سەرۆک بارزانی بەشداری لە فیستیڤاڵی رۆشنبیریی دهۆک و بەرهەمی ترێ و هەنگوین دەکات
رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ لە شاری دهۆک فیستیڤاڵی رۆشنبیریی دهۆک و بەرهەمی ترێ و هەنگوین بەڕێوەدەچن و، بەگوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری رووداو، بڕیارە سەرۆک مەسعود بارزانی بەشداری تێیدا بکات.
ناسر عەلی، بەرپرسی ئۆفیسی تۆڕی میدیایی رووداو لە دهۆک رایگەیاند، ئەمڕۆ دوو فیستیڤاڵ لە سنووری پارێزگاکە بەڕێوەدەچن، یەکێکیان کردنەوەی پێنجەمین فیستیڤاڵی رۆشنبیریی یەکێتیی نووسەرانە و ئەوی دیکەیشیان 15یەمین فیستیڤاڵی هەنگوین و بەرهەمە خۆراکییەکانی دیکەیە کە بڕیارە سەرۆک مەسعود بارزانی بەشداری لە هەردوو چالاکییەکەدا بکات.
کاژێر 10:00ی بەیانی لە هۆڵی رۆشنبیریی قەزای سێمێل رێوڕەسمی کردنەوەی پێنجەمین فیستیڤاڵی رۆشنبیریی دهۆک بەڕێوەدەچێت و بڕیارە کاژێر 12:00ش لە فاملی مۆڵی دهۆک 15یەمین فیستیڤاڵی ترێ و هەنگوین بکرێتەوە.
سەلام بالایی، ئەندامی سەرپەرشتیاری فیستیڤاڵی رۆشنبیریی دهۆک بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بە بەشداریی نووسەرانی هەرچوار پارچەی کوردستان، رۆژانی 25 و 26ـی ئەم مانگە پێنجەمین فیستیڤاڵی رۆشنبیریی دهۆک بەڕێوەدەچێت. گوتیشی، بڕیارە سەرۆک بارزانی بەشداری تێدا بکات و گوتارێکیش پێشکێش بکات.
بەگوتەی ئەو ئەندامەی سەرپەرشتیاری فیستیڤاڵەکە، تەنیا رێوڕەسمی کردنەوەی فیستیڤاڵەکە لە هۆڵی رۆشنبیریی سێمێل دەبێت و دواتر پانێڵ و گفتۆ و بڕگەکانی دیکەی لە هۆڵی یەکێتیی نووسەرانی دهۆک بەڕێوەدەچن. دەشڵێت، 135 نووسەر بەشداری تێدا دەکەن.
لەبارەی فیستیڤاڵی ترێ و هەنگوینیش، د، ئەمجەد عەبدید، بەڕێوەبەری باخداریی دهۆک باسی لەوە کرد، بە بەشداریی 40 جووتیاری سنووری پارێزگاکە، کە 20 جووتیار بە بەرهەمی ترێ و 20 دیکەیش بە بەرهەمی هەنگوین بەشدار دەبن، 15یەمین فیستیڤاڵی دهۆک بۆ بەرهەمی ترێ و هەنگوین بەڕێوەدەچێت.