رووداو دیجیتاڵ
ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە رایگەیاند لیوای 20ی هێزی پێشمەرگە دەخرێتە سەر وەزارەتی بەرگریی عێراق، گوتیشی رۆژی سێشەممە شاندێکی وەزارەتی بەرگریی عێراق دەگاتە هەولێر بۆ هەماهەنگیی ئەمنی و سەربازیی نێوان هەرێمی کوردستان و ناوەند.
ئەمڕۆ دووشەممە، 25/10/2021، فەریق جەبار یاوەر، ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: بڕیارە بەمنزیکانە دوو لیوای هاوبەش لە هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراق پێکبهێنرێن، بەکردەیی و هەنگاوی باش لەمبارەیەوە چوونەتە پێشەوە، دوایینیان فەرمانی دیوانیی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراقە بۆ ئەوەی لیوای 20ی پێشمەرگە بخرێتە سەر وەزارەتی بەرگریی عێراق.
فەریق جەبار یاوەر گوتی: "ئەو دوو لیوا هاوبەشە، کە دوای پێکهێنانی ناوەندە هاوبەشەکانی نێوان ئێمە و سوپای عێراق دێت، لەو ناوچانە بڵاودەکرێنەوە کە چەکدارانی داعش کێشەی ئەمنییان بۆ دروستکردووە، ئەوانەش هیڵی پێشمەرگە لەخانەقینەوە بۆ سحێلا و هێڵی سوپای عێراق لە هەمان ناوچە".
سەبارەت بە پێکهاتەی ئەو دوو لیوا هاوبەشە، فەریق جەبار یاوەر، ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە گوتی: "دوو لیواکە لە نزیکەی 7 هەزار و 500 چەکدار لە هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراق پێکدێت و زیاتر لە 2 هەزاریان لە لیوای 20ی پێشمەرگە دەبێت و هەموو مەشق و راهێنان و مووچەیان لەسەر وەزارەتی بەرگریی عێراق دەبێت".
موستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و فەرماندی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق رۆژی 21/10/2021 فەرمانی دیوانیی ژمارە 89ی کە بریتییە لەوە پێشمەرگەکانی لیوای 20ی هێزەکانی پێشمەرگە لەسەر وەزارەتی پێشمەرگە داببڕێندرێت و بخرێنە سەر وەزارەتی بەرگریی عێراق، هەروەها وەزارەتەکانی بەرگریی و دارایی عێراق ئەرکی دابینکردنە داراییەکان و پلەوەزیفییەکان دەگرنە ئەستۆ.
چەبار یاوەر ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد سبەینێ کۆبوونەوەیەک لەنێوان لێژنەی باڵای هەماهەنگی سەربازی و ئەمنیی وەزارەتی پێشمەرگە و فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق لە هەولێر بەڕێوەدەچێت بۆ "باسکردنی دوایین پێشهاتە سەربازی و ئەمنییەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان".
ئەمڕۆ دووشەممە 25/10/2021، شۆڕش ئیسماعیل، وه‌زیری پێشمه‌رگه‌ی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: "دۆخی ئێستای ناوچه‌كه پێویستی به لێكتێگه‌یشتنی هه‌مووانه و ده‌بێت ئاڕاسته‌ی كاری هێزه‌كان له عێراق و هه‌رێمی کوردستان بۆ پاراستنی سه‌قامگیری و ئارامی ناوچه‌كه و تێكشكاندنی تیرۆریستان بێت".
ئەو قسانەی وەزیری پێشمەگە لەسەرووبەندی پێشوازیكردنی بوو لە جه‌نه‌ڕاڵ دۆسێچ، فه‌رمانده‌ی نوێی ئۆفیسی هه‌ماهه‌نگی هاوپه‌یمانان له عێراق و وه‌فدێكی یاوه‌ری لە وەزارەتەکە.
شۆڕش ئیسماعیل، وه‌زیری پێشمه‌رگە گوتی: "وەکو وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه خوازیارین هه‌میشه و به‌رده‌وام په‌یوه‌ندییه‌كی باشمان له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی به‌رگریی عێراقدا هه‌بێت و بڕیاریشه سبه‌ی 26ی 10ی 2021 وه‌فدێكی باڵای وه‌زاره‌تی به‌رگری بگاته هه‌رێم و له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه كۆده‌بنه‌وه بۆ تاوتوێكردنی دوایین هه‌نگاوه كرده‌ییه‌كانی پێكهێنان و ئه‌ركبینینی هه‌ردوو لیوای هاوبه‌شی نێوان وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه و وه‌زاره‌تی به‌رگری له‌و ناوچانه‌ی بۆشایی ئه‌منیان هه‌یه."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ