فێستیڤاڵی هەنار لە هەڵەبجە بەڕێوەچوو

رووداو-هەڵەبجە

ھەنارە ترش و مێخۆشەکانی ھەڵەبجە و شارەزوور و ھەورامان لە چوارەمین فیستیڤاڵی ھەنار لە پارێزگای ھەڵەبجەدانرابوون، جووتیارەکان بەرھەمی ھەناری ئەمساڵیان لەبەردەم ھاونیشتمانیان نمایشکرد.


لەنێو فێستیڤاڵەکەدا سەعدی ئەحمەد پیرە لە ھەولێرەوە بەتایبەت ھاتبوو بۆ ئەوەی تامی ھەنارە مێخۆشەکەی ھەڵەبجە بکات و دەڵێت: "من زۆر حەزم لە ھەنارە و ھەموو ساڵێک دێم بۆ ئەم فێستیڤاڵە".

فیستیڤاڵەکە لە نێو باخچەیەکی شاری ھەڵەبجە کرابوویەوە و ھاونیشتمانیان لە شار و شارۆچکەکانی کوردستانەوە ھاتبوون بۆ ئەوەی بەشداریی لە فێستیڤاڵەکە بکەن و ھەناری ھەڵەبجەش بکڕن.

لەنێو فێستیڤاڵەکە ھەشت جۆری ھەنار نمایشکرابوون ھەناری شیرینی سپی و ھەناری شیرینی سوور و ھەناری ساڵەخانی و کاوانە و مەلەسی و لارەشە.

بەرھەمی ئەمساڵی ھەنار لە ھەڵەبجە و شارەزوور و ھەورامان، زیاتر لە 30 ھەزار تۆن بووە لە نێو 3500 دۆنم زەووی لەو ناوچەیەدا.

پێداچوونەوە؛ عومەر شایان