ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی تاوتوێی بڕیارەکەی دادگەی فیدراڵیی عێراق دەکات

25-09-2023
سۆران حوسێن
نیشانەکردن ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی دادگای فیدراڵی
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

دادگەی فیدراڵیی عێراق، دوێنێ ئەنجوومەنی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستانی هەڵوەشاندەوە. سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانیش دەڵێت، ئەمڕۆ بڕیارەکە تاوتوێ دەکەن؛ دەشبێت وردەکاری بڕیارەکە لە دادگەوە بنێردرێت بۆ سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، دواتر دەزانن کاریگەریی لەسەر بڕیارەکانی رابردوو دەبێت یان نا.
 
رۆژی دووشەممە، 25ـی ئەیلوولی 2023، ئازاد حەمەئەمین، سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئەمڕۆ گفتوگۆ لەنێو خۆماندا دەکەین و بڕیارەکەی دادگەی فیدراڵی تاوتوێ دەکەین؛ تەنیا گفتوگۆیە و ناتوانین کۆبوونەوەی یاسایی بکەین."
 
ئازاد حەمەئەمین گوتی، "دەبێت لە رۆژانی داهاتوودا بڕیارەکە و وردەکارییەکانی لەلایەن دادگەی فیدراڵییەوە بنێردرێت بۆ سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان؛ لەوێوە دەنێردرێت بۆ ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان و ئەوانیش بە فەرمی ئاراستەی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی دەکەن".
 
لەبارەی پابەندبوون بە بڕیارەکەوە، سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی گوتی، بڕیارەکانی دادگەی فیدراڵی نە تەمیز دەکرێنەوە و نە تانەیان لێدەدرێت، "تەنیا رێگە، پابەندبوونە پێیانەوە."
 
لەبارەی هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی شەش ساڵی رابردووی ئەنجوومەنی پارێزگاکان، کە چەندین بەڕێوەبەری ناحیە، قایمقام و پارێزگار لە هەرێمی کوردستان گۆڕدراون، ئازاد حەمە ئەمەین گوتی، "لەگەڵ شارەزایانی دادگە و پسپۆڕانی دەستوور قسەم کردووە، بە گوتەی ئەوان ئەم بڕیارەی دادگەی فیدراڵی، بڕیارەکانی رابردووی ئەنجوومەنی پارێزگاکان ناگرێتەوە."
 
ئازاد حەمەئەمین ئاماژەی بەوەش کرد، بەهۆی بڕیارەکەی دادگەی فیدراڵییەوە ناتوانرێت هیچ گۆڕانکارییەکی کارگێڕی لە هەرێمی کوردستان بکرێت. گۆڕینی پارێزگار، قایمقام یان بەڕێوەبەری ناحیەکان ئەنجام نادرێت، چونکە پێویستی بە دەنگدانی ئەنجوومەنی پارێزگا هەیە.
 
عەلی رەشید، سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر دوێنێ یەکشەممە، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "دانیشتنی دادگەی فیدراڵی لەسەر ئەنجوومەنی پارێزگاکان نەبووە و لەسەر پەرلەمانی کوردستان بووە، کە یاسای ژمارە 2ـی ساڵی 2019ـی بە نادەستووری لە قەڵەم داوە".
 
سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر ئاماژەی بەوەکرد، "ئێمە لەگەڵ بڕیارەکەدا دەکەوینە بۆشایی یاساییەوە".
 
دەبووایە 23ـی حوزەیرانی 2018 هەڵبژاردن بۆ ئەنجوومەنی پارێزگاکان بکرایە، بەڵام ناکۆکییە سیاسییەکان رێگربوون لە بەڕێوەچوونی.
دوایین هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان لە هەرێمی کوردستان لە 30ـی نیسانی 2014 بەڕێوەچوو.
 
بڕیارەکەى دادگەى باڵاى فیدڕاڵى لەسەر سکاڵایەکی شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکى جووڵانەوەى نەوەى نوێ و سرووە عەبدولواحید، سەرۆکى فراکسیۆنى ئەو جووڵانەوەیە لە پەرلەمانى عێراق درا.
 
یاسای ژمارە 2ـی ساڵی 2019 کە هەمواری یەکەمی یاسای ژمارە 3ـی ساڵی 2009یە و لە کۆبوونەوەیەکی 8ـی تەمموزی 2019ـی پەرلەمانی کوردستاندا هەموارکراوەتەوە، لە مادەی دووەمی یاساکەدا هاتووە: "بەدەر لە حوکمی بڕگەی (دووەم) لە مادەی 14ی یاساکە، ئەم خولەی ئەنجوومەنی پارێزگاکان لە پیادەکردنی تایبەتمەندییەکانیان لەکاتی کۆتاییهاتنی ماوەی یاسایین تاوەکو هەڵبژاردنی خولێکی نوێی ئەنجوومەن بەردەوام دەبن".

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە