رووداو دیجیتاڵ
یەکەم فیستیڤاڵی ئەسپی رەسەنی کوردیی لە بۆکان رۆژی سێشەممەی رابردوو بە هەوڵی ئەنجوومەنی سوارچاکانی ئەو شارە و بە بەشداربوونی 35 ئەسپسوار لە پارێزگاکانی ئیلام، کرماشان، سنە و ورمێ لە رۆژهەڵاتی کوردستان و پارێزگای تەورێز، بەڕێوەچوو.
ئەسپی کوردی بە بەهێزییەکەی ناوبانگی پەیداکردووە، پەروەردەکارانی ئەسپ دەڵێن ئەسپی کوردی زۆرتر بۆ کاری سەخت و شەڕ بەکارهاتووە. ئەم فیستیڤاڵەش دەتوانێت جیاوازیی نێوان ئەسپی رەسەنی کوردی و رەگەزەکانی دیکەی ئەسپ لە ئێران دەربخات.
شەیدایانی سوارچاکی و بەخێوکردنی ئەسپ چەند ساڵێکە لە رێگەی فیستیڤاڵەکانی تایبەت بە ئەسپسواری دەیانەوێت رەسەنایەتیی ئەسپی کوردی لە فەوتان بپارێزن و هەر لەو رێگەیەوە ئەو ئەسپە کوردییانەی براونەتە پارێزگاکانی دیکەی ئێران و ناوبانگیان پەیدا کردووە، بیانکێشنەوە بەرچاوی خەڵک، بۆئەوەی زیاتر ئەو رەگەزی ئەسپە بناسنەوە.
فیستیڤاڵەکە لەلایەن ژمارەیەکی زۆر لە هۆگرانی ئەسپی کوردییەوە لە شارەکانی دیکەی رۆژهەڵاتی کوردستانەوە پێشوازیی لێکرا و ئەوانەی نەیانتوانیبوو بەشداری بکەن، بوونی ئەو جۆرە فیستیڤاڵانە بە هەلێکی باش دەزانن بۆ ناساندنەوەی ئەسپی رەسەنی کوردی بە نەوەکانی داهاتوو.
چەند ساڵە لە زۆربەی شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان ناوەندی پەروەردەی ئەسپی رەسەنی کوردی کراوەتەوە و بەشێکی زۆری خەڵک رۆژانە روو لەو ناوەندانە دەکەن بۆئەوەی ببنە سوارچاک.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ