لیژنەی باڵای کۆرۆنا: پرۆسەی خوێندن بەردەوام دەبێت و ماسک دەکرێتە ناچاری

25-10-2021
راوچی حەسەن @Rawchihasan
نیشانەکردن لیژنەی باڵای کۆرۆنا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

کۆبوونەوەی لیژنەی باڵای کۆرۆنا کۆتاییهات و گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، خوێندن لە سەرجەم ناوەندەکانی خوێندن بەردەوام دەبێت و بەستنی ماسک لە سەرجەم فەرمانگەکانی حکومەت دەبێتە ناچاری.
 
د. جووتیار عادل، گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، ژمارەی تووشبووانی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان زۆر بەرزبووەتەوە و دەشڵێت، سەرجەم راسپاردەکانی وەزارەتی تەندروستی پەسندکراون.
 
گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا گوتی، خەڵک پابەندنییە بە رێکارەکان و هەر ئەمەش وایکردووە ژمارەی تووشبوون و مردن بەرەو بەرزبووەوەی زیاتر بچێت.
 
 
1. بەستنی ماسک بۆ ھەموو ئەو کەسانەی ڤاکسینیان وەرگرتووە و ئەوانەی ڤاکسینیان وەرنەگرتووە لە شوێنە داخراوەکان، دەبێتە ناچاری.
 
2. ھەموو فەرمانبەرانی حکومەت بە ھێزەکانی ناوخۆ و پێشمەرگە لەماوەی دوو مانگدا ڤاکسین وەربگرن، بەپێچەوانەوە بەپێی یاسای بەرزەفتی فەرمانبەران، مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت.
 
3. ھەموو ئەوانەی لە کەرتی تایبەت کار دەکەن، پێویستە کارتی ڤاکسینیان ھەبێت.
 
4️. مامۆستا و فەرمانبەرانی قوتابخانە و زانکۆ و پەیمانگەکان، هه‌روه‌ها ئەو قوتابیانەی کە تەمەنیان لە سەرووی 18 ساڵەوەیە، دەبێت تاوەکو 1-12-2021 ڤاکسینیان وەربگرێت.
 
5️. پرسەدانان بەھەموو شێوەیەک قەدەخەیە.
 
6️. پێویستە مامۆستایانی ئایینی ھاوکاربن لە بڵاوکردنەوەی ھۆشیاری و رێنمایی تەندروستی.
 
7. دایکان و باوکان دەتوانن تاوەکو 31-10-2021 بڕیار بدەن کە منداڵەکانیان بچنە قوتابخانە یان بەشێوەی ئۆنلاین بخوێنن.
 
8. لە کۆڕ و کۆبوونەوەکاندا دەبێت بەشداربووان کارتی ڤاکسین یان پشکنینی کۆرۆنایان پێبێت.
 
9. پێویستە پۆلیسی ھاتووچۆ رێکارەکانی تایبەت بە شۆفێر و سەرنشینەکان جێبەجێ بکەن.
 
گوتەبێژی حكومەتی هەرێمی کوردستان، ئەگەر بێت و هاونیشتمانییان پابەندی رێنوێننەکان نەبن ئەوا ئیجرائاتەکان توونتر دەکەین و دەشڵێت "هەر کاتێک ئاستی بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا زیاتر بەرزبووەوە رێکاری دیکە دەگرینەبەر."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە