عەلی حەمە ساڵح: بەناوی پشکنینی کۆرۆناوە لە خاڵە سنوورییەکان سەدان هەزار دۆلار لە خەڵک وەردەگیرێت
رووداو دیجیتاڵ
پەرلەمانتارێکی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان رایدەگەیێنێت، چەندین کۆمپانیا لە خاڵە سنوورییەکان بەناوی جیاوازەوە، مانگانە نزیکەی 65 ملیۆن دۆلار لە ھاووڵاتیان وەردەگرن و "دەبێت رابگیرێت".
عەلی حەمە ساڵح، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان لە هەژماری خۆی لە فەیسبووک لەبارەی کاری "ئەو کۆمپانیایانەی دەروازە سنوورییەکان" دەڵێت، ئێستا بەناوی پشکنینی کۆرۆنا ئەو کۆمپانیایانە ھەموو رۆژێک سەدان ھەزار دۆلار لە ھاووڵاتیان وەردەگرن، ئەوەش "بە بێ ھیچ سوودێک و بەشێوەی ناڕەوا".
ئەو پەرلەمانتارە دەڵێت، ئەو قسانەی پاش راوێژ لەگەڵ "چەندین پزیشکی پسپۆڕ و هاووڵاتی" کە لە دەروازەکانەوە هاتوونەتە هەرێمی کوردستان، نووسیوە. پێشتریش بە یاداشت داویەتییە بەرپرسانی حکومەتی هەرێمی کوردستان.
عەلی حەمە ساڵح، پێیوایە "کۆرۆنا وەک رێگەیەک بۆ بازرگانی بەکاردێت" و دوای ئاگادارکردنەوەی حکومەتیش، "بەداخەوە وەرگرتنی ئەو پارەیەش بەشێوەیەکی ناڕەوا لە هاووڵاتیان بەردەوامە".
پشکنینی کۆرۆنا لە دەروازە سنوورییەکان بۆ هەر هاووڵاتییەک کە لە تورکیا یان ئێرانەوە بێتە هەرێمی کوردستان، 50 دۆلارە. عەلی حەمە ساڵح ئاماژە بەوە دەکات، ئەو پارەیە بۆ ژمارەیەک کۆمپانیایە.
عەلی حەمە ساڵح باس لەوەشدەکات، ئەو پشکنینە "دەرکەوت نەک سوودی نییە، زیانیشی ھەیە". روونیدەکاتەوە، ئەو ھاووڵاتیە کۆرۆنای ھەبێت یانا نا، داخڵی کوردستان دەبێت و تێکەڵاوی خەڵک دەبێت، لە دەروازە سنوورییەکە پێی دەڵێن، "ئەگەر کۆرۆنات بوو بە نامەیەک ئاگادارت دەکەینەوە، دوای دوو رۆژ، دوای تێکەڵاوبوون لەگەڵ سەدان کەس".
لە دەروازە سنوورییەکان قەرەباڵخییەکی زۆر بەهۆی پشکنینی کۆرۆناوە دروستدەبێت، عەلی حەمە ساڵح دەڵێت، ئەگەر کەسێک کۆرۆناشی نەبێت، ئەگەری زۆر بەھێز ئەوەیە بەھۆی ئەو قەرەباڵخییەوە تووش ببێت. "چەندین کەس گەڕاونەتەوە و ھیچ نامەیەکیان بۆ نەھاتووە و دوای ماوەی دوو رۆژ تووشی کۆرۆناش بوون، گومان دەکرێت ئەمە بە ھۆی تێکەڵاوی بێت لە خاڵی سنووری".
لە کۆتایی یاداشتەکەیدا، عەلی حەمە ساڵح گوتویەتی "ئەم پشکنینە نەک سوودی نییە، هەم زیانی تەندروستی ھەیە و ھەم کاتی ھاووڵاتی بەفیڕۆدەدات".