پەروەردە ‌و فێركردن لەنێوان دوو نەوەی جیاوازدا؛ چی گۆڕاوە؟

رووداو دیجیتاڵ
 
رۆڵی پەروەردە‌ و فێركردن لە پێشكەوتی وڵاتدا چییە؟ ئایا ‏پەروەردە‌ و ‏فێركردن لەنێو ناوەندە ناحكومیەكاندا جیاوازی هەیە ‌و ‏پێشكەوتووترە؟ ‏یاخوود دۆخی ئەوانیش باش نییە، ئەم جۆرە ‏پەروەردەی ئێستا هەمانە هیچ ‏جۆرە پێشكەوتنێكمان تێدا دروست ‏دەكات؟ لەم بەرنامەیە بەدواداچوون بۆ ‏وەڵامی ئەو پرسیارانە‌ و ‏چەندین پرسیاری دیكەش كرا، مامۆستایەكی ‏بە ئەزموونی بەرنامەكە ‏رای وایە بەم جۆرە پەروەردەی ئێستا هەمانە هیچ ‏گۆڕانكارییەك ‏دروست نابێت.
 
ئەوەی گۆڕاوە، تەختە رەشەكە بووەتە سپی
 
مامۆستایەكی قوتابخانەی ناحكومی میوان لە بەرنامەكەدا باسی لەوە ‏كرد ‏لە سەردەمی خوێندكاری ئەوەوە بۆ ئێستا یەك شت گۆڕاوە ‏ئەویش ‏تەختەڕەشەكەی قوتابخانەكان گۆڕاوە بۆ سپی. رەخنەی ‏ئەوەشی لە ‏مامۆستایان گرت بەوەی دەستیان نییە لە خۆ نوێكردنەوە، ئەو كە ‏منداڵەكانی لە قوتابخانەی حكومین ئاماژەی ‏بەوەدا لە قوتابخانەی ‏منداڵەكانییەوە بانگكراوە كە پارە كۆبكەنەوە ‏بۆ كڕینی هەندێ‌ پێداویستی ‏قوتابخانەكە. ئەو گوتی "ئەركی دایك ‌و ‏باوكان نییە، لە خوێندنگای حكومی ‏پارە بدەن بۆ كڕینی ‏پێداویستی، تەنانەت قوتابخانە هەیە كارگوزاری نییە، ‏مامۆستاكان ‏لەسەر بودجەی خۆیان كەسێكیان بەكرێ‌ گرتووە".‏

 

 

مامۆستایەكی دیكە ئەوەی روونكردەوە كە راستە پلان بۆ ‏گۆڕانكاری هەیە، ‏بەڵام تاوەكو ئێستا نەچووەتە بواری جێبەجێكردنەوە. گوتیشی ‏‏"ئەوەی گرفتە وەزارەتی پەروەردە، بودجە ‏بۆ پڕۆژە گۆڕانكارییەكانی دابین ‏ناكات. هەندێ‌ لە پێداویستیی ‏قوتابخانەكان كەسانی دەوڵەمەند دابینی ‏دەكەن".‏
 
مامۆستایەكی دیكە رەخنەی ئەوەی گرت، هەندێ‌ یاسا بەسەر ‏قوتابخانە ‏ناحكومییەكاندا جێبەجێ‌ دەكرێت بەسەر حكومییەكاندا ‏ناكرێت، بە نموونە ‏لە قوتابخانە ناحكإومییەكاندا 200 قوتابی دەبێت ‏توێژەرێكی هەبێت، بەڵام ‏لە حكومییەكاندا ئەوە جێبەجێ‌ ناكرێت.‏
 
‏"قسەی قوتابییەك لە ناخەوە برینداری كردم"‏
 
‏"خۆزگە مامۆستاكان گەورە دەبوون ‌و لە ئێمە تێدەگەیشتن، خۆزگە ‏لەگەڵ ‏ئەم سەردەمەدا خۆیان دەگونجاند‌ و زانیارییەكانیان نوێ‌ ‏دەكردەوە"، ‏قوتابییەكی نمونەیی ئەو قسەیەی بە مامۆستا سەربەست ‏كەریم، بەڕێوەبەری ‏راهێنان ‌و پەرەپێدانی ‏پەروەردەیی لە ‏سلێمانی ‏گوتووە. مامۆستا سەربەست ‏دوای گێڕانەوە ئەو قسەیە گوتیشی، ‏‏"قسەی ئەو قوتابییە لە ناخەوە برینداری ‏كردم". ئەو بەرپرسەی ‏پەروەردە دان بەوەشدا دەنێ‌ كە شێوازی ‏وانەگوتنەوە لە ‏كوردستاندا نەریتییە ‌و پێویستی بە گۆڕانكارییە، ‏‏"دەبێت دیدی ئێمە بۆ پەروەردە بگۆڕدرێت".‏
 
مامۆستا سەربەست ئەوەش ناشارێتەوە كە ئێستا بۆشاییەكی گەورە ‏لەنێوان ‏خوێندكار ‌و مامۆستایاندا هەیە، بە كردنەوەی چەندەها ‏دەورە بۆ مامۆستایان ‏هەوڵدەدەن ئەو بۆشاییە نەهێڵن.‏
‏ ‏
سەربەست كەریم ئەوەشی خستەڕوو، یەكێك لە ئامانجەكانیان ‏ئەوەیە ‏لەجیاتی مامۆستا خوێندكار بكەنە سەنتەر ‌و مامۆستاش ‏بكەنە هاریكار ‌و ‏رێبەر ‌و گوتیشی، "ئەگەر مامۆستایانی ئێمە ‏خۆیان نوێ‌ نەكەنەوە كێشەی ‏گەورە لە ناوەندەكانی خوێندن ‏دروست دەبێت". ‏
 
 
دەبێت لە ساڵی نوێی خوێندن مامۆستایان ئەم خولە ‏ببینن
 
بەڕێوەبەری راهێنان ‌و پەرەپێدانی ‏پەروەردەیی لە ‏سلێمانی ‏ئەوەش ‏دەخاتەڕوو، بۆ ئەم ساڵی خوێندن لە سلێمانیدا ‏‏176 راهێنەریان هەیە، هەر ‏یەكەشیان 10 قوتابخانەی لە لا دەبێت بۆ ‏راهێنانی مامۆستایان، "لە ساڵی ‏خوێندنی 2024 بۆ 2025 ‏سەرجەم  مامۆستایانمان دەبێت 20 كاژێر ‏راهێنان وەربگرن، ‏ئەگەر ئەو راهێنانەی بە مامۆستایان دەكرێت بەردەوام ‏بێت ئەوە ‏سەرەتایەكە بۆ گۆڕانكاری گەورە".‏
 
سەربەست كەریم رەخنەی ئەوەش لە قوتابخانە ناحكومییەكان ‏دەگرێت ‌و ‏بۆچوونی وایە جیاوازی چینایەتیان دروست كردووە، "بە چ ‏لێكۆڵینەوەیەك خوێندن لە قوتابخانە ناحكومییەكان ‏باشترە لە ‏حكومییەكان؟ بەڕاستی لە هەندێ‌ قوتابخانەی ناحكومی ‏لەسەر حیسابی ‏خۆش ژیانی قوتابی كۆمەڵێك شتی دیكە لەبیر ‏كراوە".

 

 
مامۆستا سەربەست ‏ئەوەش ناشارێتەوە كە بەبێ‌ ‏دابینكردنی پێداویستییەكانی خوێندن ‌و ‏پێداویستییەكانی مامۆستا ‏پەروەردەیەكی باشمان نابێت، ئەو بەرپرسەی ‏پەروەردە دەڵێت، "خوێندكارانی ئەم سەردەمە بەهۆی ‏ئەوەی کە ‏زمانی دیكە دەزانن، دنیابینییان فراوانترە لە قوتابیانی رابردوو".
 
‏6874 بینای قوتابخانە هەن؛ چەندیان سێ‌ دەوامین؟
 
هەرێم جەمال كە میوانێكی دیكەی بەرنامەكە بوو گومان دەكات ‏بەهۆی دۆخی ‏سیاسی كوردستانەوە، پلانی وەزارەتی پەروەردە ‏وەكو خۆی جێبەجێ‌ ‏بكرێت، ئەو ئاڕاستەی قسەكانی بەرگری‏كردن بوو لە سیاسەتی ئێستای ‏وەزارەتی پەروەردە ‌و باسی لەوە كرد ‏لە هەرێمی كوردستاندا 1 ملیۆن ‏‌و 906هەزار‌ و 144 قوتابیی هەن؛ ‏هەر ئەم ساڵیش 141 هەزار ‌و ‏‏176 قوتابی چوونەتە قۆناخی یەكی ‏خوێندن. ئەو گوتی، "ئیدارەدانی ئەو ‏هەموو قوتابییە پێویستی بە ‏ئابوورییەكی بەهێز هەیە، هەر لە كابینەی نۆ دا ‏زیاد لە 100 ملیار ‏دینار بۆ پێداویستییەكانی پەروەردە خەرج كراوە، هەر ‏ساڵی ‏رابردوو 58 هەزار رەحلە بۆ دانیشتنی قوتابی كڕدراوە و زیاد ‏لە ‏‏126 قوتابخانەی نوێ‌ دروستكراون، بەو هۆیەوە قوتابخانەی سێ‌ ‏دەوامی زۆر ‏كەمكراوەتەوە، لە هەرێمی كوردستاندا 6874 بینای ‏قوتابخانە هەن، بڕوا‏ناكەم 74یان سێ‌ دەوامییان تێدا بێت".‏
 
گیسكەكەی هەیاسی خاس ‏
 
هەرێم جەمال ئەوەش ناشارێتەوە كە بەردەوام گرفتی جۆراوجۆر ‏بۆ ‏مامۆستایان دروست دەكرێت. ئەو گوتی، "وەك گیسكەكەی ‏هەیاسی خاسمان ‏لێدەكەن، سێ‌ مانگ باشمان دەكەن ‌و چوار ‏مانگ خراپ، لەگەڵ رێزمدا ‏دۆخی مامۆستا بەو جۆرەیە". ئەو ‏مامۆستایە دژی ئەوانەش كە پێیان وایە ‏كورد لە باشووری ‏كوردستان 32 ساڵە حكومڕانی خۆی دەكات. ئەو دەڵێت، ‏‏"لە 2005ـەوە بە كرداری دەسەڵات ‌و بودجەمان هەبووە".
 
ئەو ‏بۆچوونیشی ‏وایە، کە دەبێت واقیع لەگەڵ قسەی بریقەدار ‏لێكجیابكرێتەوە ‌و راستییەكانیش بە ‏بەڵگەوە بخرێنەڕوو. ئەو گوتی، ‏‏"لە هەرێمی كوردستاندا 6874 ناوەندی ‏خوێندنی حكومیمان هەیە ‏لە بەرامبەر ئەوەدا 577 ناوەندی خوێندنی ‏ناحكومیمان هەیە؛ واتە ‏رێژەی قوتابخانەی ناحكومی هەر زۆر كەمترە لە ‏حكومی لەگەڵ ‏ئەوەشدا بە زۆری یەكەمەكانی كوردستان لە ‏قوتابخانە ‏حكومییەكاندان".‏
 
‏"پێش زانست مرۆڤبوون پێویستە"‏
 
جیهاد محەممەد، كە وەك سەرپەرشتیاری تیمی ‏پەروەردەی ‏سەردەم ‏لە بەرنامەكەدا بەشدار بوون بۆچوونی وایە ‏قسەكانی مامۆستا هەرێم واقعی ‏نین، بەڵكو بەرگرین لە سیاسەتی ‏وەزارەتی پەروەردە و گوتی، "خودی ‏وەزیری پەروەردە رەخنەی ‏لە سیستمی پەروەردە هەیە بۆیە قسەكانی ‏مامۆستا هەرێم واقعی ‏نین". ئەو رەخنەی ئەوەش دەگرێت، کە ناكرێت لە ‏‏120 هەزار ‏مامۆستا تەنیا 600یان راهێنان وەربگرن لەكاتێكدا ‏تاوەكو ‏ئێستاش پەروەردەكەی ئێمە پەروەردەیەكی تەقلیدییە ‏نەك ‏پێشكەوتووخواز و دیموكرات.
 
بە بۆچوونی مامۆستا جیهاد ‏بەردەوام هەوڵ ‏هەبووە كە فەلسەفەی پەروەردەیی هەبێت، بەڵام ‏جێبەجێ‌ نەكراوە. مامۆستا ‏جیهاد محەممەد ئاماژەبە وەش دەدات، لە ‏فەلسەفەی پەروەردەی نوێدا هیچ ‏منداڵێك نییە تەمبەڵ بێت، "بەڵام ‏لە كوردستان تاوەكو ئێستاش جیاوازی ‏دەكرێت لەنێوان منداڵی ‏تەمبەڵ ‌و زیرەك". ئەو كە خۆی بە خەمخۆرێكی ‏بواری پەروەردە ‏دەزانێ‌ جەخت لەوە دەكاتەوە كە دەبێت مووچە‌ و ‏پێداویستییەكانی ‏دیكەی مامۆستایان بەباشی دابین بكرێت ‌و دەشڵێت، "ئێمە ‏كە باسی ‏پێشكەوتوویی پڕۆسەی پەروەردە دەكەین لە هەندێ‌ وڵاتی ‏ئەورووپی ‏دەبێت ئەوە روونبێت كە ژیانی مامۆستایانیان لە زۆر ‏بواردا باش كراوە هەر ‏بۆ نموونە لە نەرویج مووچەی مامۆستا ‏زۆر بەرزە، ئەگەر دوو هاوژین ‏هەردووكیان مامۆستا بن ‏بە ناچاری مووچەكەیان دادەبەزێنرێت".‏
 
ئەو مامۆستایە كە 20 ساڵی تەمەنی لە ئەورووپا بەسەربردووە ‏ئەوە ‏ناشارێتەوە كە "خوێندنی ئێمە پسپۆڕ دروست دەكات، بەڵام ‏مرۆڤبوون ‏دروست ناكات" بە نموونەش دەڵێت، "بەشێك لە ‏دادوەر‌ و پزیشكەكانی ‏سەردەمی بەعس كە بەهۆیانەوە منداڵ گەورە ‏دەكرا ‌و سزای سێدارەیان دەدا، خۆ هەموویان پسپۆڕ بوون‌ و ‏شارەزای باشی یاساكانیش بوون، بەڵام ‏مرۆڤبوونیان تێدا نەبوو ‏بۆیە پێش پێدانی زانست دەبێت مرۆڤبوون لە ‏نەوەكانماندا ‏دروست بكەین".‏
 
دەبێت شوان ‌و گاوانەكانیش بەشداربن
 
دووری خێزانەكان لە پڕۆسەی پەروەردە گرفتێكی دیكەیە ‏بە بڕوای ‏سەرپەرشتیاری تیمی پەروەردەیی. ئەو پێی وایە، پەروەردەی ‏سەردەم دەبێت خێزان ‏بەردەوام ‏پەیوەندی هەبێت لەگەڵ ناوەندەكانی خوێندن. ئەو دەڵێت، ‏‏"دەبێت شوان ‌و ‏گاوانەكانیش بەشداری لە پڕۆسەی پەروەردە ‏بكەن، نەك بەتەنیا ‏مامۆستایان".‏
 
بە بڕوای جیهاد محەممەد، بە یەك هەفتە‌ و یەك مامۆستا ناكرێت ‏راهێنان بە ‏‏600 مامۆستا بكرێت و  گوتی، "دەبوو جگە لە مامۆستا ‏فایەق كۆمەڵێك ‏پسپۆڕی پەروەردەیی راهێنانیان بە مامۆستایان ‏بكردایە؛ دەبوو مامۆستایانی ‏راهێنەر مامۆستای دەروونناسیشیان ‏هەبوایە". جیهاد محەممەد جەخت لەوە ‏دەكاتەوە، ئەم جۆرە ‏پەروەردەیەی ئێستا هەیە هیچ جۆرە پێشكەوتنێكمان ‏تێدا دروست ‏ناكات و دەڵێت، "هەرچی توند‌وتیژی لەم وڵاتەدا ‏هەیە ‏سەرچاوەكەی پەروەردەیەكی خراپە".‏
 
ئەو لەگەڵ ئەوەش نییە كە منداڵ لە ماڵەوە بخرێتە ژێر گوشارێكی ‏زۆر و هەموو ‏كۆششەكەی لە ماڵەوە بكات، هەروەك دەڵێت، "دەبێت ‏منداڵ نیو كاژێر ئەركی ‏ماڵەوەی هەبێت نەك زیاتر".‏
 
‏"لێدان نەماوە، بەڵام توند‌وتیژی هەر هەیە"‏
 
د. شەماڵ لەتیف، مامۆستا لە زانكۆی سلێمانی ‌و پسپۆڕی ‏كۆمەڵناسی ‌و ‏پەروەردە ‌و ‏كولتوور باس لەوە دەكات كە راستە لێدانی ‏راستەوخۆ لە ‏قوتابخانەكاندا نەماوە، بەڵام هێشتا توند‌وتیژی ‏رەمزی هەیە ‌و گوتی، ‏‏"توند‌وتیژی رەمزی كەمتر نییە لە ‏توند‌وتیژی جەستەیی".
 
بە بڕوای ئەو ‏مامۆستایەی زانكۆ لەم ‏سەردەمەدا پێناسەی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ ‏پەروەردە گۆڕاوە ‏ئەوەیش ئەوەیە كە دەبێت پەروەردە گۆڕانكاری دروست ‏بكات. ئەو ‏گوتیشی، "دەبێت پڕۆژەی پەروەردەیی سەرپێبخەین ‌و ‏واز ‏لە سیستم بهێنین، هەرچەندە بۆ دۆخی پەروەردەی هەرێمی ‏كوردستان ‏وشەی سیستم زۆر تەواوە". د. شەماڵ لەتیف ئەوەش ‏ناشارێتەوە كە  ‏قەرەباڵخی قوتابخانەكان ‌و بوونی قوتابخانەی سێ ‏دەوامی و دوو دەوامی كە ‏هێشتا ماوە گرفتی گەورەی دروست كردووە ‌و گوتی، "بە نموونە لە قوتابخانەی ‏كانی بەردینەی شاری ‏سلێمانی نزیكەی هەزار قوتابی هەن و بەشێكی بینای ‏قوتابخانەكە ‏تاوەكو ئێستاش كابینەیە". ‏
 
نائازادبوونی قوتابی لەنێو پۆلدا بە بڕوای د. شەماڵ لەتیف یەكێكی ‏دیكەیە لە ‏گرفتەكان و دەڵێت، "لە سیستمی نوێدا دەبێت جەستەی ‏قوتابی لەنێو ‏پۆلدا ئازاد بێت، بەڵام لە زۆربەی قوتابخانەكانی ئێمە ‏جەستەی قوتابی ئازاد ‏نییە". مامۆستاكەی زانكۆی سلێمانی ‏رەخنەی ئەوەشی هەیە كە دوایین شت ‏كە لە هەرێمی كوردستاندا ‏بیری لێدەكرێتەوە پرۆسەی پەروەردەیە. ‏
 
لە رابردوو زۆر باس لە هێنانی سیستمی سویدی كرا بۆ ‏كوردستان، د. شەماڵ ‏لەتیف جەخت لەوە دەكاتەوە كە ئەو جۆرە ‏سیستمە لە كوردستاندا هیچی ‏لێ‌ سەوز نەبوو.‏
 
‏"جگە لە وەزارەت دەبێت لیژنەیەكی باڵا بۆ پەروەردە ‏هەبێت"‏
 
بە بۆچوونی د. شەماڵ لەتیف، داڕشتنی سیاسەت ‌و فەلسەفەی ‏پەروەردەیی ‏لە هەرێمی كوردستان نابێت بەتەنیا بە وەزارەتێك ‏بسپێردرێ‌ت و دەڵێت، ‏‏"دەبێت لیژنەیەكی شارەزا هەبێت لەسەرووی ‏وەزارەتی پەروەردە، ئەوان ‏فەلسەفەی پەروەردە دابڕێژن". ئەو ‏مامۆستایەی زانكۆ هێشتا بەداخە بۆ ‏ئەوەی لە داڕشتنی پڕۆژەیاسای ‏پەروەردە مامۆستا‌ و قوتابیان دەستیان ‏نەبوو لەكاتێكدا یاساكە ‏بەسەر ئەواندا جێبەجێ‌ دەكرێت.‏
 
د. شەماڵ لەتیف مامۆستایانیش بەدەرناكات لە كێشەكە‌ و بۆچوونی ‏وایە، ‏خودی مامۆستا لە پڕۆسەی پەروەردەدا بەشێكە لە گرفتەكە ‏و گوتی، ‏‏"بەشێك لە مامۆستایان هەر ئەوەندە فێری قوتابی دەكەن ‏كە لە ‏پڕۆگرامەكاندا هەیە، هیچ خۆیان كات بۆ خۆپێگەیاندنیان ‏تەرخان ناكەن".‏
 
هەر لە بەرنامەكەدا، ئەحمەد رەسوڵ كە وەك مامۆستایەكی ‏راهێنەر  ‏بەشداربوو ئاماژەی بەوەدا، كێشەكانی كۆمەڵگا بەهەمان ‏بڕ ‌و شێوە لە نێو ‏سیستمی پەروەردەشدا هەن، "بۆیە بۆ ‏گۆڕانكاری لە كۆمەڵگادا دەبێت لە ‏پەروەردەوە دەستپێبكەین". ئەو ‏راهێنەرە روونیشكردەوە ئامانج لە ‏پڕۆسەی خوێندنی كوردستان ‏ناڕوونە، "هەر ئەوەندە دەزانین بۆ ‏بەدەستهێنانی بڕوانامەیەك ‏دەخوێنین، لە ئامانجە قووڵ ‌و فراوانەكەی ‏تێنەگەیشتووین".‏