مەسرور بارزانی بۆ لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق: نابێت مووچە وەکو کارتی گوشار بەکاربهێنرێت

رووداو دیجیتاڵ 

حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ شاندی ئەندامانی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق کۆبووەوە، سەرۆکی حکومەت رایگەیاند: "نابێت مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان وەکو کارتێکی سیاسی و فشار بەکاربهێنرێت."
 
رۆژی چوارشەممە، 25ـی ئەیلوول مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە شاندی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراقی راگەیاند: "لە دامەزراندنی فەرمانبەرانی نوێ ، پێویستە هەرێمی کوردستانیش، وەک هەموو بەشەکانی دیکەی عێراق، بە پێی یاسای بودجەی فیدراڵ، مافی دامەزراندنی فەرمانبەرانی نوێی هەبێت."
 
"پێویستە بە شێوەیەکی دادپەروەرانە رەفتار لەگەڵ هەرێمی کوردستان بکرێت و وەک هەموو ناوچەکانی دیکەی عێراق، ماف و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان بەبێ هیچ ئاستەنگ و گرفتێک بدرێت." بەگوێرەی راگەیێندراوی حکومەتی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی وای بە شاندەکەی عێراق گوتووە.
 
سەرۆکی حکومەت جەختیکردەوە، کە ئەگەر نیازپاکی و رێز لەیەکتر گرتن و لەبەرچاوگرتنی سیستمی فیدراڵی و قەوارەی دەستووری هەرێمی کوردستان هەبێت، کێشەکان بە ئاسانی چارەسەر دەبن.
 
گوتیشی: "ئێمە دەمانەوێت باشترین پەیوەندیمان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ هەبێت و پێویستە هەموومان کار لە پێناو خزمەتکردنی هاووڵاتییانمان بکەین."
 
سەرۆکی حکومەت دووپاتیکردەوە کە هەرێمی کوردستان، پابەندە بە جێبەجێکردنی ئەرکەکانی و داوای پاراستنی مافەکانی دەکات وەک لە دەستووردا هاتووە و پێویستە ماددەکانی دەستوور، هەمووی وەکو خۆی و وەک یەک پاکێج جێبەجێ بکرێت.
 
حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت، مەسرور بارزانی لە کۆبوونەوەکەدا باسی لە زیانەکانی راگرتنی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان کردووە و رایگەیاندووە: "زیاتر لە 19 ملیار دۆلار زیان بە هەرێمی کوردستان و بودجەی گشتیی فیدراڵ کەوتووە، بۆیە پێویستە لە زووترین کاتدا، هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان دەستپێبکاتەوە."
 
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان داواشی کردووە، کار لە سەر دەرکردنی یاسایەکی تایبەت بە نەوت و گازی فیدراڵ بکرێت.
 
عەتوان عەتوانی، سەرۆکی لیژنەی دارایی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئامانجی هاتنی شاندەکەیانی ئاشکرا کرد و رایگەیاند: دەیانەوێت "بە شێوەیەکی جدی و بنەڕەتی، چارەسەری کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا و بە تایبەتی کێشە داراییەکان بکرێت."
 
سەرۆکی لیژنەی دارایی باسی لەوەشکردووە کە شاندەکە دوو رۆژ کۆبوونەوەکانیان لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە هەولێر بەردەوام دەبێت.