حکومەتی هەرێمی کوردستان: ئەرکی عێراقە مووچەی مووچەخۆرانمان دابین بکات

25-10-2023
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
نیشانەکردن حکومەتی هەرێمی کوردستان
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

ئەمڕۆ ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە و لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، ئێستا ژمارەی مووچەخۆران و بڕی مووچەکانیان پشتڕاست کراونەتەوە، ئیدی ئەرکی حکومەتی عێراقە مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دابین بکات.

رۆژی چوارشەممە، 25ـی تشرینی یەکەمی 2023، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوەی هەفتانەی بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان؛ قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران و شاندی دانوستاندنکاری هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەغدا کرد، پاش کۆبوونەوەکە حکومەتی هەرێمی کوردستان راگەیێندراوێکی لەبارەی ئەو بڕگانەی لە کۆبوونەوەکە تاوتوێ کرابوون بڵاوکردەوە.

بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، کۆبوونەوەکە لەسەر چەند بڕگەیەک بووە، گرنگترینییان بڕگەی یەکەم بوو کە تایبەت بوو بە ئەنجامی کۆبوونەوەی هاوبەشی رۆژی 18-10-2023 لەنێوان لیژنەی دارایی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیى وەزیری دارایی و ئابووری و ئامادەبوونی وەزیری دارایی و سەرۆکی دیوانی چاودێریی دارایی فیدراڵ، لەلایەن ئەندامانی شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان خرایەڕوو و روونکردنەوەی پێویست بە ژمارە و داتای دروست سەبارەت بە دۆخی دارایی و مووچەی هەرێمی کوردستان پێشکێش کرا.

لەدوای وردبینیکردن و پێداچوونەوە و کۆبوونەوەکانیان لەگەڵ بەغدا، حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت، ئێستا ژمارەی مووچەخۆران و بڕی مووچەکانیان لەدوای وردبینی پشتڕاست کراونەتەوە، ئیدی ئەرکی حكومەتی عێراقی فیدراڵە، بەتایبەت وەزارەتی دارایی، هاوشێوەی ناوچەکانی دیکەی عێراق مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانیش لە کاتی خۆی بنێرێت کە شایستەی یاسایی مووچەخۆرانە.

لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، ئەنجوومەنی وەزیران وێڕای ئەوە پشتیوانی لە پرۆسەی وردبینیی هاوبەشی هەردوو دیوانی چاودێریى دارایی دەکات، بە ئاراستەی خستنەڕووی "راستیيەکان و دڵنیاکردنەوەی هەموو لایەک کە هەرێمی کوردستان، هەروەک هەمیشە شەفافانە، هەموو زانیاری و ژمارەکان دەخاتەڕوو و هیچی نییە بیشارێتەوە، ئەم پرۆسەیەش هەر لەو پێناوەدایە کە هەموو لایەک لە راست و دروستیی داتا و زانیاری و ژمارەکان دڵنیا ببنەوە" و، هیچ بیانوویەک بۆ حکومەتی فیدراڵ نەهێڵنەوە کە بەربەست دروست بکەن لە خەرجکردنی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان.

حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەش کردووە، لە کۆبوونەوەکەی لیژنەی دارایی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، شاندی هەرێمی کوردستان "بە راپۆرتێکی 30 لاپەڕەیی و بە ژمارە و داتای دروست"، وەڵامی سەرجەم پرسیارەکانی تایبەت بە بودجەی هەرێمى کوردستانی دایەوە لەبارەی داهات و خەرجییەکان، نەوت و دەروازە سنووريیەکان و پرۆسەی وردبینیی هاوبەشی هەردوو دیوانی چاودێریی دارایی فیدڕاڵی و هەرێمی کوردستان و میلاکیی گشتی و مووچە.
 
فەریق سڵێمان بەڕێوەبەری گشتی لە دیوانی چاودێریی دارایی هەرێمی کوردستان، بە میوانداری لە کۆبوونەوەکە بەشداربوو، پوختەی رێڕەوی بەڕێوەچوونی پرۆسەی وردبینی هاوبەشی هەردوو دیوانی چاودێریی دارایی خستەڕوو کە لە ساڵی 2023 ئەنجامدراون. 
 
لەو بارەیەوە دیوانی چاودێری دارایی هەرێمی کوردستان، ئاماژەی بە هاوئاهەنگیی وەزارەت و دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان دا بۆ سەرخستنی پرۆسەی وردبینی لە ڕێگه‌ی پێدانی زانیاری و داتای پێویست و پەیوەندیدار بە داهات و خەرجیيەکان و میلاکی گشتی و ئاسانکاریی پێویست بۆ کردنەوەی دەرگای دامەزراوەکان بۆ تیمی هاوبەشی دیوانی چاودێریی دارایی، کە لە ئەنجامدا سێ راپۆرتی هاوبەشی هەردوو دیوانی چاودێری پێشکێش کراون کە یەکەمیان تایبەتە بە داهات و خەرجییەکان بە گشتی و راپۆرتی دووه‌میش سەبارەت بە نەوت، دوایین راپۆرتیش تایبەتە بە میلاکی گشتیی هەرێمی کوردستان و بڕی مووچەکان، لەو راپۆرتەدا دوای وردبینی هەردوو دیوانی چاودێری و دارایی، ژمارەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان و بڕی مووچەکانیان پشتڕاست کراونەتەوە.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیمەنێکی دیدارەکە.

نێچیرڤان بارزانی سوپاسی ئيسماعيل بێشكچى دەکات

نێچیرڤان بارزانی پێشوازی لە ئيسماعيل بێشكچى کرد و لە دیدارەکەدا "سوپاس و پێزانينى گه‌لى كوردستانى بۆ پشتگيرى و به‌رگريكردنى له‌ مافه‌كانى گه‌لى كورد دووپات كرده‌وه‌".