هەفتەى داهاتوو کۆمەڵ و یەکگرتوو بانگەشەی جەماوەری لە هەولێر دەکەن

 
 
رووداو دیجیتاڵ 

بە دوو کۆبوونەوەى لایەنگرانیان لە هەولێرى پایتەختى هەرێمى کوردستان، کۆمەڵى دادگەرى و یەکگرتووى ئیسلامى کوردستان بانگەشەی جەماوەری بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان دەکەن.

هێمن ئەسکەندەر، بەرپرسی دەزگەی هەڵبژاردنی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: دووشەممە 30ى ئەیلوول بانگەشەى هەڵبژاردنى یەکگرتوو بە فەرمى لە هۆڵى ئەوتار لە هەولێرى پایتەختى هەرێمى کوردستان دەست پێدەکات.
 
هێمن ئەسکەندەر ئاماژەى بەوەدا کە گردبوونەوەى لایەنگرانى یەکگرتوو بە بەشدارى سەلاحەددین بەهادین، ئەمنیدارى گشتى یەکگرتووى ئیسلامى کوردستان دەبێت و وتارێک پێشکێش دەکات.
 
لە هەر چوار بازنەى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان، یەکگرتووى ئیسلامى کوردستان 63 بەربژێریان هەیە.
 
کۆمەڵى دادگەرى کوردستانیش بڕیاریداوە گردبوونەوەى جەماوەرى لایەنگرانى لە هەولێرى پایتەختى هەرێمى کوردستان بکات بۆ دەستپێکردنى فەرمى بانگەشەى هەڵبژاردن.
 
بێستوون حەمەساڵح، بەرپرسی دەزگاى هەڵبژاردن و ئامارى کۆمەڵى دادگەرى کوردستان، بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: یەکشەممە 29ى ئەیلوول لەهەولێرى پایتەختى هەرێمى کوردستان بە بەشدارى عەلی باپیر، سەرۆکی کۆمەڵی دادگەری کوردستان، گردبوونەوەى فەرمى جەماوەرى بۆ دەستپێکردنى بانگەشە دەکەن و 5ى تشرینى یەکەمیش لە سلێمانى دەیکەن.
 
20ى تشرینى یەکەم دیاریکراوە بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان، دوو رۆژ بەر لەوە دەنگدانى تایبەت بۆ هێزە ئەمنییەکان دەکرێت. هەڵمەتی بانگەشەش تاوەکو 15ی ئۆکتۆبەر رێگەپێدراوە.