مەسرور بارزانی بڕیاریدا؛ دووسایدی هەولێر - کۆیە جێبەجێ دەکرێت

 
رووداو دیجیتاڵ

بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، زەنگی دەستپێکی ساڵی نوێی خوێندن لە کۆیە لێدرا. سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لەبارەی بانگەشەی هەڵبژاردن بۆ خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان قسەی کرد و گوتی، "هیوادارین حیزبەکان بانگەشەیەکی ئارام و شارستانییانە دەست پێبکەن."
 
ئەمڕۆ چوارشەممە 25ی ئەیلوولی 2024 مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان زەنگی دەستپێکی ساڵی نوێی خوێندنی لە کۆیە لێدا و لە گوتارێکدا رایگەیاند، "دەستپێکردنی ساڵی نوێی خوێندن لە هەموو قوتابی و مامۆستایانی هەرێمی کوردستان پیرۆز بێت. مامۆستایان هەمیشە لە ریزی پێشەوەی خزمەتکردنی گەل و وڵاتەکەمان بوون بەوەی نەوەیەکی نوێ پەروەردە دەکەن."
 
مەسرور بارزانی لە قوتابخانەی نەجیبەخانی جەلیلزادە زەنگی دەستپێکی ساڵی نوێی خوێندنی لێدا و گوتی، "نەجیبەخان پێش 100 ساڵ وەک یەکەمین کچ بۆ قوتابخانەیەکی تێکەڵاو نێردرا، کە لەو سەردەمەدا بابەتی جیاوازیی رەگەزی نەوەک تەنیا لە کوردستان، بەڵکو لەسەر ئاستی دونیا شتێکی زۆر زەق و دیار بوو، بەڵام بە ناردنی نەجیبەخان بۆ قوتابخانەیەکی تێکەڵاو، سەردەمێکی نوێ دەستی پێکرد. کۆیە هەر لە دێرزەمانەوە مەڵبەندی زانست، مەعریفە، شیعر، پێگەیشتن و پێشکەوتن بووە و خەڵکی زۆر زانا و گەورەی تێدا هەڵکەوتووە."
 
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان گوتیشی، "ئەمڕۆ رۆژی پیرۆزی ریفراندۆمیشە؛ هەر بەو بۆنەیەوە دەستخۆشی ئەم رۆژە پیرۆز و مێژووییە لە هەموو خەڵکی کوردستان دەکەم."
 
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە گوتارەکەیدا دوو بڕیاری بۆ خەڵکی کۆیە و دەوروبەری دەرکرد و رایگەیاند، "لە چەند رۆژی داهاتوودا دەست بە دروستکردنی جووت سایدی هەولێر - کۆیە دەکەین، کە خواستێکی دێرینی خەڵکی کۆیە و هەولێر بووە." گوتیشی، "دەزانم لە ساڵی 2012وە هەوڵ دراوە و بەردی بناخە بۆ ئەم رێگەیە دانراوە، بەڵام بە هۆکاری جیاواز جێبەجێ نەکراوە، بڕیاری ئەوەمان داوە لە چەند رۆژی داهاتوودا دەست بە ئەنجامدان و تەواوکردنی ئەم پڕۆژەیە بکەین."
 
مەسرور بارزانی لە بڕیارێکی دیکەیدا بۆ خەڵکی کۆیە گوتی، "بڕیارمان داوە بە بەقەزاکردنی ناحیەی تەقتەق وەکو یەکێک لە کۆنترین ناحیەکانی کوردستان، کە ئەمەش یارمەتیدەرێکی زۆر باش دەبێت بۆ خەڵکی ناوچەکە و بارگرانیی ئیداری لەسەر شاری کۆیە کەم دەکاتەوە، تایبەتمەندییەکی زیاتریش بە تەقتەق دەدرێت. هیوادارم ئەمە بکەوێتە خزمەتی هەموو هاونیشتمانییانی کوردستان، بەتایبەتی خەڵکی کۆیە و تەقتەق."
 
بە بڕیاری کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، ئەمڕۆ چوارشەممە، 25-09-2024، بانگەشەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دەستی پێکرد کە تاوەکو 15-10-2024 بەردەوام دەبێت.
 
مەسرور بارزانی لەو بارەیەوە قسەی کرد و گوتی، "هیوادارین حیزبەکان بانگەشەیەکی ئارام و شارستانییانە دەست پێ بکەن و هەموو لایەک رەچاوی ئەوە بکەن کە بەرژەوەندیی باڵای وڵاتەکەمان لەسەرووی هەموو بەرژەوەندییەکی دیکە بێت. دەبێت دەستنیشانکردنی نوێنەران بۆ ئەوە بێت کە زیاتر خزمەتی گەل و وڵاتەکەمان بکەن و هەموو مافەکانی خەڵکی خۆمان دەستەبەر بکەن."