ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر: سەرەتای مانگی داهاتوو نەوتی ماڵان دابەشدەکرێت

25-09-2022
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر دەڵێت، بڕیارە سەرەتای مانگی داهاتوو حکومەتی هەرێمی کوردستان دەست بە دابەشکردنی نەوتی سپیی ماڵان بکات کە تەنها گرێبەستکردن ماوە لەگەڵ کۆمپانیا بۆ کڕینی و "نرخی هەر بەرمیلێک لەنێوان 80 بۆ 100 هەزار دینار دەبێت." خاوەنی کۆمپانیایەکی بازرگانیی سووتەمەنییش دەڵێت، "نرخی بەرمیلێک نەوت لە بازاڕەکاندا ئێستا 270 هەزار دینارە."
 
رۆژی یەکشەممە 25ی ئەیلوولی 2022 عەلی رەشید، سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر لەبارەی دابەشکردنی نەوتی سپیی ماڵانەوە لە سنووری پارێزگای هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "هێشتا وادەکەی بە تەواوی دیارینەکراوە، بەڵام سەرەتای مانگی داهاتوو لە ناوچە شاخاوی و ساردەکانەوە دەست بە دابەشکردنی نەوتی سپیی ماڵان دەکرێت. بەپێی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان، ئەوەی ماوە لە دابەشکردنی نەوت دیاریکردنی نرخەکەیەتی کە دیار نییە ئایا بەرمیلێک نەوت بە 80 هەزار یان 90 یان 100 هەزار دینار بێت. دواتر گرێبەست لەگەڵ کۆمپانیا دەکرێت و دەست بە دابەشکردنی دەکرێت."
 
بە گوتەی سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر، حکومەت ئەو نەوتە لە کۆمپانیا دەکڕێت و پاڵپشتی و پشتیوانیی لێدەکات و دواتر بە نرخێک لەنێوان 80 بۆ 100 هەزار دینار بۆ هەر بەرمیلێک دەیفرۆشرێتە هاونیشتمانیان.
 
رۆژی 13-09-2022 کەمال محەممەد، وەزیری سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان بە وەکالەت سەردانی پەرلەمانی کوردستانی کرد و لەگەڵ لیژنەی سامانە سرووشتییەکان کۆبووەوە؛ دواتر لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا گوتی، دابەشکردنی نەوتی سپی دەستپێدەکاتەوە و لە قۆناخی یەکەمدا 320 هەزار خێزان لە دابەشکردنی نەوت سوودمەند دەبن.
 
رۆژی هەینی 23-09-2022 عەلی حەمەساڵح، سەرۆکی لیژنەی سامانە سرووشتییەکان لە پەرلەمانی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "لەگەڵ وەزیری سامانە سرووشتییەکان کۆبووینەوە. ئەوان پلانیان وایە ئەمساڵ نەوت دابەشی سەر ماڵان بکەن بە سێ هەنگاو."
 
بە گوتەی عەلی حەمەساڵح، ئەو پلانەی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان بەوانی داوە بەم شێوەیە:
 
- مانگی 10 نەوت لە ناوچە شاخاوییەکان دابەشدەکرێت.
- مانگی 11 نەوت لە دەوروبەری شارەکان دابەشدەکرێت.
- مانگی 12 نەوت لە سەنتەری شارەکان دابەشدەکرێت.
 
رۆژی یەکشەممە 25ی ئەیلوولی 2022 سەرباز حاجی کەریم، خاوەنی کۆمپانیای پۆڵا بۆ سووتەمەنی لە هەولێر، لەبارەی نرخی بازرگانیی بەرمیلی نەوت لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "نرخی بەرمیلێک نەوت بە کۆ لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان 245 هەزار دینارە، بەڵام بە تاک و هەر کەسێک بیەوێت بۆ خۆی بەرمیلی نەوت بۆ ماڵ بکڕێت بە 270 هەزار دینارە. پێش پێنج رۆژ نرخەکە زیاتر بوو و گەیشتە 275 هەزار دینار بە کۆ و 300 هەزار دینار بە تاک، بەڵام دابەزینی نرخی نەوت لە جیهاندا لای ئێمەش نرخی نەوتی دابەزاند."
 
نرخی بەرمیلێک نەوتی سپی، مانگی 12ی ساڵی رابردوو گەیشتە 160 هەزار دینار، لە کاتێکدا پێشتر 130 هەزار دینار بوو؛ نرخەکە ئاداری ئەمساڵ بەرزبووەوە و بەرمیلی گەیشتە 230 هەزار دینار.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیمەنێکی باخچەی ساوایانی بەیبوون.

لە ئێلیهـ دوای دانانی قەییوم مامۆستایانی کوردیی باخچەیەکی ساوایان وازدەهێنن

لە پارێزگای ئێلیهی باکووری کوردستان دوای ئەوەی بە بڕیاری وەزارەتی ناوخۆی تورکیا قەییوم لەسەر شارەوانیی شارەکە دانرا، مامۆستایانی زمانی کوردی باخچەی ساوایانی بەیبوون وەک کاردانەوەیەک وازیان لە کارەکانیان هێنا.