لە سنووری گەرمیان بەهۆی نەبوونی خزمەتگوزاری و وشکەساڵی بەشێکی گوندەکان چۆڵبوون

25-10-2022
هونەر حەمید
  گوندێک لە سنووری گەرمیان. وێنە: رووداو
گوندێک لە سنووری گەرمیان. وێنە: رووداو
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

سەعید کەلووپەلی نێو ماڵەکەی کۆکردووەتەوە و زێدی باوباپیرانی جێ دەهێڵێت بۆ ناحیەی رزگاری لە قەزای کەلار، بەهۆی نەبوونی خزمەتگوزاری و کاریگەریی وشکەساڵی. سەعید فروودی تەمەنی 53 ساڵە و خاوەنی پێنج منداڵە کە قوتابی و خوێندکاری زانکۆن. 
 
سەعید فروود، کە دانیشتوویەکی نەوجوولە خوێندنی منداڵەکانی گواستووەتەوە بۆ کەلار و ناحیەی نەوجوولی سەر بە قەزای کفری بەجێ دەهێڵێت. ئەو دانیشتووەی نەوجوول دەڵێت: چارەم نییە جێی دەهێڵم لەبەر ئەوەی کارەبا نییە لە ناوچەکە و خزمەتگوزارییەکی باش نییە؛ کەس نییە خزمەتی ناوچەکە بکات نە حکومەتی عێراق، نە حکومەتی هەرێمی کوردستان منیش باردەکەم. 
 
نەوجوول لە شارۆچکەوە بۆ گوند ئەمە پێناسەیەکی نوێیە بۆ ئەو ناحیەیەی کە لە ساڵی 1995 لە گوندەوە کرا بە شارۆچکە؛ لە کۆی 67 خێزان تەنیا 24 خێزانی تێدا ماوەتەوە. 
 
فارووق ئەحمەد، دەرچوویەکی زانکۆیە لە ناحیەی نەوجوول و دەڵێت: زانکۆم تەواو کردووە بەشی تەکنەلۆژیای زانیاری کە بەشێکی زۆر باشە، بەڵام ناوچەکەمان لەبەر ئەوەی نە بازاڕی لێیە نە کۆمپانیا نە رێکخراو [ئیشی تێدا دەستناکەوێت]؛ ماوەیەکی دیکە بۆ ئیشکردن دەڕۆم بۆ سلێمانی لە کۆی 100 گەنج نزیکەی 10 گەنجی لێماوە ئەوانیش یان شوانن یان مامۆستا و فەرمانبەرن. 
 
ئەحمەد محەممەد، دانیشتوویەکی نەوجوولە کە خانەنشین بووە و دەڵێت، چەندین جار رۆشتووین بۆ لای پارێزگار و بۆ لای بەڕێوەبەری کارەبا تاوەکو ئێستا بۆیان چاک نەکردووین، خەڵکیش ناچارە باربکات. 
 
هۆکاری بارکردنی هاونیشتمانییانی نەوجوول نەبوونی کارەبا، خراپی رێگەوبان، نەبوونی هەلی کار و خراپی دۆخی ئەمنییە. لەو 24 خێزانەکەی کە لە نەوجوول ماونەتەوە 10 خێزانیان لە خوورماتوو و ناوچەکانی دیکەوە هاتوون. بەڕێوەبەری شارۆچکەی نەوجوول دەڵێت، خەڵک خزمەتگوزاریی دەوێت کە نەبوو باردەکات بۆ شوێنێک کە خزمەتگوزاری تێدابێت. 
 
وەهاب ئەحمەد، بەڕێوەبەری ناحیەی نەوجوول بە رووداوی گوت: رێگری تەنیا بە دابینکردنی خزمەتگوزاری دەکرێت، ئەگەرنا ناکرێت ئێمە رێگربین لە بارکردنی خەڵک. خەڵک باردەکات و بەدوای خۆشگوزەرانیدا دەگەڕێت. کە ناتوانم پێداویستییەکانی بۆ دابین بکەن چۆن بتوانم رێگریی لێبکەم. 
 
جگە لە ناحیەی نەوجوول زۆرینەی گوندەکانی سەر بە ناحیەکە کە ژمارەیان 46 گوندە زیاتر لە نیوەی دانیشتووانەکانیان چۆڵیان کردووە. ژمارەی دانیشتووانی نەوجوول بە گوندەکانی دەوروبەرییەوە لە دوو هەزار و 500 کەسەوە بۆ هەزار و 800 کەس کەمبووەتەوە. 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە