵ نەدەن بۆ هیچ لەو گرفتانەی كە دێنه‌ ژیانی ڕۆژانەیان.
 
من لێرە داوا لە هەموو لایەنە سیاسییەكان دەكەم، با ئەوانیش بێن لەگەڵ ئێمە داوای مافی مامۆستایان و هەموو مافەكانی خەڵكی كوردستان بكەن لەو شوێنەی كە مافەكانیان پێشێل كردووین. حكومەتی هەرێمی کوردستان حكومەتی ئێوەیە، شتێك نییە جیاواز بێت لە ئێوە، لە خزمەتی ئێوەدایە و بەردەوامیش دەبین. دڵنیاشتان دەكەینەوە كە بەهیچ شێوەیەك رێگە نادەین مافی هیچ مامۆستایەك بفەوتێت. هەموویان قەرەبوو دەكرێنەوە، پێش ماوەیەكیش گوتم كە تەنیا ئەوەی قەرەبوو نەكرێتەوە خوێندنی منداڵانە كە هیوادارم مامۆستا بەڕێزەكان بگەڕێنەوە بۆ قوتابخانەكان و لەگەڵ قوتابییە خۆشەویستەكان بەردەوام بن لە وانەگوتنەوە و پەروەردەكردنی قوتابی لەسەر بنەمایەكی تەندروست.
 
جارێكی تر سوپاسی هەمووتان دەكەم، پیرۆزبایی ئەم قوتابخانە جوانەتان لێ دەكەم، هیوادارم هەمووتان سەركەوتوو بن و پلەی باشیش بەدەست بهێنن. زۆر سوپاسی مامۆستایانی بەڕێز دەكەم. دەستتان خۆش بێت.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان

وەزیری دارایی بۆ نوێنەرانی فەرمانبەرانی گرێبەست: بۆ بەهەمیشەییکردنتان چاوەڕوانی بەغداین

وەزیری دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، دۆسیەی بە هەمیشەییکردنی فەرمانبەرانی گرێبەست رەوانەی ئەنجوومەنی راژە کراوە بۆ ئەوەی رێکارەکانی تەواو بکرێت. نوێنەرێکی ئەو فەرمانبەرانەش دەڵێت: "بۆ دامەزراندنمان حکومەتی هەرێمی کوردستان چاوەڕوانی بەغدایە."