جووتیار و باخەوانانی سێ پارچەی کوردستان لە فێستیڤاڵی بەرهەمی خۆماڵیی بەرواری باڵا بەشدارن

25-10-2023
هیدایەت جان
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

بە بەشداریی 50 جووتیار و باخەوان لە باشوور، باکوور و رۆژهەڵاتی کوردستان، فێستیڤاڵی بەرهەمە خۆماڵییەکان لە بەرواری باڵا لە پارێزگای دهۆک دەستیپێکرد و سەرپەرشتیاری فێستیڤاڵەکەش دەڵێت، "ئامانجمان بەبازاڕکردنی بەرهەمی جووتیار و باخەوانانی کوردستانە".
 
رۆژی چوارشەممە، 25ـی ئۆکتۆبەری 2023، لە دەڤەری بەرواری باڵا لە پارێزگای دهۆک، فێستیڤاڵی بەرهەمە خۆماڵییەکان دەستیپێکرد کە جووتیار و باخەوانانی باکووری کوردستان و رۆژهەڵاتی کوردستانیش تێیدا بەشدارن. فێستیڤاڵەکە سێ رۆژ بەردەوام دەبێت و لە رێوڕەسمی کردنەوەکەیدا، د. عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک رایگەیاند، "ئامانجی فێستیڤاڵەکە تەنیا بەبازاڕکردنی بەروبوومی کشتوکاڵیی بەرواری باڵا نییە، بەڵکو دەمانەوێت ئەم ناوچەیە ببێت بە سەکۆیەک بۆ ساخکردنەوەی بەروبوومی جووتیار و باخەوانانی ناوچەکانی دیکەی کوردستانیش".
 
عەلی تەتەر ئاماژەی بە دوا سەردانی سەرۆک مەسعود بارزانی بۆ پارێزگای دهۆک کرد و گوتی، "لەسەر راسپاردەی سەرۆک بارزانی، کەرتی کشتوکاڵ و گەشتوگوزار بوون بە دوو پرسی لەپێشینەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ پەرەپێدان و گەشەکردنی ئەم ناوچەیە".
 
سێو سەرەکیترین بەرهەمە کە لەو فێستیڤاڵەدا نمایش دەکرێت و بەرهەمەکانی دیکەی وەکو هەنگوین، پەنیر و شیرەمەنییەکانی دیکە، میوەی وشککراو و چەندین بەروبوومی دیکەی کشتوکاڵی لەو فێستیڤاڵەدا نمایش کراون.
 
د. ئەمجەد عوبێد، بەڕێوەبەری باخداریی پارێزگای دهۆک بە ئەیوب نەسری، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداوی لە دهۆک راگەیاند، "ئامانج لە رێکخستنی ئەم فێستیڤاڵە ئەوەیە سەرنجی بازرگانان بخەینە سەر ناوچەکە، لەبەرئەوەی ناوچەی بەرواری باڵا لەڕووی کشتوکاڵی و باخداری و گەشتوگوزارییەوە ناوچەیەکی گرنگە".
 
د. ئەمجەد عوبێد کە ئەندامی لیژنەی ئامادەکاریی فێستیڤاڵی بەرهەمە خۆماڵییەکانی بەرواری باڵایە، گوتی، "ناوچەی بەرواری باڵا لەڕووی بەربوومی کشتوکاڵییەوە دەوڵەمەندە، بەڵام بەردەوام جووتیار و باخەوانی ناوچەکە گازندەی ئەوەیان هەیە کە بەرهەمەکانیان بەبازاڕ ناکرێن. ئەم فێستیڤاڵە دەتوانێت ببێت بە هۆکارێک بۆ بەبازاڕکردنی بەرهەمی جووتیار و باخەوانانی ناوچەکە".
 
رەمزی مایێ یەک لەو باخەوانانەیە کە لە فێستیڤاڵەکەدا بەشداری کردووە، دەڵێت، "سێو لە بەرواری باڵا بەرەو کەمبوونەوە دەچێت، لەبەرئەوەی حکومەت هاوکاریی باخەوانان ناکات بۆ ئەوەی هان بدرێن بەروبوومەکانیان گەشە پێ بدەن".
 
رەمزی مایێ باخی سێوی هەیە و باس لەوە دەکات کە بازاڕی سێو باشە، "بەڵام کەموکوڕیمان لە دابینکردنی دەرمان، پەینی کیمیایی و پێداویستییەکان زۆرە و هاوکاریشمان ناکرێت بۆ دابینکردنیان".
 
بەشداریکردنی جووتیار و باخەوانانی باکوور و رۆژهەڵاتی کوردستان لە فێستیڤاڵی بەرهەمە خۆماڵییەکانی بەرواری باڵا دەرفەت بۆ جووتیار و باخەوانان دەڕەخسێنێت ئەزموونە کشتوکاڵییەکانیان بەیەکەوە ئاڵوگۆڕ بکەن، بەتایبەتی لەبواری باخداریدا.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان

وەزیری دارایی بۆ نوێنەرانی فەرمانبەرانی گرێبەست: بۆ بەهەمیشەییکردنتان چاوەڕوانی بەغداین

وەزیری دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، دۆسیەی بە هەمیشەییکردنی فەرمانبەرانی گرێبەست رەوانەی ئەنجوومەنی راژە کراوە بۆ ئەوەی رێکارەکانی تەواو بکرێت. نوێنەرێکی ئەو فەرمانبەرانەش دەڵێت: "بۆ دامەزراندنمان حکومەتی هەرێمی کوردستان چاوەڕوانی بەغدایە."