شاندێکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لە هەولێر بابەتی مووچە و دۆسیەی نەوت تاوتوێ دەکات

25-09-2024
سۆران حوسێن
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

شاندێکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لە شاری هەولێر لەگەڵ هەریەک لە سەرۆک مەسعود بارزانی و مەسرور بارزانی کۆبووەوە. مووچە، بودجە، دۆسیەی نەوت و خاڵە سنوورییەکان لە کۆبوونەوەکەدا تاوتوێکران.
 
سامر زیبان، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق و بەشدار لە شاندەکە رۆژی چوارشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "کەشی کۆبوونەوەکە ئەرێنی بوو، باسی دەروازە سنوورییەکان، داهاتی نانەوتی و دۆسیەی نەوتمان کرد".
 
بە گوتەی ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، لە کۆبوونەوەکەدا پابەندبوون بە رێککەوتنەکان بە گوێرەی دەستووری عێراق دووپاتکراوەتەوە.
 
شاندەکە لەگەڵ مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستانیش کۆبوووەوە. سامر زیبان دەڵێت، "دۆسیەی نەوت، مووچە و خانەنشینی و دەروازە سنوورییەکان لە کۆبوونەوەکەدا تاوتوێ کران".
 
ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی، کە هاوکات پەرلەمانتاری فراکسیۆنی سادیقونە بە سەرۆکایەتی قەیس حەزعەلی، گوتی: "لیژنەکەمان دەیەوێت بابەتی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لە هەموو بابەتێکی سیاسیی دوور بخاتەوە".
 
سامر زیبان گوتیشی، کۆبوونەوەکانیان بەردەوام دەبێت و بڕیارە لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستانیش کۆببنەوە.
 
بە گوێرەی زانیارییەکانی رووداو، شاندەکەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، سبەی بەجیا لەگەڵ وەزیرانی دارایی و سامانە سرووشتییەکان کۆدەبنەوە. هەر سبەی لەگەڵ دیوانی چاودێریی دارایی هەرێمی کوردستان کۆدەبنەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە