هەپەگە ناسنامه‌ی دوو گەریلای ئاشكرا ده‌كات کە لە هەرێمی کوردستان گیانیان لەدەستداوە

رووداو دیجیتاڵ
 
فەرماندەیی هێزەکانی پاراستنی گەل (هەپەگە)، ناسنامه‌ی دوو گەریلای پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) ئاشكرا ده‌كات كه‌ لە شه‌ڕ و پێكدادان له‌ دژی سوپای تورکیا لە خاکی هەرێمی کوردستان گیانیان لەدەستداوە. 
 
ئەمڕۆ یەکشەممە 25ـی ئابی 2024، ناوەندی راگەیاندن و چاپه‌مه‌نیی هێزەکانی پاراستنی گەل (هەپەگە) ناسنامەی ئەو دوو گەریلایەی بڵاوکردەوە کە لە مانگی نیسانی 2024 لە ناوچەی خواکوڕک لە هەرێمی کوردستان لە شەڕ و پێکدادان لە دژی سوپای تورکیا، لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی ناسراو بە چنگ – قوفڵدا گیانیان لەدەستدابوو. 
 
ناسنامەی گەریلاکان بەمشێوەیەن؛ نوربەهار کاراداغلی ناسراو بە تیژدا ژیان لەدایکبووی رووها و بەهار ئاکیۆل ناسراو بە فاراشین گابار، لە دایکبووی شرنەخ. 
 
رۆژی 20ـی مانگ، ناوەندی چاپەمەنی و راگەیاندنی هێزەکانی پاراستنی گەل (هەپەگە) کوژرانی دوو سەرباز و خستنەخوارەوەی دوو درۆن و خاپوورکردنی چوار رەبیەی هێزەکانی تورکیا لە ئەنجامی ژمارەیەک هێرشیان لە ناوچەکانی مەتین و زاپ لە خاکی هەرێمی کوردستان بڵاوکردەوە.
 
رۆژی 23ـی مانگ، وەزارەتی بەرگریی تورکیا لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە لە ئۆپەراسیۆنێکی ئاسمانیدا چوار گەریلای پەکەکە لە رێگەی فڕۆکە جەنگییەکانی ئێف 16 و درۆنەکانیانەوە لە ناوچەکانی خواکوڕک مەتین و گارا لە خاکی هەرێمی کوردستان کردووەتە ئامانج. 
 
ئەم شەڕ و پێکدادانە لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنێکدایە تورکیا ناوی ناوە چنگ- قوفڵ کە بەرەبەیانی رۆژی 18ـی نیسانی 2022 لە ناوچەکانی ئاڤاشین، مەتین و زاپ لە خاکی هەرێمی کوردستان بۆ سەر پێگەکانی پەکەکە دەستیپێکرد.