دوو رۆژنامەڤانە دەستگیرکراوەکەی سلێمانی ئازاد کران؛ جەمال عەبدوڵڵا: دۆسیەکەم بەلاڕێدا برا
رووداو دیجیتاڵ
دوای دوو رۆژ لە راگرتنیان، دوو رۆژنامەڤانە دەستگیرکراوەکەی سلێمانی ئازادکران. جەمال عەبدوڵڵا کە یەکێک بوو لە دەستگیرکراوەکان و ئەمڕۆ بە کەفالەت ئازادکرا، بە رووداوی گوت "سەرەڕای دەستگیرکردنم و باسکردنی دۆسیەکەم بۆ بەرپرسێکی باڵای یەکێتی، کەچی دۆسیەکەم بەلاڕێدا برا".
رۆژی 23-10-2023 رۆژنامەڤانان جەمال عەبدوڵڵا و عیماد بیلال لە شاری سلێمانی بە تۆمەتی جیاجیا دەستگیرکران، شەوی رابردوو، عیماد بیلال ئازادکرا و ئەمڕۆش جەمال عەبدوڵڵا.
رۆژی چوارشەممە، 25-10-2023، رۆژنامەڤان جەمال عەبدوڵڵا بە رووداوی راگەیاند، دوای دوو رۆژ راگرتن (توقیف) بە کەفالەت ئازادکراوە. گوتیشی، "هەرچەندە بەرپرسێکی باڵای یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان سەردانی کردم و دۆسیەکەم بە وردی بۆ باسکرد، بەڵام بەداخەوە دواتر میدیای یەکێتی بە جۆرێکی دیکە باسیان کرد و گوتیان پەیوەندیی بە کاری رۆژنامەوانییەوە نەبووە".
جەمال عەبدوڵڵا دەڵێت، "من لەسەر لێکەوتەی کاری رۆژنامەڤانی دەستگیرکراوم، لە ساڵانی 2010-2012 کۆمەڵێک بابەت و هەڤپەیڤینم بڵاوکردووەتەوە، هەر ئەوکات لە رێگەی کەسێکەوە هەڕەشەیان لێکردم، کە تەنانەت چەقۆی لێ دەرهێنام، ئەگەر کەسێک نەبووایە لێی دەدام. ئەو کەسە سەر بە لایەنێکی سیاسیی بوو. دواتر هەر ئەویش سکاڵای لەسەرم کرد و گوتی پەلاماری داوم".
جەمال عەبدوڵڵا ئاماژەی بەوەکرد، "لە رابردوودا چەند دانیشتنێکمان لەسەر ئەو دۆسیە کردووە، بەڵام سکاڵاکار ئامادەی دانیشتن نەبووە، بۆیە بە بڕیاری دادوەر، ئەو دۆسیەیە هەڵگیرا. لەم رۆژانەدا من بۆ دۆسیەیەکی دیکە چووم، بەڵام فەرمانێکی دەستگیرکردنیان بۆ دەرکردم لەسەر ئەو دۆسیە کۆنە کە دادوەر خۆی منی ناردبووەوە".
بە گوتەی جەمال عەبدوڵڵا، لە 57 ساڵی تەمەنیدا "جگە لە کاری رۆژنامەڤانی، بۆ هیچ کێشەیەکی دیکە نەچووەتە دادگە" دەشڵێت "ئەم دۆسیەی بۆم زیندووکرایەوە، پەیوەستە بە رۆژنامەڤانییەوە و بە سیاسیی کراوە".
رۆژی دووشەممە، 23ـی ئۆکتۆبەر لە شاری سلێمانی دوو رۆژنامەنووس دەستگیرکران، رۆژنامەنووسێکی دیکەش لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند ماوەی 23 رۆژ دەستگیرکراوە و دواتر ئازادکراوە.
لیژنەی داکۆکی لە ئازادیی رۆژنامەگەری و مافی رۆژنامەنووسان لە سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان لەبارەی دەستگیرکردنی سێ رۆژنامەنووس بە ناوەکانی جەمال عەبدوڵڵا، ئازاد بایز و عیماد بیلال راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و گوتی "ئەم شێوازی دەستگیرکردنە مەترسییە بۆ سەر ئازادیی رادەربڕین و گیانی رۆژنامەنووسان، داواکارین هەرچی زووترە ئەو رۆژنامەنووسانە ئازادبکرێن و بەپێی یاسای رۆژنامەگەری مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت."