ئەندامێکی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی راگیرا

رووداو دیجیتاڵ 

لەسەر سکاڵای وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان، دادگەی لێکۆڵینەوەی قەزای کەلار بڕیاری راگرتنی بۆ ئەندامێکی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی دەرکرد، پارێزەری ئەو ئەندامەش دەڵێت: "سبەی سێشەممە داوای ئازادکردنی  دەکەین بە کەفالەت."
 
رۆژی دووشەممە، 25-9-2023، کاوە لەتیف، پارێزەری کەریم عەلی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "مانگی رابردوو وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان بەپاساوی ئەوەی لە بەرنامەیەکی تۆڕی میدیایی رووداو ناوی زڕاندوون، سکاڵایەکی لەسەر کەریم عەلی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی تۆمار کرد، ئەمڕۆ دادگەی لێکۆڵینەوەی کەلار دوای گوێگرتن لەو ئەندامە بڕیاری راگرتنی بۆ دەرکرد تاوەکو ئەو کاتەی بڕیاری کۆتایی لەبارەی ئەو دۆسییەیەوە دەردەچێت."
 
کاوە لەتیف گوتی: "ئێمە بەپێی یاسا دەتوانین داوای ئازادکردنی کاک کەریم عەلی بە کەفالەت بکەین، بۆیە رۆژی سێشەممە، 26ـی ئەیلوول داواکارییەک پێشکێشی دادوەر دەکەین و ئەگەر قایل بێت ئەوا ئازادی دەکات."
 
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد بریکارەکەی لە دادگە گوتوویەتی هەموو ئەو قسانەی لە بەرنامەکەی کەناڵی رووداو کردوونی "راستیین" و لێیان پەشیمان نییە.
 
رۆژی 17-08-2023 کەریم عەلی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆدا گوتی: "11ـی ئاب لیژنەیەک لەلایەن وەزارەتی دارایی عێراقەوە سەردانی دەروازەی پەروێزخانی کرد بۆ چاودێریکردنی دەروازەکە، بەڵام چەندین تانکەر لە لیژنەکە شاردرابوونەوە. لە رێگەی ئەو کۆمپانیایانەی کە کاری گواستنەوەی نەوت و پاشماوەی پاڵاوگەی نەوی دەکەن رۆژانە نزیکەی 700 بۆ 800 تانکەر لە دەروازەکەوە دەچنە دیوی ئێران."
 
کەریم عەلی گوتبووشی "بەگوێرەی ئەو بەڵگانەی بۆ ئێمە نێردراون، ئەو رۆژەی لیژنەکە هاتووە، ئەو تانکەرانە لەو ناوچەیە ونکراون و کراونەتە دیوی ئێران؛ ئەوانەش کە نزیک بوون لە دەروازەکە، ئاگادارکراونەتەوە کە لەوێ نەمێنن و بچنە ئەو رێگانەی لە دەروازەکەوە دیارنین. ئەو شتانەی لە دەروازەکەوە دەنێردرێن نایاسایی و قاچاخن، ئەگەر وا نییە بۆچی لە لیژنە دەشاردرێنەوە؟"
 
 
رۆژی دووشەممە، 28-08-2023، کەریم عەلی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی لە پشکی بزووتنەوەی گۆڕان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "بەهۆی ئەو گوتانەم لەبارەی شاردنەوەی تانکەرەکانی پەروێزخان لە کەناڵی رووداو، وەزارەتی دارایی بەگوێرەی مادەی 2ـی خراپبەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندیکردن، سکاڵایان لەسەر تۆمارکردووم."