بە ئامادەبوونی سەرۆک بارزانی پارتی کارنامەی خۆی رادەگەیێنێت

25-09-2024
هەڵۆ کاکەوەیس @halo_kakawais
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

بە ئامادەبوونی سەرۆک بارزانی، پارتی دیموکراتی کوردستان لە شاری هەولێرەوە دەست بە بانگەشەی ھەڵبژاردن دەکات و بەربژێرانی پارتی لە رێوڕەسمەکەدا بەشدار دەبن.
 
کرمانج عیزەت، بەرپرسی لقی26ی پارتی دیموکراتی کوردستان لە بووڵتەنی کاژێر 12:00ی تۆڕی میدیایی رووداو، کە سەنگەر عەبدولڕەحمان پێشکێشی دەکات، رایگەیاند، "ئەمڕۆ لە رێوڕەسمێکی گەورەدا بە ئامادەبوونی سەرۆک بارزانی بانگەشەی هەڵبژاردنی پارتی دەستپێدەکات، بەرنامە و پلانی پارتی بۆ هەڵبژاردن رادەگەیێندرێت."
 
بەپێی ‌ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان، لەو رێوڕەسمەدا سەرۆک بارزانی گوتارێک پێشکێش دەکات و لەدوای ئەوە پارتی بانگەشەیەکی فراوان لە هەموو ناوچەکان دەستپێدەکات.
 
 
کرمانج عیزەت گوتیشی، "پەیامەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەبارەی هەڵبژاردن زۆر بەرپرسیارانە بوو، لەناو هەموو ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە پرۆسەیەکی دیموکراتی ئەنجام دەدەین، بە دیموکراتی گرفتەکانمان یەکلادەکەینەوە، بۆ ئەوەی ئەو بۆشاییە یاساییەی دروست بووە پڕی بکەینەوە و پەیامێکی گرنگ بوو، روانگەی نێچیرڤان بارزانی روانگەی پارتیشە."
 
ئەو بەرپرسەی پارتی دەڵێت، "قوڵبوونەوەی رکابەری لایەنەکان وایکردووە بە چاوێکی دیکە چاو لەم هەڵبژاردن بکرێت، پارتی لەم هەڵبژاردنە دەیەوێت بە گرنگتر و بەیاخترەوە بەشداری دەکەین و ئەم هەڵبژاردنە جیاواز دەبێت و هەڵبژاردنێکی چارەنووسسازە."
 
لەبارەی دۆخی هەرێمی کوردستانەوە دەشڵێت، "پارتی بەرپرسیارێتی لەسەر شانە و بەرپرسیارانە دەچینە نێو هەڵبژاردنەوە و بوونی پارتی بەهێزەوە بۆ هەرێمی کوردستان گرنگە."
 
سەبارەت بە دۆخی پارتی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، کرمانج عیزەت رایگەیاند، "بە ئەندازەی پێشوو کورسیی خۆمان دەهێنینەوە، ئەگەر باشتریش نەبین."
 
بانگەشەی هەڵبژاردن بۆ ماوەی 20 رۆژ بەردەوام دەبێت لە شەوی رابردووەوە و تاوەکو رۆژی 15ی ئۆکتۆبەری 2024.
 
بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان هەزار و 191 کەس کە پێکهاتوون لە 823 پیاو و 368 ژن، خۆیان بۆ بەدەستهێنانی 100 کورسیی پەرلەمان بەربژێر کردووە، کە پێنجیان کۆتای تورکمان و کریستیانن. 38 کەسیش خۆیان بۆ پێنج کورسیی کۆتاکە بەربژێر کردووە کە 20یان تورکمان و 18یان کریستیانن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە