لە شەش پارێزگای باکووری کوردستان و تورکیا 11 رۆژنامەڤان دەستبەسەرکران

25-10-2022
هەوار ئیسماعیل
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

لە ئۆپەراسیۆنێكی هێزە ئەمنییەکانی تورکیادا کە لە شەش پارێزگای باکووری کوردستان و تورکیا بەڕێوەچوو، 11 رۆژنامەڤان دەستبەسەر کران.
 
ئۆپەراسیۆنەکە بەیانیی ئەمڕۆ سێشەممە 25ی تشرینی یەکەمی 2022، لەسەر راسپاردەی داواکاری گشتیی ئەنقەرە، لە پارێزگاکانی ئامەد، وان، رووها و مێردینی باکووری کوردستان و ئەنقەرە و ئیستەنبووڵی تورکیا دەستیپێکرد. 
 
هێزە ئەمنییەکان بەیانیی زوو هەڵیانکوتایە سەر چەندین ناونیشان و لە چوارچێوەی دۆسیەیەکدا کە بڕیاری سنووردارکردنی بۆ دەرکراوە، هەر یەک لە "دیرەن یورتسەڤەر" سەرنووسەری ئاژانسی میزۆپۆتامیا، "دەنیز نازڵم"، "سەلمان گوزەل یوز"، "زەمۆ ئاغگۆز"، "بێریڤان ئاڵتان"، "هاکان یاڵچن"، "ئەمروڵڵا ئاجار" و "جەیلان شاهینلی" پەیامنێرانی ئاژانسی میزۆپۆتامیا، لەگەڵ دوو پەیامنێری دیکەی "ژن نیوز" بە ناوەکانی "حەبیبە ئەرەن" و "ئۆزنور دەیەر" دەستبەسەرکران. 
 
ئەو 10 رۆژنامەڤانە کە لە چەند شارێکی جیاجیادا دەستبەسەرکراون، گوازراونەتەوە بۆ شاری ئەنقەرە. پەیامنێرێكی دیکەی "ژن نیوز" بە ناوی "دەریا رەن" لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوە لە دۆسیەیەکی دیکەدا لە شاری ئامەد دەستبەسەرکرا. 
 
دەستبەسەرکردنی ئەو رۆژنامەڤانانە کاردانەی بەدواداهات. پارتی دیموکراتی گەلان - هەدەپە لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تویتەر رایگەیاند، "دەستبەسەرکردنی نایاسایی پەیامنێرانی ئاژانسی میزۆپۆتامیا و ژن نیوز هێمان بۆ ئەو بێ یاساییەیە کە فاشیزم پێیگەیشتووە. ئێمە بە تووندترین شێوە ئەم هێرشانە بۆ سەر کرێکارانی میدیای ئازاد سەرکۆنە دەکەین؛ دەستبەجێ رۆژنامەڤاکان ئازاد بکەن. ئەم هێرشانە دوێنێ ئەنجامیان نەبوو و ئەمڕۆش ئەنجامیان نابێت." 
 
کۆمەڵەی رۆژنامەڤانانی دیجلە فورات لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە دا: پەیامنێرانی "ئاژانسی میزۆپۆتامیا" و "ژن نیوز" کە ئەندامن لە کۆمەڵەکەماندا، لە ئۆپەراسیۆنێکی بەرەبەیاندا دەستبەسەرکراون. لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنەکەدا هێزە ئەمنییەکان هەڵیانکوتایە سەر نووسینگەی ئەنقەرەی ئاژانسی میزۆپۆتامیا. سەرکۆنەی ئەم ئۆپەراسیۆنانە دەکەین کە بەمەبەستی دەمکوتکردنی رۆژنامەڤانان دەکرێن. میدیای ئازاد بەم هێرشانە بێ هیوا نابێت.  
 
بەشی راگەیاندنی کۆنفیدراسیۆنی سەندیکاکانی کرێکارانی شۆڕشگێڕ - دیسک رایگەیاند، "رۆژنامەڤانی تاوان نییە" و داوای کرد دەستبەجێ هاوپیشەکانیان ئازاد بکرێن.   
 
پلاتفۆڕمی ژنانی رۆژنامەڤانی میزۆپۆتامیا لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە دا، "سیاسەتەکانی تۆقاندنی رۆژنامەڤان، هەوڵدەدات لە هەموو لقەکانەوە رۆژنامەڤانان سەرکوت بکات. دوێنێش گوتمان و ئەمڕۆش دەیڵێین، ناتوانن دەنگی رۆژنامەڤانان بێ دەنگ بکەن."
 
سەندیکای رۆژنامەڤانانی تورکیاش رایگەیاند، لەم رۆژانەدا کە یاسای سانسۆر خراوەتە واری جێبەجێکردنەوە، هێزە ئەمنییەکان هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی ژمارەیەکی زۆر رۆژنامەڤان و لەبەرەبەیاندا دەستبەسەریان کردوون. نووسینگەکانیان پشکنراون و رێگە نەدراوە پارێزەرەکان رۆژنامەڤانەکان ببینن. بەم کردەوانە ناتوانن رۆژنامەڤانی بکەنە تاوان. 
 
ئەنجامدانی ئەم ئۆپەراسیۆنە دوای ئەوە هات، رۆژی سێشەممە 18ی تشرینی یەکەمی 2022 بە واژۆی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا یاسای سۆشیاڵ میدیا لە رۆژنامەی فەرمی ئەو وڵاتە بڵاوکرایەوە و خرایە واری جێبەجێکردنەوە. 
 
یاساکە لە 40 ماددە پێکهاتووە، دەسەڵات بە یاسای "بەرەنگاربوونەوەی زانیاریی نادروست" و ئۆپۆزیسیۆنیش بە یاسای "سانسۆر" ناوی دەبات. 
 
لە کارتی دەرکردنی ئەو یاسایە لە پەرلەمانی تورکیا زۆرترین گفتوگۆ لەسەر ماددەی 29ی یاساکە کرا، کە بەپێی ناوەڕۆکەکەی هەر کەسێک زانیاریی نادروست لەبارەی ئاسایشی ناوخۆ و دەرەکی و ئاسایشی گشتی و تەندروستی گشتیی وڵات بڵاوبکاتەوە و ببێتە هۆی دروستکردنی ترس و دڵەڕاوکێ. ئەو کەسە بە یەک ساڵ تاوەکو سێ ساڵ بەندکردن سزا دەدرێت.
 
بەگوێرەی ئەو ماددەیە بێت بەکارهێنەرانی سۆشیاڵمیدیا دەتوانن زیندانی بکرێن بەهۆی بڵاوکردنەوەی ئەو زانیاریانەی کە حکومەت بە "هەواڵی ساختە"ی دەزانێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە