وەزارەتی رۆشنبیری: هەر کەناڵێک پێشێلکاری بکات رێکاری یاسایی بەرامبەری دەگرینەبەر

25-09-2024
مالیک محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، نابێت کەناڵەکان رێگەبدەن زمانی زبر و تۆمەت بەخشینەوە لە شاشەکانیانەوە بڵاوببێتەوە.
 
ئەمڕۆ چوارشەممە 25ی ئەیلوولی 2024، نامیق هەورامی، گوتەبێژی وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "هەر کەناڵ و دەزگایەکی میدیایی ببێتە سەکۆی بڵاوکردنەوەی گوتاری رق و کینە، زمانی زبر، ناوزڕاندن و تۆمەت بەخشینەوە، رێکاری یاساییان بەرامبەر دەگرینەبەر."
 
گوتیشی، "رێکارە یاساییەکان لە ئاگادار کردنەوە دەستپێدەکات، تاوەکو دەگاتە سزای پێبژاردن و لە ئەگەری بەردەوامیدان بە پێشێلکاری و کارە نایاساییەکە، رێکارەکان تا راگرتنی پەخشی کەناڵەکە تووند دەبێت."
 
گوتەبێژی وەزارەتی رۆشنبیری ئاماژە بەوەش دەکات، "ئەوان مامەڵە لەگەڵ شاشەی کەناڵ و دەزگاکان دەکەن، هەر بۆیە پێویستە کەناڵەکان بزانن کە کێ دەهێننە سەر شاشەکانیان و کێ دەکەن بە میوانی بەرنامەکانیان، نابێت کەسانی تۆمەتبەخش و ناوزڕێنەر لە شاشەکان مۆڵەتی قسەکردنیان پێبدرێت."
 
دەقی پەیامەکەی وەزارەتی رۆشنبیری و لاوان لە بارەی هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان:
 
بەبۆنەی دەستپێکردنی وادەی هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، وێڕای پیرۆزبایی لە گەلی کوردستان بە بۆنەی سەرکەوتنی ئیرادەی شەرعییەتی پەرلەمانیی و تەواوکردنی ئامادەکارییەکانی پڕۆسەی هەڵبژاردن، بۆ بەرچاو و روونی دامودەزگاکانی راگەیاندن و لە پێناو پارێزگاری لە کەشی دیموکراسی و ئازادی رادەربڕین و پاک راگرتنی ژینگەی میدیایی بە پێویستی دەزانین ئەم چەند خاڵە بخەینەڕوو:
 
1- پارێزگاری لە کەشوهەوای دیموکراتی لە ماوەی هەڵمەتی بانگەشەدا، ئەرکی سەرجەم لایەنە بەشداربووەکان، کاندید و دامودەزگاکانی ڕاگەیاندنە. بۆیە گرنگە هەموو لایەک پابەندی ڕێنمایی و وادە دیاریکراوەکانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بن.
 
2- گرنگە دامودەزگاکانی راگەیاندن رۆژنامەنووسان پابەندی بنەما ئیتیکی و یاساییەکانی کاری ڕۆژنامەنووسی بن و خۆیان لە پێشێلکردنی ئەو بنەمایانە بەدوور بگرن.
 
3- پێویستە هیچ کەناڵ و دەزگایەکی میدیایی نەبێتە سەکۆی بڵاوکردنەوەی گوتاری رق و کینە و زمانی زبر لە گەیاندنی پەیامەکانی بەکار نەهێنێت و نەبێتە سەکۆی ناوزڕاندن و تۆمەتبەخشینەوە.
 
4- رێزگرتن لە سیمبوڵ و پیرۆزییە ئایینی و نیشتمانیی و نەتەوەییەکانی هەرێمی کوردستان و تێکەڵنەکردنیان بە هەڵمەتی بانگەشە؛ دەستەبەری پارێزگاری لە ئاشتیی کۆمەڵایەتی دەکات.
 
5- بڵاوکردنەوەی هەواڵی ساختە، زانیاری چەواشەکراو و چاندنی تۆوی ڕق و کینە، لێکەوتەی مەترسیداری لەسەر گیانی پێکەوەژیانی ئاشتیانە و ئاسایشی دەروونی تاک و کۆمەڵگە دەبێت.
 
6. بەکارهێنانی منداڵان لە بەرهەمی هونەری و ئاهەنگ و چالاکییەکانی تایبەت بە بانگەشە، پێچەوانەی بنەماکانی مافی منداڵە، هەروەها بەکارهێنانی کەسانی بەخشراو بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن و کۆکردنەوەی لایک و ڤیو دژبەری مافەکانی مرۆڤە.
 
7. بەکارهێنانی زمانی زبر و ئەدەبیاتی قۆناغەکانی ڕابردووی ژیانی سیاسیی خزمەت بە بەرژەوەندی باڵای گەلەکەمان و سەرخستنی پڕۆسەی دیموکراتی ناکات. لە بری ئەوە باشترە لیست و قەوارەکان کار بۆ خستنەڕووی بەرنامەی خۆیان لە هەڵبژاردن بکەن.
 
8. ئیرادەی دەنگدەر ڕێزلێگیراوە و دەستوەردان لە ژیانی تایبەتی و ناچارکردنی بەوەی بڕیاری لە رۆژی دەنگدان ئاشکرا بکات، پێچەوانەی بنەماکانی مافی مرۆڤە.
 
9. تێکەڵکردنی گوتاری بانگەشەی هەڵبژاردن بە گوتاری ئایینی، پێچەوانەی گیانی دیموکراتییە. بۆیە گرنگە ئایین بۆ "تەحریم" و "تەجریم"ـی بەشداریی هاوڵاتیان لە پڕۆسەی دیموکراتی بەکارنەهێنرێت.
 
10. لە کاتی بانگەشەدا هێرشکردن و سوکایەتی بە دەنگدەران و دانیشتوانی ناوچەیەکی دیاریکراو و توێژە جیاجیاکانی کۆمەڵگە، کاندیدان بەگشتی و ژنە کاندیدەکان بەتایبەتی، پێکهاتە ئایینی و نەتەوەییەکان پێشێلکاری یاسا و ئیتیکی کاری رۆژنامەنووسییە.
 
بڕیارە 20ی مانگی داهاتوو هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەبچێت؛ کۆمیسیۆن 173 تیمی چاودێریی لە هەرێمی کوردستان پێکهێناوە بۆ تۆمارکردنی سەرپێچییەکان؛ چوار ناوەندیی لە هەر چوار پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان هەیە بۆ وەرگرتنی راپۆرتی پێشێلکارییەکان.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیمەنێکی قەڵای هەولێر.

توێژینەوەیەک: ژیان لە هەولێر وەکو ئەوە وایە رۆژانە دوو پاکەت جگەرە بکێشیت

سەرۆکی رێکخراوی ئاییندە بۆ پاراستنی ژینگە لە هەرێمی کوردستان دەڵێت، "هەولێر دووەم پیسترین شاری عێراق و یەکەمی هەرێمی کوردستانە و وەکو ئەوە وایە کە رۆژانە هەر تاکێکی شاری هەولێر دوو پاکەت جگەرە بکێشێت".