دادگەى فیدراڵیی عێراق: درێژکردنەوەى تەمەنی ئەنجوومەنى پارێزگاکان دژی مادەیەک و دوو بڕگەى دەستوور بووە

25-09-2023
هەستیار قادر
نیشانەکردن دادگەی فیدراڵی
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

دادگەى باڵاى فیدراڵیى عێراق رایگەیاند، درێژکردنەوەی تەمەنی ئەنجوومەنى پارێزگاکانى هەرێمى کوردستان دژی مادەیەک و دوو بڕگەى دەستوور بووە. راوێژکارێکی یاسایی پەرلەمانى کوردستانیش دەڵێ، دەبوو دادگەکە گوێ لە نوێنەرى یاساییان بگرێت، بەڵام بەبێ ئەوە بڕیاریداوە.
 
24ـی ئەیلوولى 2023، دادگەى باڵاى فیدراڵیى عێراق لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەى بەوە دا، مادەى دووى یاساى ژمارەى 2ـی ساڵى 2019ـى هەمووارى یەکەمى یاساى ئەنجوومەنى پارێزگاکان نادەستوورییە و، بە دژی مادەى شەش و دوو بڕگەى مادەى دووى دەستوورى زانیوە.
 
یەکێک لە بڕگەکانى ئەو هەموارە ئاماژە بەوە دەکات "کارى ئەنجوومەنى پارێزگاکان لەکاتى کۆتاییهاتنى ماوەى یاساییان، بەردەوام دەبێت تاوەکو هەڵبژاردنى خوولێکى نوێى ئەنجوومەن."
 
مادەى شەشى دەستوور کە دادگەى باڵاى فیدراڵى دەڵێت: درێژکردنەوەکە لە دژى بووە، ئاماژە بەوەدەکات "دەبێت مافى دەستاودەستکردنى ئاشتییانەى دەسەڵات بە دیموکراسییانە بێت"، خاڵى بی و جیمى بڕگەى یەکەمى مادەى دووى دەستووریش، کە پاساوێکى دیکەى دادگەیە بۆ بڕیارەکە، ئاماژە بەوەدەکات "نابێت یاسایەک دەربکرێت، پێچەوانەى بنەماکانى دیموکراسی و ماف و ئازاداییە بنەڕەتییەکان بێت کە لە دەستووردا هاتووە".
 
بڕیارەکەى دادگەى باڵاى فیدڕاڵى رۆژی یەکشەممە دەرکرا، لەسەر بنەماى سکاڵایەک بوو شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکى جووڵانەوەى نەوەى نوێ و سرووە عەبدولواحید، سەرۆکى فراکسیۆنى ئەو جووڵانەوەیە لە پەرلەمانى عێراق لە دژى مادەى دووى هەمووارى یەکەمى یاسای ئەنجوومەنى پارێزگاکان تۆماریان کردبوو.
 
24ـی ئەیلوولى 2023، وەعدى مزوورى، راوێژکارى یاسایى پەرلەمانى کوردستان بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، "لە دانیشتنى رابردووى دادگەدا، داوامانکرد بۆ دانیشتنى ئەمڕۆ نوێنەرى یاسایی پەرلەمان بەرگرى خۆى پێشکێش بکات، بەڵام بە بێ گوێگرتن لە بەرگرییەکە دادگە بڕیارى داوە."
 
وەعدى مزوورى گوتیشى "کێشەیەک لە سکاڵاکەدا هەبوو، کە کاتێک گوتراوە ئەو هەمووارەى یاسای ئەنجوومەنى پارێزگاکان نادەستوورییە، باس لەوە نەکرابوو، لە دژى کام مادەى دەستوورە." 
 
لە 30ـی نیسانی 2014 هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانى هەرێمى کوردستان بەڕێوەچوو، دەبوو 23ـی حوزەیرانی 2018 هەڵبژاردن بۆ ئەنجوومەنی پارێزگاکان بکرایە، بەڵام بەهۆى ناکۆکیی سیاسى ئەو وادەی تێپەڕى و هەڵبژاردن نەکرا، بۆیە لەڕێگەى هەمووارى یاساکەوە تەمەنى ئەنجوومەنەکانى ئێستا دێژکرایەوە. 
 
سەرچاوەیەکى ئاگادار لە دادگەى باڵاى فیدراڵى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، "دادگە تەنیا بڕیارەکەى بە زارەکى داوە و بڕیارە لە یەک دوو رۆژى داهاتوودا بڕیارەکە چاپ بکرێت و لە وردەکارییەکەیدا دەردەکەوێت ئەو بڕیارانەى لە دواى کۆتاییهاتنى ئەنجوومەنى پارێزگاکان دەرکراون، هەڵدەوەشێنرێنەوە یان نا."

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە