لیوای 5ـی پێشمەرگە: دۆخی گەرمیان ئاساییە و حەشدی شەعبی ناگەڕێتەوە

رووداو دیجیتاڵ
 
عەمید کاوە غەریب، فەرماندەی لیوای 5ـی هێزەکانی پێشمەرگە بە رووداوی راگەیاند، "دۆخی ناوچەکانی سنووری ناحیەی کوڵەجۆ بەتەواویی ئاسایی بووەتەوە و هیچ چەکدارێکی حەشدی شەعبی لەو ناوچانە نەماون".
 
سەبارەت بە ئەگەری گەڕانەوەی حەشدی شەعبی بۆ ئەو ناوچانە، ئەمڕۆ یەکشەممە، 25ـی ئابی 2024، عەمید کاوە غەریب گوتی، "هیچ پێشڕەوییەکی دیکە نەکراوە و ناشکرێت، ئێستا هێزەکانی لیوای 5 و 17ـی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە بە هاوبەشی لەگەڵ پۆلیسی نەوت و گاز لە گوندی سەید مدریک و ناوچەکانی دەوروبەری جێگیرن".
 
هێزەکانی حەشدی شەعبی ئەمڕۆ بە 150 ئۆتۆمبێلی سەربازییەوە چوونە سنووری ناحیەی کوڵەجۆ لە قەزای کفریی ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان و دەوری بیرە نەوتێکیان دا، لەکاتێکدا جگە لە پۆلیسی نەوت و گازی هەرێمی کوردستان، لیوای 5ـی هێزەکانی پێشمەرگە لە سنوورەکەدا جێگیر بوون و دوای چەند کاژێرێک لە مانەوەیان، لەو ناوچەیە کشانەوە.
 
نیوەڕۆی ئەمڕۆ، تاڵیب موسەوی، فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی حەشدی شەعبی لە دیالە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "ئێمە، بەپشتبەستن بە زانیاریی هەواڵگریی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی سەر بە حەشدی شەعبی، زانیاریمان هەبوو لەسەر هەبوونی چەکدارانی داعش لە ناوچەکە و بە هاوئاهەنگی لەگەڵ هێزەکانی پێشمەرگە، لە ناوچەکە ئەم ئۆپەراسیۆنەمان ئەنجام دا".
 
بەڵام لە وەڵامی قسەکانی فەرماندەکەی حەشد، عەقید بەختیار بێسەری، جێگری فەرماندەی لیوای 5ـی هێزی پێشمەرگە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئەو هێزەی حەشدی شەعبی بەبێ هیچ هاوئاهەنگییەک هاتوونەتە سنوورەکە".