بەرگری شارستانیی هەولێر: تیمەکانمان ناتوانن بچنە ناوەڕاستی بازاڕی لەنگە

رووداو - هەولێر 

ئەو ئاگرەی بەیانیی ئەمڕۆ لە ناوەڕاستی بازاڕی لەنگەی هەولێر هەڵگیرسا، تائێستا کۆنترۆڵنەکراوە و تیمەکانی بەرگریی شارستانیش ناتوانن بگەنە ناوەڕاستی بازاڕەکە.

عەمید شوان عەبدولقادر، بەڕێوەبەری بەرگری شارستانی هەولێر لە شوێنی رووداوەکەوە قسەی بۆ تۆڕی میدیایی رووداو کرد و رایگەیاند "تائێستا بەتەواوەتی دیار نییە بازاڕەکە چەندی سووتاوە، بەڵام سوپاس بۆ خوا زیانی گیانی نەبووە". 

ئاگرەکە لە کاژێر 04:00ـی بەرەبەیانیی ئەمڕۆ (پێنجشەممە، 25-10-2018) لە ناوەڕاستی بازاڕی لەنگە هەڵگیرسا و بەگوتەی عەمید شوان "تەنیا ناوەڕاستی بازاڕەکە ئاگری تێدا ماوە، تیمەکانمان ناتوانن بچنە ژوورەوە چونکە سەقفی دووکانەکان سووتاو و رووخاوە، بەداخەوە هاووڵاتییان و خاوەن دووکانەکانیش رێگەمان نادەن کاری خۆمان بکەین ئەگەر رێگەیان بدایە، لە کاژێری یەکەمەوە ئاگرەکە کۆنترۆڵدەکرا و دەکوژێنرایەوە".

بازاڕی لەنگەی هەولێر بەجۆرێکە کە دووکانەکانی بچووکن و کووچەکانی تەسکن و وەکو عەمید شوان دەڵێ "هیچ سیستەمێکی ئاگرکوژێنەوەی تێدا نییە، ناچارین سۆندە لەدوای سۆندە لەیەکدی بخەین بۆ ئەوەی بگەینە ناوەڕاستی بازاڕەکە هەرچەندە ئەم کارەش ئەستەمە بەهۆی رووخانی سەقفی دووکانەکان".

خاوەنی دووکانەکان بەهۆی سووتانی دووکانەکانیانەوە زۆر توڕەن، بەجۆرێک وەکو بەڕێوەبەریی بەگریی شارستانیی هەولێر رایگەیاند: بەداخەوە لەجێگەی دەستخۆشی، زۆربەی کارمەندەکانی ئێمە ئەمڕۆ لەلایەن خاوەنی دووکانەوە لێیاندراوە، چونکە هەرکەسێک هاواری کردووە دووکانی ئەو بکوژێنێتەوە بۆیە توڕەبوون و لە کارمەندەکانمانیان داوە".

 

داڕشتنەوە: هەڵات رێبوار