ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە هەمیشەییکردنی فەرمانبەرانی گرێبەستی پەسند کرد

رووداو دیجیتاڵ 

ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆیدا بە هەمیشەییکردنی فەرمانبەرانی گرێبەستی پەسندکرد و داوا لە حکومەتی فیدراڵ دەکات رەزامەندی لەسەر بدات.
 
ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان رۆژی چوارشەممە، 25-09-2024 بە سەرپەرشتیی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەت و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەت کۆبوونەوە.
 
لە کۆبوونەوەکەدا چەند پرسێک تاوتوێکران و حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت: "بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوە، تایبەت بوو بە گفتوگۆکردن لەسەر دۆسیەی فەرمانبەرانی گرێبەست و دەرچووانی سێ یەکەمی لە زانکۆ و پەیمانگاکانی هەرێم و هەڵگرانی بڕوانامە باڵاکان و ئەوانەی کە یاسای پلەبەندی خاوەن پیشەی تەندروستی و پزیشکی دەیانگرێتەوە."
 
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە: "بە شێوەیەکی مەبدەئی [ئەنجوومەنی وەزیران] بابەتی بەهەمیشەییكردنی فەرمانبەرانی گرێبەستی پەسند کرد بە هەمان ئەو مەرج و میکانیزم و رێکارانەی کە حکومەتی فیدڕاڵ لەمبارەیەوە پەیڕەویان دەکات، بەگوێرەی پێداویستی و تایبەتمەندیی دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان."
 
"وەزارەتی دارایی و ئابووری و ئەنجوومەنی گشتی راژەی هەرێمی کوردستان راسپێردران کە رێکاریی پێویست بگرنەبەر بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی دارایی عێراقی فیدراڵ و لە چوارچێوەی هەمان تەرخانکراویی ئێستای مووچەی فەرمانبەرانی گرێبەست کە لە لایەن وەزارەتی دارایی عێراق مانگانە خەرج دەکرێت." حکومەتی هەرێمی کوردستان وا دەڵێت.
 
رۆژی 25ـی ئابی 2024، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بریاری دا وانەبێژان بکرێنە گرێبەست. لەدوای ئەو بڕیارە فەرمانبەرانی گرێبەست داوایان ئاراستەی لایەنی پەیوەندیدار کرد تاوەکو بکرێنە هەمیشەیی. 
 
سیراج بارزانی، سەرۆکی ئەنجوومەنی گشتیی راژە و ئامانج رەحیم، سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران وردەکاریی ئەو بڕگەیەیان بە زانیاریی و ژمارەی پێویست و چوارچێوەی یاسایی و دارایی بابەتەکە خستەڕوو. ئاماژەیان بە رۆڵی بەرچاوی هێزی کاری فەرمانبەرانی گرێبەست لەنێو دامودەزگاکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە "خاوەنی ساڵانێکی زۆری خزمەتن و هەندێکیان بەرپرسیاریێتی بەڕێوەبردنیشیان پێ دراوە."
 
سەرۆکی ئەنجوومەنی گشتیی راژە و سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران رەواییان بە داوایان بۆ بەهەمیشەییبوون لەسەر میلاکی گشتی دا.