سبەی وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگریی عێراق لە هەولێر کۆدەبنەوە

رووداو دیجیتاڵ
 
ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە رایگەیاند لیوای 20ی هێزی پێشمەرگە دەخرێتە سەر وەزارەتی بەرگریی عێراق، گوتیشی رۆژی سێشەممە شاندێکی وەزارەتی بەرگریی عێراق دەگاتە هەولێر بۆ هەماهەنگیی ئەمنی و سەربازیی نێوان هەرێمی کوردستان و ناوەند.
 
ئەمڕۆ دووشەممە، 25/10/2021، فەریق جەبار یاوەر، ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند:  بڕیارە بەمنزیکانە دوو لیوای هاوبەش لە هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراق پێکبهێنرێن، بەکردەیی و هەنگاوی باش لەمبارەیەوە چوونەتە پێشەوە، دوایینیان فەرمانی دیوانیی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراقە بۆ ئەوەی لیوای 20ی پێشمەرگە بخرێتە سەر وەزارەتی بەرگریی عێراق.
 
فەریق جەبار یاوەر گوتی: "ئەو دوو لیوا هاوبەشە، کە دوای پێکهێنانی ناوەندە هاوبەشەکانی نێوان ئێمە و سوپای عێراق دێت، لەو ناوچانە بڵاودەکرێنەوە کە چەکدارانی داعش کێشەی ئەمنییان بۆ دروستکردووە، ئەوانەش هیڵی پێشمەرگە لەخانەقینەوە بۆ سحێلا و هێڵی سوپای عێراق لە هەمان ناوچە".
 
سەبارەت بە پێکهاتەی ئەو دوو لیوا هاوبەشە، فەریق جەبار یاوەر، ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە گوتی: "دوو لیواکە لە نزیکەی 7 هەزار و 500 چەکدار لە هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراق پێکدێت و زیاتر لە 2 هەزاریان لە لیوای 20ی پێشمەرگە دەبێت و هەموو مەشق و راهێنان و مووچەیان لەسەر وەزارەتی بەرگریی عێراق دەبێت".
 
موستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و فەرماندی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق رۆژی 21/10/2021 فەرمانی دیوانیی ژمارە 89ی کە بریتییە لەوە پێشمەرگەکانی لیوای 20ی هێزەکانی پێشمەرگە لەسەر وەزارەتی پێشمەرگە داببڕێندرێت و بخرێنە سەر وەزارەتی بەرگریی عێراق، هەروەها وەزارەتەکانی بەرگریی و دارایی عێراق ئەرکی دابینکردنە داراییەکان و پلەوەزیفییەکان دەگرنە ئەستۆ.
 
چەبار یاوەر ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد سبەینێ کۆبوونەوەیەک لەنێوان لێژنەی باڵای هەماهەنگی سەربازی و ئەمنیی وەزارەتی پێشمەرگە و فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق لە هەولێر بەڕێوەدەچێت بۆ "باسکردنی دوایین پێشهاتە سەربازی و ئەمنییەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان".
 
ئەمڕۆ دووشەممە 25/10/2021، شۆڕش ئیسماعیل، وه‌زیری پێشمه‌رگه‌ی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: "دۆخی ئێستای ناوچه‌كه‌ پێویستی به ‌لێكتێگه‌یشتنی هه‌مووانه‌ و ده‌بێت ئاڕاسته‌ی كاری هێزه‌كان له ‌عێراق و هه‌رێمی کوردستان بۆ پاراستنی سه‌قامگیری و ئارامی ناوچه‌كه‌ و تێكشكاندنی تیرۆریستان بێت".
 
ئەو قسانەی وەزیری پێشمەگە لەسەرووبەندی پێشوازیكردنی بوو لە جه‌نه‌ڕاڵ دۆسێچ، فه‌رمانده‌ی نوێی ئۆفیسی هه‌ماهه‌نگی هاوپه‌یمانان له‌ عێراق و وه‌فدێكی یاوه‌ری لە وەزارەتەکە.
 
شۆڕش ئیسماعیل، وه‌زیری پێشمه‌رگە گوتی: "وەکو وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ خوازیارین هه‌میشه‌ و به‌رده‌وام په‌یوه‌ندییه‌كی باشمان له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی به‌رگریی عێراقدا هه‌بێت و بڕیاریشه‌ سبه‌ی 26ی 10ی 2021 وه‌فدێكی باڵای وه‌زاره‌تی به‌رگری بگاته‌ هه‌رێم و له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ كۆده‌بنه‌وه‌ بۆ تاوتوێكردنی دوایین هه‌نگاوه‌ كرده‌ییه‌كانی پێكهێنان و ئه‌ركبینینی هه‌ردوو لیوای هاوبه‌شی نێوان وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ و وه‌زاره‌تی به‌رگری له‌و ناوچانه‌ی بۆشایی ئه‌منیان هه‌یه‌."