ئەندامێکى ئەنجوومەنى پارێزگاى دیالە: هێزەکەى حەشد لەگەڵ کۆمپانیایەکى نەوت چوونەتە کفرى

 رووداو دیجیتاڵ
 
ئەندامێکى ئەنجوومەنى پارێزگاى دیالە رایگەیاند: ئەو هێزەى حەشدی شەعبی کە چوونەتە نزیک کێڵگەیەکى نەوتى کفرى، بە "هەڵە" چوون و لەگەڵ کۆمپانیایەکى نەوت دا بوون کە سنوورى کارەکەیان ئەو ناوچەیە نییە.
 
ئەوس مەهداوى، ئەندامى ئەنجوومەنى پارێزگای دیالە لە فراکسیۆنى یەکێتی بە تۆڕى میدیایی رووداوى گوت: "ئەو هێزەى حەشدی شەعبی کە نزیک بوونەتەوە لە کێڵگەیەکى نەوتى ناوچەکانى ژێر دەسەڵاتى هەرێمى کوردستان بە هەڵە چوونەتە ئەو ناوچەیە".
 
ئەو هێزەی حەشدی شەعبی، 25ى ئاب لە سنووری ناحیەی کوڵەجۆ لە قەزای کفری ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان، دەوری بیرە نەوتێکیان دا، لەکاتێکدا جگە لە پۆلیسی نەوت و گازی هەرێمی کوردستان، لیوای 5ـی هێزەکانی پێشمەرگە لە سنوورەکەدا هەن.
 
دواى ماوەیەک لە مانەوە، ئەو هێزەى حەشدی شەعبی کشانەوە.
 
ئەوس مەهداوى رایگەیاند، "هێزەکەى حەشدى شەعبی وەک پاسەوان و پارێزەرى کۆمپانیایەکى چینى چوونەتە ئەو ناوچەیە بۆ گەڕان بە دواى نەوت دا نەک دەرهێنانى، لەکاتێکدا سنوورى کارى ئەو کۆمپانیایە نەفتخانەیە بەرەو حەمرین نەک کێڵگەکانى نەوت لە کفرى و ئەرکیان دەرهێنانى نەوت نییە بەڵکو دۆزینەوەیەتى".
 
بەگوێرەى گەڕى پێنجەمى گرێبەستەکانى نەوتى عێراق لە ساڵى 2023، گرێبەست لەگەڵ کۆمپانیاى جیو جیدى چینى کراوە بۆ دۆزینەوە و پەرەپێدانى کێڵگەى نەوتى نەفتخانە لە سنوورى پارێزگاى دیالە.
 
ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنى پارێزگای دیالە گوتى، "چوونى حەشدی شەعبی بۆ ئەو ناوچانەى هەرێمى کوردستان قبووڵناکەین و  پاراستنى کۆمپانیاکانى نەوتیش دەبێت لە ئەستۆى پۆلیسى وزە بێت".