لە دهۆک 'بە فێڵ' تەواوی پارەی خێزانێک دەبردرێت؛ ویستوویانە بچنە ئەوروپا

رووداو دیجیتاڵ 

لە دهۆک خێزانێک بە مەبەستی چوون بۆ ئەوروپا تەواوی ماڵ و حاڵیان دەفرۆشن، دوو کەس کە یەکێکیان پارێزەرە بەڵێنی پێداون بیانبەنە ئەڵمانیا. ئێستا نەک هەر نەبراونەتە ئەڵمانیا، بەڵکو پارەکەشیان دیار نییە.
 
لەدوای فرۆشتنی خانوو و ناوماڵ، خێزانێکی شاری دهۆک بێ حاڵ و ماڵ ماونەتەوە. شوێنێکیان بە کرێ گرتووە و چەند کەلوپەلێکی کەمیان بۆ ماوەتەوە. خێزانەکە لە هەشت کەس پێکدێت، چوار منداڵیان قوتابین و باوکیان نەخۆشیی دەروونیی هەیە. دایکیشیان بەساڵادا چووە. تەنیا پسوولەیەکی رادەستکردنی پارەیان هەیە. 
 
کوردستان تەها، دایکی خێزانەکەیە و دەڵێت، "پارێزەرەکە دەڵێت، ئەم بڕە پارەیەم بەدەست نەگەیشتووە. ئێمە پارەکەمان لە پارێزەرەکە دەوێتەوە. نووسینگەی پارێزەرەکە و کەسەکەی دیکەش هەردووکیان هاوبەشی یەکن. ئەگەر هاوبەشی یەکدی نەبان، رێگەچارەیەکیان بۆ دەدۆزینەوە. هەر پێمان دەڵێن، باشە و هیچیش نییە." 
 
پارەکەیان لە ئۆفیسی پارێزەرێک رادەستی کەسێک کردبوو. تەلەفۆنی ئەو کەسە ئێستا داخراوە. بەگوێرەی زانیارییەکانی ماڵباتەکە، ئەو کەسە لەسەر چەند سکاڵایەکی دیکە دەستبەسەر کراوە. پارێزەرەکەش دەڵێت، هیچ پەیوەندییەکی بە بابەتەکەوە نییە، "تەنیا ئەوەیە کە لە ئۆفیسەکەم پارەکانیان رادەست کردووە." پارێزەرێکی دیکە لە دهۆک ئەو خەڵکەی کە فێڵیان لێکراوە هاندەدات بۆ ئەوەی سکاڵا تۆمار بکەن و مافەکانیان بەدەستبهێنن. 
 
هێرش رەشید، پارێزەرێکی شاری دهۆکە و دەڵێت، "بەگوێرەی مادەی 456 ئەو سکاڵایە دەکرێت بچێتە چوارچێوەی  فێڵ و تەڵەکەبازییەوە. چونکە ئەمانە رێگەکەیان خۆش پێشاندراوە و پێیانگوتراوە هەمووتان بە فڕۆکە دەبەینە ئەڵمانیا. ئەو کەسانە 50 هەزار بۆ 60 هەزار دۆلار دەخەنە نێو بۆرسەیەکەوە و ئەو شتانەی کە دەڵێن هەمووی پێچەوانە دەبنەوە. تا ئێستا بە دەیان کەیس لە دادگە یەکلاکراونەتەوە و هاووڵاتی تێیدا سەرکەوتوو بوونە." 
 
بەگوێرەی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی دهۆک، لە ساڵی رابردوودا دوو هەزار و 528 سکاڵای پەیوەست بە فێڵکردنەوە لە بنکەکانیان تۆمارکراون.