نێچیرڤان بارزانی و باڵیۆزی فەرەنسا پەرەپێدانی پەیوەندییەکانیان تاوتوێ دەکەن


رووداو دیجیتاڵ 

ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 2021/9/25، نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان پێشوازى له‌ ئێريك شۆڤاليێ، باڵيۆزى نوێی فه‌ره‌نسا له‌ عێراق كرد. هەردوولا "خواستى هاوبه‌شيان بۆ بره‌ودان به‌ په‌يوه‌ندييه‌كانى عێراق و هه‌رێمى كوردستان و فه‌ره‌نسا ده‌ربڕى."
 
بەپێی راگەیێندراوی کۆبوونەوەکە، وێڕاى پيرۆزبايى بۆ ده‌ستبه‌كاربوون و هيواى سه‌ركه‌وتن بۆی، نێچيرڤان بارزانى پوخته‌يه‌كى ده‌رباره‌ى دۆخى سياسى، هه‌ڵبژاردنه‌كان و پێشبينى بۆ داهاتووى پرۆسه‌ى سياسى له‌ عێراق، په‌يوه‌ندييه‌كانى هه‌ولێر و به‌غدا، مه‌ترسييه‌كانى داعش و ئاڵنگارييه‌كانى به‌رده‌م عێراقی پێشكه‌ش كردووە.
 
هه‌ردوولا "خواستى هاوبه‌شيان" بۆ بره‌ودان به‌ په‌يوه‌ندييه‌كانى عێراق و هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ فه‌ره‌نسا ده‌ربڕى و هاوڕابوون كه‌ فه‌ره‌نسا و كۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تى ده‌توانن هاوكار و يارمه‌تيده‌ر بن بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كان و پاراستنى سه‌قامگيرى له‌ عێراق كه‌ كاريگه‌ريى ئه‌رێنى به‌ سه‌ر ئارامى و سه‌قامگيريى ناوچه‌كه‌شه‌وه‌ هه‌يه‌.
 
راگەیێندراوەکە دەڵێت، "ده‌رفه‌تى وه‌به‌رهێنان، سه‌رمايه‌گوزاريى زياترى فه‌ره‌نسى له‌ عێراق و هه‌رێمى كوردستان، دۆخى سووريا و ناوچه‌كه‌ به‌گشتى" ته‌وه‌رێكى ديكه‌ى کۆبوونەوەکە بووە کە کۆنسوڵی گشتيى فه‌ره‌نساش له‌ هه‌ولێر، ئاماده‌ى بووە.