یەکێتیی زانایان: نابێ قورئان و موقەدەساتی ئایینی بکرێنە بەشێك لە پڕۆسەی هەڵبژاردن
رووداو دیجیتاڵ
لەگەڵ دەستپیکردنی بانگەشەی هەڵبژاردن، یەکێتیی زانایانی ئاینیی ئیسلامیی کوردستان پەیامێک ئاراستەی هاونیشتمانیان و لایەنە سیاسییەکان دەکات و دەڵێت: "نابێت مزگەوت، قورئان و موقەدەساتی ئایینی کە موڵکی هەموو موسڵمانانی کوردستانن بکرێنە بەشێک لە پڕۆسەی هەڵبژاردن." وەزارەتی ئەوقافیش دەڵێت: "بەکارهێنانی پەرستگاکان بۆ بانگەشە، بە هەموو شێوەیەک قەدەخەیە".
ئەمڕۆ چوارشەممە، یەکێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامیی کوردستان، لە راگەیێندراوێكدا هەڵوێستی خۆی لەبارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بڵاوکردەوە و داوادەکات، هەموو لایەك لە کاتی هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردن دەست بە بەها مرۆیی و نیشتمانییەکانەوە بگرن و لە کەش و هەوایەکی ئارام و دوور لە زمانی زبر و تەخوینکردن و سووکایەتیکردن پرۆسەکە بەڕێوەبەرن. "گیانی برایەتی و تەبایی بپارێزن، چونکە هەر هەنگاوێکی نەشیاو رەنگدانەوەی بەسەر پەروەردەی تاکەکانەوە دەبێت و سیمای شارستانیی گەلەکەشمان لەکەدار دەکات".
یەکێتیی زانایان، هۆشداری دەدات لەوەی کە "نابێت مزگەوت، قورئان و موقەدەساتی ئایینی کە موڵکی هەموو موسڵمانانی کوردستانن بکرێنە بەشێک لە پڕۆسەی هەڵبژاردن و پێویستە پیرۆزییان رابگیرێت، ئەگەرنا زەرەرمەندی یەکەم پێگەی ئایین و پیرۆزییەکانە، بۆیە پێویستە هەموو لایەک پابەند بن بە رێنماییەکانی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردن و لایەنە پەیوەندارەکان بۆ ئەوەی بانگەشەی هەڵبژاردن لە کەشێکی ئارام بەڕێوەبچێت".
هاوکات، نەبەز ئیسماعیل، گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینیی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "هەر کەسێک مزگەوت یان پەرستگە بۆ بانگەشە بەکاربهێنێت، کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی لێ ئاگادار دەکەینەوە و ئەوانیش بەپێی یاسای دیاریکراو، سزای دەدەن".
بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، هەزار و 191 کەس کە پێکهاتوون لە 823 پیاو و 368 ژن، خۆیان بۆ بەدەستهێنانی 100 کورسیی پەرلەمان بەربژێر کردووە، کە پێنجیان کۆتای تورکمان و کریستیانن. 38 کەسیش خۆیان بۆ پێنج کورسیی کۆتاکە بەربژێر کردووە کە 20یان تورکمان و 18یان کریستیانن.
بڕیارە 20ی مانگی داهاتوو هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەبچێت؛ کۆمیسیۆن 173 تیمی چاودێریی لە هەرێمی کوردستان پێکهێناوە بۆ تۆمارکردنی سەرپێچییەکان؛ چوار ناوەندی لە هەر چوار پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان هەیە بۆ وەرگرتنی راپۆرتی پێشێلکارییەکان.