ئاگرەکەی بازاڕی لەنگەی هەولێر دوای سووتانی نیوەی بازاڕەکە کۆنترۆڵکرا

رووداو - هەولێر 

ئاگرێکی گەورە لە بازاڕی لەنگەی هەولێر کەوتەوە و بەخێرایی زۆربەی دووکانەکانی سووتاند، دوای سووتانی 1200 دووکان (نیوەی دووکانەکانی بازاڕەکە) ئاگرەکە لەڕێگەی بەکارهێنانی هەلیکۆپتەر و لەدوای بارینی بارانێکی بەلێزمە، کۆنترۆڵکرا. 

پەیامنێری رووداو لە شوێنی رووداوەکە رایگەیاند، ئاگرەکە بەشێوەیەکی بەرچاو تەشەنەی سەندووە و تیمەکانی ئاگرکوژێنەوەش بە چەندین ئۆتۆمبێلی ئاگرکوژێنەوە سەرقاڵی کوژاندنەوەین.

خاوەن دووکان و فرۆشگەکان کەلوپەل و کاڵاکانی نێو دووکانەکانیان دەردەکەن بۆ ئەوەی بەتەواوی نەسووتێن، بەڵام هەر ئەوە بەگوتەی هادی سەلیمی، پەیامنێری رووداو کێشەیەکی دیکەی دروستکردووە، چونکە بوونەتە رێگر لەبەردەم کاری تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە لەوەی بەتەواوەتی کاری خۆیان ئەنجام بدەن.

هەرچەندە ئاگرەکە زۆر گەورەیە و دووکەڵیشی زۆربەی شەقامەکانی نزیکی بازاڕەکەی گرتووەتەوە، بەڵام هەموو دووکانەکان نەسووتاون؛ ئاگر بەشێکی دووکانەکانی لای چەپی بازاڕەکەی نەگرتووەتەوە.

 

 تیمەکانی بەرگری شارستانی ناتوانن بچنە ناوەڕاستی بازاڕەکە

عەمید شوان عەبدولقادر، بەڕێوەبەری بەرگری شارستانی هەولێر لە شوێنی رووداوەکەوە قسەی بۆ تۆڕی میدیایی رووداو کرد و رایگەیاند "تائێستا بەتەواوەتی دیار نییە بازاڕەکە چەندی سووتاوە، بەڵام سوپاس بۆ خوا زیانی گیانی نەبووە". 

ئاگرەکە لە نێوان کاژێر 03:30 بۆ 04:00ـی بەرەبەیانیی ئەمڕۆ (پێنجشەممە، 25-10-2018) لە ناوەڕاستی بازاڕی لەنگە هەڵگیرساوە، بەگوتەی عەمید شوان "تەنیا ناوەڕاستی بازاڕەکە ئاگری تێدا ماوە، تیمەکانمان ناتوانن بچنە ژوورەوە چونکە سەقفی دووکانەکان سووتاون و رووخاون، بەداخەوە هاووڵاتییان و خاوەن دووکانەکانیش رێگەمان نادەن کاری خۆمان بکەین ئەگەر رێگەیان بدایە، لە کاژێری یەکەمەوە ئاگرەکە کۆنترۆڵدەکرا و دەکوژێنرایەوە".
 
 

ئاگرەکە لەڕێگەی هەلیکۆپتەر کۆنترۆڵدەکرێت

نەبەز عەبدولحەمید، قایمقامی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "راستەوخۆ دوای ئاگادارکردنەوەمان گەیشتینە شوێنی رووداوەکە، بینیمان ئاگرێکی زۆر بوو، دەتوانم بڵێم لەو 2400 دووکانەی لەنێو ئەو بازاڕە هەبوون، نیوەیان سووتاون، کاسبکارەکانی نێو بازاڕەکەش ئەوەی پێیانکراوە توانیویانە بەشێک لە کەلوپەلەکانیان دەربهێنن، ئەوەی دیکە سووتاوە".

لەبەرئەوەی بازاڕەکە شوێنی ئەوەی نییە ئۆتۆمبێلەکانی ئاگرکوژێنەوە بگەنە ژوورەوە، هاوکات قوڵاییەکی زۆری هەیە و کەوتووەتە نێوان هەردوو شەقامی 40 مەتری و 100 مەتریی هەولێر، گەیشتن بە قوڵاییەکەی ئاسان نییە بۆیە قایمقامی هەولێر دەڵێ "دوامانکردووە لە رێگەی هەلیکۆپتەرەوە ئاو بەو شوێنانەدا بکرێت کە سۆندەکانی ئاگرکوژێنەوەی پێی ناگەن".

بازاڕی لەنگە پێکهاتووە لە دوو هەزار و 400 دووکان، پێشتر لە شوێنێکی دیکە بوو و 10 ساڵ پێش ئێستا گواستراوەتەوە ئەو شوێنەی ئێستای. 

 



 


داڕشتنەوە: هەڵات رێبوار