لە سنە کەسێک لەکاتی گەڕان بەدوای شوێنەواردا گیانی لەدەستدا

 
هەولێر دیجیتاڵ

لە شاری سنەی رۆژهەڵاتی کوردستان، بەهۆی هەڵکۆڵینی نایاسایی لە گەڕەکێکی شارەکە بە مەبەستی گەڕان بەدوای پارچە شوێنەواری مێژووییدا، کەسێک کەوتە نێو چاڵێک و گیانی لەدەستدا.
 
رۆژی چوارشەممە 25-10-2023 محەممەدڕەزا زارعی، فەرماندەی یەکینەی پاراستن لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی میراتی کولتووری، گەشتیاری و پیشەسازیی دەستیی پارێزگای سنە رایگەیاند، دوای ئەوەی لەلایەن خەڵکەوە ئاگادارکرانەوە، کە لە یەکێک لە گەڕەکە کۆنەکانی شاری سنە کەسێک کەوتووەتە نێو چاڵێک، کە لە ژووری ماڵێکدا هەڵکەندراوە و گیری خواردووە، دەستبەجێ لێکۆڵینەوە لەبارەی رووداوەکەوە دەستیپێکرد.
 
محەممەدڕەزا زارعی گوتیشی، "دوای ئەوەی تیمێکی بەرگریی شارستانی، تیمەکانی فریاکەوتن و هێزە ئەمنییەکان گەیشتنە شوێنی رووداوەکە، کەسەکە بە برینداری لەنێو چاڵەکە دەر‌هێندرا و رەوانەی نەخۆشخانە کرا، بەڵام لە رێگەدا گیانی لەدەستدا." ئاماژەی بەوەش کرد، بەپێی ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان، هەڵکۆڵینەکە بە مەبەستی دۆزینەوەی پارچە شوێنەواری مێژوویی بووە و چەند کەسێک زەوییان بە قوڵایی 15 مەتر هەڵکەندووە.
 
فەرماندەی یەکینەی پاراستن لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی میراتی کولتووری، گەشتیاری و پیشەسازیی دەستیی پارێزگای سنە ئاماژەی بەوەدا، لەسەر ئەو دۆسیەیە سێ کەس دەستگیر کران و رادەستی لایەنە پەیوەندیدارەکانی دەسەڵاتی دادی پارێزگاکە کران.