پێکهێنانی ژیانی هاوژینی کچێکی کریستیان و کوڕێکی موسڵمان لە دهۆک کاردانەوەی لێدەکەوێتەوە

25-09-2022
ناسر عەلی
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

له‌ دهۆک كچێكى كریستیان له‌گه‌ڵ كوڕێكى موسڵمانى دانیشتووی زاخۆ ژیانى هاوژینی پێکهێنا. هه‌ردوو هاوژینەکە ده‌ڵێن، "خه‌ڵك ده‌ستخۆشییان لێکردووین." هەروەها کچەکە ده‌ڵێت، سه‌ره‌تا به‌شێک له‌ كه‌سوكاره‌كانی ناڕازیبوون، بەڵام ئێستا پیرۆزباییان لێدەکەن. 
 
رۆژی دووشەممە 19-09-2022، له‌ دادگەی دهۆک پێکهێنانی ژیانی هاوژینی لە نێوان كچێكی رۆژنامەڤانی كریستیان به‌ناوى مێرى زه‌ید و پارێزه‌رێكى دانیشتووی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ به‌ناوى ئه‌یاد سه‌عدى تۆمارکرا. 
 
هەروەها رۆژى شەممە 24-09-2022، وێنه‌ و ڤیدیۆى ژیانی هاوژینی هه‌ردووکیان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکرانەوە. 
 
مێرى زه‌ید به‌ رووداوی گوت، "چوار ساڵه‌ ئێمه‌ لە په‌یوه‌ندیداین له‌گەڵ یەکدی. سه‌ره‌تا خێزانەکەم رازینه‌ده‌بوون، به‌ڵام ورده‌ ورده‌ هەڵوێستیان گۆڕدرا، پێش ئه‌وه‌ی ژیانی هاوژینی پێکبهێنین دایک، باوک و براکانم هه‌موویان رازیبوون دواتر چووینە دادگە و ئێستاش زۆرینەیان پەیوەندییان پێوەکردووین و پیرۆزباییان کردووە." 
 
لەبارەی هەڵوێستی دایک و باوکییەوە، ئەو کچە رۆژنامەڤانە گوتی، "ئێستا رۆژانە دایک و باوکم پەیوەندیم پێوەدەکەن و دەڵێن، ئاگاداری خۆتان بن. خۆشبەختانە تاوەکو ئێستا کاردانەوە باشەکانی خەڵک زیاترن لەوانەی دژی هاوسەرگیرییەکەن." 
 
لە دادگەی دهۆک یەکەمجار نییە پێکهێنانی ژیانی هاوژینی لەم جۆرە ئەنجام بدرێت، بەڵام پێشتر "شاراوە" بووە، وەک مێری زەید دەڵێت. هەروەها باسی لەوەش کرد، یەکەمجارە بە ئاشکرا کچێکی کریستیان و کوڕێکی موسڵمان کە هەریەکەیان لەسەر ئایینی خۆیان بن ژیانی هاوژینی پێکبهێنن. 
 
ئەیاد سەعدی کە چوار ساڵە پارێزەرە و ژیانی هاوژینی لەگەڵ مێری زەیددا پێکهێناوە بە رووداوی راگەیاند، خێزانەکەی لە ئەوروپا دەژین. "لە سەرەتای خۆشەویستیی نێوان من و مێری-دا هەندێک لە کەسوکارەکەم دژی خۆشەویستییەکەمان بوون. بەڵام ئێستا دڵخۆشن و رۆژانە دایک و باوکم پەیوەندیمان پێوەدەکەن و قسەدەکەین." 
 
لەبارەی کاردانەوەی خەڵک دوای ئەوەی ژیانی هاوژینییان پێکهێناوە، ئەیاد سەعدی ئەوەی خستەڕوو، زۆرینەی خەڵک پیرۆزباییان لێکردوون و خەڵکانێکی زۆر لە رێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە پاڵپشتیی خۆیان بۆ هاوسەرگیرییەکە دەربڕیوە، چونکە هەر یەکەیان لەسەر ئایینی خۆیانن. 
 
ئەو پارێزەرە کە ژیانی هاوژینی لەگەڵ کچە رۆژنامەڤانەکەدا پێکهێناوە باسی لە چەند کچ و کوڕێک کرد کە هاوشێوەی ئەوان لە پەیوەندیدان و دەڵێت، "چەند کچ و کوڕێک پەیوەندییان پێوە کردووین و دەڵێن، پەیوەندیمان لەگەڵ یەکدی هەیە و ئەوانیش حەز دەکەن هاوشێوەی ئێمە ژیانی هاوژینی پێکبهێن."

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لۆگۆی کۆمەڵی دادگەری

کۆمەڵی دادگەریی کوردستان 59 بەربژێری بۆ پەرلەمانی کوردستان هەیە

کۆمەڵی دادگەریی کوردستان 59 بەربژێری لە هەر 4 بازنەکەی هەرێمی کوردستان بۆ پەرلەمانی کوردستان هەیە. سەرۆکی لیستی ئەو حیزبە لە بازنەی هەولێر دەڵێت، خەڵک لە دەرەوەی کۆمەڵیش ویستبێتی لەسەر لیستی ئەوان خۆی بەربژێر بکات، پەسندیان کردووە.