فەرماندەیەکی حەشدی شەعبی بۆ رووداو: بە هاوئاهەنگی لەگەڵ پێشمەرگە چووینە گەرمیان
رووداو دیجیتاڵ
فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی حەشدی شەعبی لە دیالە لەبارەی چوونی هێزێکیان بۆ سنووری گەرمیان بە رووداوی گوت بۆ ئۆپەراسیۆنی سەربازی بووە و بە هائاهەنگی بووە لەگەڵ هێزەکانی پێشمەرگە.
تاڵیب موسەوی، فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی حەشدی شەعبی لە دیالە ئەمڕۆ (یەکشەممە، 25-8-2024) بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "ئێمە، بەپشتبەستن بە زانیاریی هەواڵگریی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی سەر بە حەشدی شەعبی، زانیاریمان هەبوو لەسەر هەبوونی چەکدارانی داعش لە ناوچەکە و، بەهاوئاهەنگی لەگەڵ هێزەکانی پێشمەرگە، لە ناوچەکە ئەم ئۆپەراسیۆنەمان ئەنجام دا."
بەڵام پێشتر پێشمەرگە رەتی کردبووەوە هاوئاهەنگی لەنێوانیاندا هەبووبێت. عەقید بەختیار بێسەری، جێگری فەرماندەی لیوای پێنجی هێزی پێشمەرگە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت "هێزەکە (ـی حەشدی شەعبی) زیاتر لە 150 ئامێری سەربازییان پێیە و بێ هیچ هاوئاهەنگییەک، هاتووەتە سنوورەکە."