لە سنووری پارێزگای دهۆک زیاتر لە 110 جۆر ترێ بەرهەم دەهێنرێن


رووداو دیجیتاڵ

جووتیارێکی نموونەیی لە سنووری پارێزگای دهۆک و لە گوندی بەربهار چەندین جۆر ترێی بەرهەمهێناوە. ئەو جووتیارە سێ هەزار دار مێوی هەیە کە 30 جۆری جیاوازی ترێن.
 
محەممەد سەلیم، جووتیار دەڵێت، ساڵانە 30 تۆن بەرهەمی ترێی هەیە و دەشڵێت، "هیچ کارێک لە کاری جووتیاری خۆشتر نییە، بەڕاستی جووتیار خاوەن کەسایەتیی و رەوشتە، جووتیار شۆڕشی کردووە، جووتیار بە خوێن و ماڵ شۆڕشی ئەیلوول و گولانی کردووە."
 
لە سنووری پارێزگای دهۆک زیاتر لە 110 جۆری ترێ بەرهەم دەهێنرێن کە لە جۆر و تامی جیاوازن. ترێی رەش، کەمالی و تایفی لە دیارترین ئەو جۆرانەن کە لە سنوورەکە بەرهەم دەهێنرێن.
 
غانم عەلی، بازرگان گوتی، بەهای یەک کیلۆ ترێی تایفی لەنێوان 500-700 دینارە، ترێی جۆری کەمالیش لەنێوان 600-1100 دینار و جۆری زەیتوونیش نرخی کیلۆیەکی لەنێوان 900-1100 دینارە."
 
ئەمڕۆ یەکشەممە 25-09-2022، لە دهۆک 15ـه‌یەمین فیستیڤاڵی ترێ و هەنگوین بەڕێوەدەچێت. 20 جووتیارى به‌رهه‌مهێنەری ترێ و 20 هه‌نگه‌وانى سنوورى پارێزگای دهۆك به‌رهه‌مه‌كانى خۆیان تێدا پێشانده‌ده‌ن.
 
دهۆك له‌ڕووى به‌رهه‌مى ترێوە ناسراوترین پارێزگای عێراقه‌، كۆلێژى کشتوکاڵیی دهۆك به ‌هاوكارى چه‌ند جووتیارێكی پارێزگاکە توانیویانه‌ 12 جۆری نوێی ترێ به‌رهه‌م بهێنن كه‌ له‌سه‌ر ئاستى جیهان ته‌نیا له‌ دهۆك ئه‌و جۆرەى ترێ هەن.
 
بەپێی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتیی باخداریی دهۆک، 38 هەزار و 758 دۆنم زەوی لە سنووری پارێزگای دهۆک بە دار مێو داچێنراوە و بەرهەمی ساڵانەش زیاتر لە 77 هەزار تۆنە.