رووداو - سلێمانی
نزیکەی 20 کاژێرە ئاگری کۆگەی کارگەکەی خزمەتگوزاریی نەوت لە عەربەت خامۆش نەبووە، زیاتر لە 100 مەتر ئاگر بە ئاسماندا بەرزدەبێتەوە. بەهۆی رووداوەکەشەوە تاوەکو ئێستا دوو کەس گیانی لەدەستداوە و چەند کەسێکی دیکە بریندارن.
عەلی قەمەر، کرێکارێکە لە کارگەکە لەبارەی ئاگرەکەوە بە رووداوی گووت، "ئاگرەکە زۆر بەتین بوو ئەو شۆفێری تانکەرە هەستاوە بە گردانی قفڵی تانکەرەکەی بۆ ئەوەی قیرەکەی ناوی رۆبچێت، ئیدی کڵپەی کردووە و تەقینەوە دروست بووە، برایانی ئاگرکوژێنەوە زۆر هەوڵیاندا [ئاگرەکە] کۆنترۆڵ بکەن بەڵام هەر نەتواندرا کۆنترۆڵبکرێت."
هێشتا پارێزگاری سلێمانی گوتەکانی تەواو نەکردبوو جارێکی دیکە کڵپەی ئاگرەکە بە ئاسماندا بەرزبووە و ئاگرەکە تەشەنەی سەندەوە. رووداوەکە لە کارگەی پاڵاوتنی نەوتی رەش و قیری شل لە عەربەت روویداوە کە کۆگەکانی سێ هەزار و 500 تۆن نەوتی رەش و چوار هەزار تۆن قیری شلیان تێدابووە.
توانا ئەمین، شۆفێرە و شایەتحاڵی رووداوەکەیە دەڵێت، "دوای ئەوەی شۆفێرەکە بتڵی ئاگرەکەی لەدەست دەرچووە ئاگرەکە کەوتووەتەوە، سێ تانکەر و هەموو خەزانەکانیش سووتاون."
موزەفەر نەبی، تەمەن 31 ساڵ باوکی سێ منداڵ بوو. دانیشتووی سنووری پارێزگای هەولێرە لە رووداوەکە گیانیلەدەستدا. سەمیر رەشید، تەمەنی 43 ساڵە و خەڵکی بەردەڕەشە لە پارێزگای دهۆک و بووە دووەمین کەسی رووداوەکە کە گیانیلەدەستدا، هەریەکە لە ئیدریس سەلاحەدینی تەمەن 50 ساڵ کە هاونیشتمانیی رۆژئاوای کوردستانە و لە دهۆک دەژی، و %97ـی جەستەی سووتاوە. هاوسەر یوسف، خەڵکی قەزای دەربەندیخانە لە پارێزگای سلێمانی و لە رووداوەکەدا 15%ـی جەستەی سووتاوە.
سامان نادر، بەرێوەبەری فریاکەوتنی خێرا لەبارەی رووداوەکەوە رایگەیاند، "یەک کەس مردووە و سێ بریندارمان بردووەتە نەخۆشخانەکان، پێنج تیمان لە ئامادەباشیە و ئاگرەکە زۆرە بەئاسانی کۆنترۆڵ ناکرێت."
تاوەکو ئامادەکردنی ئەم راپۆرتە تەنیا یەکێک لە قوربانییەکانی رووداوەکە گیانی لەدەستدابوو، دواتر نزیکەی کاژێر 09:00 دووەمین برینداری رووداوەکە گیانی لەدەستدا.
بەگوێرەی زانیارییەکان تاوەکو ئێستا زیانە مادییەکانی ئاگرەکە بە حەوت ملیۆن دۆلار دەخەمڵێندرێت، تاوەکو ئێستا ئاگرەکە بەردەوامە و کۆنترۆڵ نەکراوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ