کاروان یاروەیس: هێزەکەی حەشدی شەعبی بەبێ ئاگاداری و پرسکردن، هاتوون

رووداو دیجیتاڵ 

بڕیاردەری فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق لەبارەی ئەو هێزەی حەشدی شەعبی کە ئەمڕۆ چوونە گەرمیان بە رووداوی گوت "هێزەکە بە بیانووی ئۆپەراسیۆن هاتوون، ئەگەر واشبێ دەبوو لەگەڵ پێشمەرگە و دامودەزگا ئەمنییەکانی سنوورەکە هەماهەنگی بکەن."
 
ئەو سنوورەی حەشدی شەعبی لێی جێگیر بووە گوندێکی بەناوی رەحیم وەرەقەی تێدایە و پێشتریش بیرە نەوتێکی تێدا بوو. ناوچەکە دەکەوێتە سنووری ناحیەی کوڵەجۆ لە قەزای کفریی ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان. جگە لە پۆلیسی نەوت و گازی هەرێمی کوردستان، لیوای پێنجی هێزەکانی پێشمەرگە لە سنوورەکەدایە.
 
كاروان یاروەیس، بڕیاردەری فراكسیۆنی یەكێتی لە پەرلەمانی عێراق ئەمڕۆ (یەکشەممە، 25-8-2024) بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "ئەو هێزەی حەشدی شەعبی کە بەرەبەیانی ئەمڕۆ هاتبوونە ناوچەی کوڵەجۆی زەنگاباد و ویستیان دەست بەسەر بیرە نەوتێکدا بگرن، پاشەکشەیان کرد."
 
کاروان یاروەیس دەڵێ "دوای بەدواداچوونمان لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان، ئاگادارکراینەوە، ئێستا فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی دیالە و ئەو هێزەی حەشدی شەعبی، بەشێکیان پاشەکشەیان کردووە، بیرە نەوتەکە لەلایەن پۆلیسی نەوت و گازی گەرمیانەوە دەپارێزرێت. ئێستا فارس گەڵاڵی فەرماندەی فەوجەکە خۆی لەوێیە و ئەو هێزەی پۆلیسی نەوت و گاز ئامادەنەبوون بیرە نەوتەکە چۆڵ بکەن."
 
بەگوتەی بڕیاردەری فراكسیۆنی یەكێتی لە پەرلەمانی عێراق، "هێزەکە بە بیانووی ئۆپەراسیۆن و دزەکردنی ژمارەیەک تیرۆرست، بەبێ ئاگاداری و پرسکردن، هاتوون بەڵام ئەگەر واشبێ، دەبوو لەگەڵ پێشمەرگە و دامودەزگا ئەمنییەکانی سنوورەکە هەماهەنگی بکەن و زانیارییەکان بدەن بەوان، یان بەیەکەوە ئۆپەراسیۆن بکەن."
 
هەر ئەمڕۆ عەقید بەختیار بێسەری، جێگری فەرماندەی لیوای پێنجی هێزی پێشمەرگە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت "هێزەکە زیاتر لە 150 ئامێری سەربازییان پێیە و بێ هیچ هاوئاهەنگییەک، هاتووەتە سنوورەکە". 
 
جێگری فەرماندەی لیوای پێنجی هێزی پێشمەرگە گوتی، هێزەکەی حەشدی شەعبی "زۆرە" و پێگەی خۆی لە سنوورەکە قایم دەکات؛ گوتیشی، هێزی پێشمەرگە لە سنووری خۆیەتی و چاوەڕوانی فەرمانە لە سەرووی خۆیەوە کە وەزارەتی پێشمەرگەیە.
 
هێزەکە سەرەتا لە سنووری کوڵەجۆ چووەتە نزیک گوندی سەید مدریک کە لیوای 9ی هێزی پێشمەرگەی تێدایە. 
 
کاروان یاروەیس جەختیش دەکاتەوە لەوەی "لەسەرەتای کێشەکەوە، بەرپرسانی ئیداری، پێشمەرگە، دامودەزگا ئەمنییەکان و فراکسیۆنی یەکێتی لەسەر هێڵن."