رووداو دیجیتاڵ
مەلا بەختیار رایگەیاند، بەشداری لە کۆنگرەی پێنجەمی یەکێتیی نیشتمانی کوردستاندا ناکات و دەڵێت: "ئۆباڵی نەچوونی من و ئەندامانی ئەنجوومەنی باڵا بۆ کۆنگرە لە ئەستۆی بافڵ تاڵەبانییە." باس لە دیدارێکیشی لەگەڵ سەرۆکی یەکێتیدا دەکات کە "جگە لە گفتوگۆ هیچ ئەنجامێکی دیکەی نەبوو."
رۆژی دووشەممە، 25ـی ئەیلوولی 2023، مەلا بەختیار، ئەندامی ئەنجوومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندییەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە ڤیدیۆیەکدا کە دوو رۆژ بەر لە کۆنگرەی یەکێتی، لە فەیسبووکی خۆی بڵاوی کردەوە، هۆکاری بەشدارینەکردنی لە کۆنگرەی پێنجەمی یەکێتیدا رووندەکاتەوە و ئۆباڵەکەی دەخاتە ئەستۆی "مەکتەبی سیاسی یەکێتی و بافڵ تاڵەبانی" و دەشڵێت؛ "ئەوانەی بوون بە ئەندامی کۆنگرە زۆربەیان دەستنیشانکراون و بە هەڵبژاردن نەچوونەتە کۆنگرە".
مەلا بەختیار رایگەیاند؛ "رای گشتی و لایەنە سیاسییەکان ئێستا چاودێری چۆنێتیی بەڕێوەچوونی کۆنگرەی پێنجەمی یەکێتی دەکەن و تەنیا ئەو ئەندامانەی یەکێتی نەبێت کە کەرامەتی سیاسی و حیزبییان لا گرنگ نییە، ئەوانی دیکە خەمێکی گەورە دایگرتوون بەرامبەر رێوشوێنی کۆنگرەکە".
رۆژی 20ـی ئابی 2023، بە سەرپەرشتیی بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، مەکتەبی سیاسیی حیزبەکە لە کەرکووک کۆبووەوە، لە کۆبوونەوەکەدا بڕیاردرا رۆژی 27ی ئەیلوولی 2023 (کە دەکاتە رۆژی چوارشەممەی ئەم هەفتەیە) کۆنگرەی پێنجەمی یەکێتی ببەسترێت.
مەلا بەختیار ئاماژە بە چۆنیەتی ئەندامبوون لە کۆنگرەی پێنجەمی یەکێتی دەکات و دەڵێت، ئەوانەی بە رێوشوێنی تایبەتی دەرچوون، دەزانن کە بە مافی دیموکراسیی خۆیان نەبوونەتە ئەندام، بەڵکو بە راسپاردە و رێوشوێنی تایبەت دەریانچوواندوون و ئەوانەش کە دەرنەچوون، لە تێکۆشەرە باشەکانیان زۆر تێدایە و لەسەر هەڵوێست وەرگرتن دەرنەچوون و لەسەر ئەوە دەرنەچوون، کەرامەتی سیاسیی خۆیان نەفرۆشتووە."
دیدارێک لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی
ئەو ئەندامەی ئەندامی ئەنجوومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندییەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان باس لە دیدارێکی لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی دەکات و دەڵێت: "زیاتر لە سەعات و نیوێک قسەمان کرد، ئەو پێیوایە یەکێتی دۆخی زۆر باشە، یەکگرتووە، لە هەڵبژاردن سەرکەوتنێکی گەورە بەدەستدەهێنێت و پێیوایە هەموو دەوڵەتان لێی رازین و سیاسەتەکانی تەواون، باسی لەوەشکرد کە دوو مانگی دیکە سەردانی تورکیا دەکات و کێشەکانیان لەگەڵ چارەسەر دەکات، بەڵام ئەنجامێکی پێچەوانەمان بینی".
مەلا بەختیار لەبارەی دیدارەکەی لەگەڵ سەرۆکی یەکێتیی نیستمانی کوردستان گوتیشی: "دیدارەکەمان جگە لە گفتوگۆ هیچ ئەنجامێکی دیکەی نەبوو بۆ ئەوەی بتوانم بڕیار بدەم، خەڵکی دیکەش جاوەڕوانیان دەکرد ئەو گفتوگۆیە بگاتە ئەنجام، بەڵام ئەنجامی نەبوو."
سەبارەت بە چارەنووسی ئەنجوومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندییەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە کۆنگرەی داهاتوودا، مەلا بەختیار گوتی: "بەنیازن 21 کەس بۆ 31 کەس بکەنە ئەندامی ئەنجوومەنی باڵا و خۆیان کێیان بوێت بیهێننە نێو ئەنجوومەنەکە، من گوتم پرۆژەکە بۆ ئێمە بنێرن با ئێمەش وەکو ئەنجوومەنی باڵا هەڵیسەنگێنین و ئەوکاتە بڕیارێک بدرێت و لەسەر رێکبکەوین، بەڵام پرۆژەکەیان نەنارد و بڕیاریش بوو ئەندامانی ئەنجوومەنەکە بێن بۆ لام، ئەوانیشیان نەنارد".
مەلا بەختیار ئۆباڵی رێکنەکەوتنیان لەگەڵ یەکێتی و بەشدارینەکردنی خۆی و "هەڤاڵان"ی لە ئەنجوومەنی باڵادا دەخاتە ئەستۆی "مەکتەبی سیاسی یەکێتی و بەتایبەتی هەڤاڵ بافڵ تاڵەبانی" و دەشڵێت؛ "لە پشتی ئەمەوە کێ دەست و دەوری هەیە، دەیانسپێرم بە خودا".
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، مەلا بەختیار رەخنە لە چۆنیەتی بەڕێوەچوونی کۆنگرەی پێنجەمی یەکێتی دەگرێت و بەراوردی دەکات بە کۆنگرەکانی سەردەمی سەرۆکایەتیی جەلال تاڵەبانی و دەڵێت: "تەنانەت رەچاوی رێوشوێنەکانی پێڕەو و پرۆگرامی پەسندکراوی کۆنگرەی چوارەمیش نەکراوە، تەنانەت بە خەڵکیان گوتووە دەنگ مەدەن بە ئەندامانی بنەماڵەی شەهیدان و کەمترین ئەندام لە بنەماڵەی شەهیدان بۆ کۆنگرە دەرچوون تەنیا لەسەر ئەوەی رەخنەیان لە گوزەرانی کەسوکاریان گرتووە."
بە گوتەی مەلا بەختیار، "هەڵبژاردن نەبووە، بەڵکو دەستنیشانکردن بووە و بڕیاریان داوە و کەس نەیتوانیوە لەو بڕیارانە دەربچێت، زۆر بە دەگمەن خەڵکێک هەبوون بۆ کۆنگرە دەربچن لە هەندێک مەڵبەند کە هەر لە سەرەتاوە کەمتر تەکەتول کاری لێکردوون".
"یەک بابەت نییە لەنێو حکومەتدا یەکێتی بڵێت منی تێدا نەبووم"
ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندییەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەبارەی پەیوەندییەکانی ئێستای یەکێتی نیشتمانی کوردستان گوتی: "یەکێتی ئێستا لەوپەڕی لاوازی و دابەزینی دەنگەکانیدا هەموو دەرگاکانی رێککەوتنی نەک لەگەڵ رەوتەکانی دەرەوەی یەکێتی، لەگەڵ رەوتەکانی نێو یەکێتیش داخستووە و ئەمەش زەنگێکی مەترسیدارە".
مەلا بەختیار پێیوایە بەهۆی ئەو سیاسەتەی سەرکردایەتیی یەکێتی لە حکومەت و نێوخۆی حیزبەکەیاندا پەیرەویان کردووە، "یەکێتی بووە بە بەشێک لە شکستی حکومەت و بەشێک لە شکستەکانی حکومەت لە ئەستۆی یەکێتییە و ناتوانێت لێی دەربچێت، لەبەر ئەوەی یەک بابەتیش نییە لەنێو حکومەتدا یەکێتی بڵێ منی تێدا نەبووم."
مەلا بەختیار دۆخی ئێستای نێو یەکێتی بە "خراپ" وەسف دەکات و دەڵێت، ئەو دۆخە کاریگەری سیاسەتەکانی یەکێتی، نەبوونی دادپەروەری، گەندەڵی و نەبوونی ژیانی حیزبایەتییە لەنێو یەکێتیدا و ئەوەش رەنگدانەوەی لەنێو یەکێتیدا هەبووە و ناڕەزایەتی گەورەی لێ کەوتووەتەوە و بە ئاسانیش چارەسەر نابێت".
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا مەلا بەختیار باسی لەوەکرد؛ "لە ئەنجوومەنی نێو مەڵبەندەکانی یەکێتی لە 80 بۆ 90 کادیری تێکۆشەر و بە ئەزموون، رێگەیان داوە تەنیا یەک کەسیان بچێتە کۆنگرە، بەڵام هەڤاڵ بافڵ بەتەنیا بۆی هەیە 100 کەس بباتە کۆنگرەوە و بۆی هەیە لیستی ئەندامانی سەرکردایەتی، مەکتەبی سیاسی، ئەنجوومەنی راوێژکاری دابنێت و دەشیویست قەناعەت بە ئێمە بهێنێت ئەندامانی ئەنجوومەنی باڵاش دابنێت."
مەلا بەختیار دەڵێت لە دیدارەکەیدا لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی ئەگەر 25٪ قەناعەتی کردبا کە دەتوانم خزمەت بکەم و بڕیاری باش بدات و رێگە لە بڕیاری خراپ بگرێت، بەشداری کۆنگرەی دەکرد، "بەڵام گەیشتمە قەناعەتێک کە هیچم پێ نەدەکرا."
مەلا بەختیار دەشڵێت، "ئامانجی کۆنگرە دروستکردنی ئەو ئۆرگانانەیە کە کتومت بە قسەیان دەکەن و هەناسەبڕینی ئازادییە لەنێو ئەو کادرانەی نان و بودجەیان بڕیون و دووریان خستوونەتەوە و بە رواڵەت لە ئەنجوومەنی کارتۆنی دایانناون و ئینجا کاک لاهوور و ئەو کەسانەی لەگەڵ ئەون، بە تەواوەتی دەخرێنە دەرەوەی یەکێتی کە ئەمەش هەڵەیە. لە هەڵبژاردنی کوردستاندا دەبینین چ کاردانەوەیەک بۆ یەکێتی نیشتمانی کوردستان دروستدەکات و بە زۆری پاڵیان بە لاهور شێخ جەنگییەوە نا لیستی خۆی دروستبکات و دڵنیام دروستیشی دەکات".
لە کۆتایی پەیامە ڤیدیۆییەکەیدا مەلا بەختیار داوای یەکڕیزی و کاری هاوبەشی نێوان پارتی و یەکێتی دەکات و دەڵێت؛ "پەیمانی ستراتیژی نێوان یەکێتی و پارتی لەلایەن یەکێتییەوە هەڵوەشێنرایەوە، ئەو کەسانەی ناو یەکێتی پەیمانەکەیان هەڵوەشاندەوە کە موزایەدەیان بەرامبەر پارتی دەکرد" و تاوانباریشیان دەکات کە بۆ موزایەدەکردنەکانیان "پارەیان لە زانیاری وەردەگرت".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ