کوردستان
![بەشداریی د. محەممەد زراری، بەڕێوەبەری گشتی لە دیوانی چاودێریی دارایی هەرێمی کوردستان لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ بەشداریی د. محەممەد زراری، بەڕێوەبەری گشتی لە دیوانی چاودێریی دارایی هەرێمی کوردستان لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ](https://www.rudaw.net/s3/rudaw.net/ContentFiles/762234Image1.jpg?mode=crop&quality=70&rand=1&scale=both&w=752&h=472&version=5701208)
بەشداریی د. محەممەد زراری، بەڕێوەبەری گشتی لە دیوانی چاودێریی دارایی هەرێمی کوردستان لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ
prev
next
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری گشتی لە دیوانی چاودێریی دارایی هەرێمی کوردستان دەڵێت، لە ماوەی 12 رۆژدا لەگەڵ دیوانی چاودێریی دارایی عێراق وردبینیی هاوبەشیان بۆ 33 وەزارەت و دەستە و دامەزراوەی هەرێمی کوردستان کردووە، دەرکەوتووە هەرێمی کوردستان مانگانە پێویستی بە 940 ملیار دینارە بۆ دابینکردنی مووچە.
د. محەممەد زراری، بەڕێوەبەری گشتی لە دیوانی چاودێریی دارایی هەرێمی کوردستان لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆدا گوتی، "وردبینیی هاوبەش لەسەر بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بوو، چونکە پێشتر عێراق گومانی هەبوو لە ژمارەی مووچەخۆر و بڕی مووچەکانیان."
بەڕێوەبەری گشتی لە دیوانی چاودێریی دارایی هەرێمی کوردستان ئاشکرای کرد، بەپێی وردبینییەکان لە هەرێمی کوردستان 682 هەزار فەرمانبەر هەن، ئەوەش جگە لە خانەنشینان و فەرمانبەرانی گرێبەست، مانگانە پێویستیان بە 940 ملیار دینار بووە.
بە گوتەی د. محەممەد زراری، هەرێمی کوردستان گومانەکانی عێراقی رەواندووەتەوە و ئێستا بەغدا متمانەی بەو راپۆرتە هاوبەشە هەیە، کە لەلایەن دیوانی چاودێریی دارایی هەرێمی کوردستان و دیوانی چاودێریی دارایی عێراقەوە پێشکێشی کراوە و هیچ بەربەستێک نەماوە کە هەرێمی کوردستان پشکی خۆی لە بودجە وەرنەگرێت. گوتیشی، بودجە لە بنەمادا شتێکی خەمڵێندراوە و زیادکردنی بڕگەی خەرجیی فیعلی تەنیا بۆ زیانگەیاندن بووە بە هەرێمی کوردستان.
رۆژی چوارشەممە 25ی تشرینی یەکەمی 2023، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوەی هەفتانەی بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان؛ قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران و شاندی دانوستاندنکاری هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەغدا کرد، پاش کۆبوونەوەکە حکومەتی هەرێمی کوردستان راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە.
لە بەشێکی راگەیەندراوەکەی حکومەتدا هاتبوو لەدوای وردبینی و پێداچوونەوە و کۆبوونەوەکانیان لەگەڵ بەغدا، ئێستا ژمارەی مووچەخۆران و بڕی مووچەکانیان لەدوای وردبینی پشتڕاستکراونەتەوە، ئیدی ئەرکی حكومەتی عێراقی فیدراڵە، بەتایبەت وەزارەتی دارایی، هاوشێوەی ناوچەکانی دیکەی عێراق مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانیش لە کاتی خۆی بنێرێت کە شایستەی یاسایی مووچەخۆرانە.
هەروەک ئاماژە بەوەدرابوو، ئەنجوومەنی وەزیران وێڕای ئەوە پشتیوانی لە پرۆسەی وردبینیی هاوبەشی هەردوو دیوانی چاودێریى دارایی دەکات، بە ئاراستەی خستنەڕووی "راستیيەکان و دڵنیاکردنەوەی هەموو لایەک کە هەرێمی کوردستان، هەروەک هەمیشە شەفافانە، هەموو زانیاری و ژمارەکان دەخاتەڕوو و هیچی نییە بیشارێتەوە، ئەم پرۆسەیەش هەر لەو پێناوەدایە کە هەموو لایەک لە راست و دروستیی داتا و زانیاری و ژمارەکان دڵنیا ببنەوە" و، هیچ بیانوویەک بۆ حکومەتی فیدراڵ نەهێڵنەوە کە بەربەست دروست بکەن لە خەرجکردنی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان.
رۆژی سێشەممە، 24-10-2023، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانییدا لە بەغدا لەبارەی ناردنی پارە بۆ هەولێر، رایگەیاند، بەو شێوەیە بەردەوام دەبن کە رێککەوتنی لەسەر کراوە و لە مانگی 12ـی ئەم ساڵیشدا پاکتاوی دارایی دەکرێت بۆ ئەوەی بزانرێت چەند پارەیان بۆ هەرێمی کوردستان ناردووە و شایستەی هەرێمی کوردستان چەندە.
14ـی ئەیلوولی ئەمساڵ شاندێکی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی بەغدا و هەولێر تایبەت بە بودجە و مووچە سەردانی بەغدای کرد، جگە لە کۆبوونەوە لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، لەگەڵ بەرپرسانی دیکەی عێراق و لایەنە سیاسییە عێراقییەکان کۆبووەوە. دواتر ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاریدا بڕی دوو تریلیۆن و 100 ملیار دینار بە قەرز بە هەرێمی کوردستان بدات بۆ ماوەی سێ مانگ، واتە مانگانە 700 ملیار دینار، ئەوەش بۆ دابینکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ