حەشدی شەعبی لە گەرمیان کشایەوە

رووداو دیجیتاڵ 

عەقید بەختیار بێسەری، جێگری فەرماندەی لیوای پێنجی هێزەکانی پێشمەرگە لە سنووری کفری دەڵێت، وەزارەتی پێشمەرگە پێی راگەیاندووین کە "قسە لەگەڵ بەغدا کراوە و دوو سێ کاژێرێکی دیکە هێزەکەی حەشدی شەعبی لە سنوورەکە دەکشێنەوە، چونکە بەبێ هاوئاهەنگی هاتوون."
 
ئەو فەرماندەیەی پێشمەرگە دەشڵێت: "550 ئۆتۆمبێل و ئامێری سەربازییان پێبووە کە نزیکەی 150 ئۆتۆمبێلی سەربازی لەخۆدەگرێت و خەریکی جێگیرکردنی هێزەکانیانن، بەڵام دەکشێنەوە." دەشڵێت، هەر ئێستا دەستیان بە کشانەوە کردووە. 

 

 
 
 
 
ئەو سنوورەی حەشدی شەعبی لێی جێگیر بووە گوندێکی بەناوی رەحیم وەرەقەی تێدایە و پێشتریش بیرە نەوتێکی تێدا بوو. ناوچەکە دەکەوێتە سنووری ناحیەی کوڵەجۆ لە قەزای کفری لە ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان. جگە لە پۆلیسی نەوت و گازی هەرێمی کوردستان، لیوای پێنجی هێزەکانی پێشمەرگە لە سنوورەکەدایە.
 
پێشتر، عەقید بەختیار بێسەری، جێگری فەرماندەی لیوای پێنجی هێزی پێشمەرگە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "هێزەکە زیاتر لە 150 ئامێری سەربازی پێیە و بێ هیچ هاوئاهەنگییەک هاتووەتە سنوورەکە". 
 
هێزەکە سەرەتا لە سنووری کوڵەجۆ چووەتە نزیک گوندی سەید مدریک کە لیوای 9ی هێزی پێشمەرگەی تێدایە. 
 
عەقید ناسر محەممەد، جێگری فەرماندەی لیوای نۆی پێشمەرگە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "نزیک کاژێر 04:30ـی بەرەبەیانی ئەمڕۆ هێزێک هاتە سنووری ئێمە و دواتر ئێرەی چۆڵکرد و کەسیان لێرە نەمان".
 
عەقید ناسر دەڵێت، هێزەکە هیچ هاوئاهەنگییەکی لەگەڵ ئەواندا نەبووە؛ گوتیشی، "ئامانجیان تەنیا داگیرکردنی بیرە نەوتەکانە".