کارەبا بۆ ئەو 20 گوندە گەڕێندرایەوە، کە بەهۆی بۆردوومانی تورکیا پچڕابوو


رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەری دابەشکردنی کارەبای ئاکرێ رایگەیاند، بەهۆی بۆردوومانەکانی دوێنێ شەوی هێزەکانی تورکیا کارەبای 20 گوندی ناوچەکە بۆ ماوەی زیاتر لە 10 کاژێر پچڕا، بەڵام ئەمڕۆ چاککرایەوە و ئێستا سەرجەم ئەو گوندانە کارەبایان هەیە.
 
رۆژی یەکشەممە، 25ـی ئەیلوولی 2022، عەونی مەلا، بەڕێوەبەری دابەشکردنی کارەبای قەزای ئاکرێ، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بەهۆی بۆردوومانەکانی دوێنێ شەو و بەرەبەیانی ئەمڕۆی هێزەکانی تورکیا بۆ سەر ژمارەیەک لە گوندەکانی قەزای ئاکرێ، کارەبای زیاتر لە 20 گوند پچڕا."
 
سەبارەت بە زیانەکانی بۆردوومانەکە بۆ سەر کارەبای ئەو ناوچانە، عەونی مەلا ئاماژەی بەوە دا، زیانە داراییەکان زۆر نەبوون، چونکە زیانەکان لە وێستگەکان و ستوونەکان نەبوون و تەنیا زیانەکان لە هێڵەکانی گواستنەوەی کارەبا بوون، بۆیە تیمەکانیان بەخێرایی هەوڵی چارەسەرکردنی ئەو کێشەیەیان دا و ئەمڕۆ پێش کاژێر 11 کارەبا بۆ سەرجەم ئەو گوندانە گەڕایەوە.
 
شه‌عبان به‌روارى، قایمقامی قەزای ئاکرێ، ئەمڕۆ یەکشەممە 25-09-2022، سەبارەت بە بۆردوومانەکەی تورکیا، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بۆردوومانەکە کاژێر 11:30 شەوی رابردوو بووە و سنووری گوندەکانی كورتكا و میرگه‌ڕه‌شێی لە سنووری ناحیەی دینارتە گرتووەتەوە، "بەڵام هیچ زیانێکی گیانی نەبووە".
 
لەبارەی بۆردوومانکردنی سنووری قەزای ئامێدیش، رەمزی سەرگەلی، دانیشتووی گوندی مێرستەکێ بە رووداوی گوت، لەنێوان کاژێر 11:00 تاوەکو 03:00ـی بەرەبەیان چەند جارێک بۆردوومانی بناری چیای مەتین کراوە.