حکومەتی هەرێمی کوردستان: سەرجەم وانەبێژان دەکرێنە گرێبەست

رووداو دیجیتاڵ
 
حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاریدا، لەسەر داهاتی ناوخۆ، سەرجەم وانەبێژانی هەرێمی کوردستان کە ژمارەیان نزیکەی 38 هەزار کەس دەبێت بکرێنە گرێبەست.
 
ئەمڕۆ یەکشەممە، 25-8-2024، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە ژمارەیەک لە نوێنەرانی مامۆستایانی وانەبێژی هەرێمی کوردستان کرد. 
 
بەگوێرەی راگەیێندراوێکی حکومەت، "سەرۆکی حکومەت سوپاسی مامۆستایان و وانەبێژانی کرد کە سەرەڕای دۆخی سەختی دارایی، کۆڵیان نەداوە و درێژەیان بە ئەرک و پەیامی پیرۆزی خۆیان داوە و بەرپرسیاریەتی خۆیان بەجێگەیاندووە".
 
 
ئاماژە بەوەش کراوە، "سەرۆکی حکومەت ئاماژەی بەوە دا کە بەداخەوە بە شێوەیەکی دادپەروەرانە مامەڵە لەگەڵ هەرێمی کوردستان ناکرێت، هەر بۆ نموونە لە ئاستی حکومەتی فیدراڵدا، لە پارێزگاکانی دیکەی عێراقدا، تەنیا لە ماوەی ساڵێکدا، نزیکەی یەک ملیۆن کەس دامەزراون، بەڵام تەنانەت یەک کەسیان بۆ هەرێمی کوردستان دانەمەزراندووە".
 
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "سەرۆکی حکومەت دوای گوێگرتنی لە خواست و داواکارییەکانی مامۆستایانی وانەبێژ، بڕیاریدا لەسەر داهاتی ناوخۆی حکومەت هەرێمی کوردستان، سەرجەم وانەبێژانی هەرێمی کوردستان کە ژمارەیان نزیکەی 38 هەزار کەس دەبێت بکرێنە گرێبەست".
 
 
لای خۆیەوە، ئالان حەمەسەعید، وەزیری پەروەردەی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، "پیرۆزبایی لە هەموو مامۆستایانی وانەبێژ و دانەمەرزراو دەکەم. لە سبەینێوە دەست بە رێکارەکان دەکەین بۆ ئەوەی سەرجەم وانەبێژان بکەینە گرێبەست".
 
هەر ئەمڕۆ و پێش کۆنفرانسەکەی وەزیری پەروەردە، عەلی رەئووف، نوێنەرێکی مامۆستایانی وانەبێژ بە رووداوی گوت، لەگەڵ سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزیری پەروەردە کۆبوونەتەوە و بڕیاردراوە، زیاتر لە 37 هەزار وانەبێژ لە ماوەی مانگێکدا بکرێنە گرێبەست.
 
لە رابردوودا و تائێستا، کەمترین مووچەی وانەبێژ 250 هەزار دینارە و زۆرترینیشیان 400 هەزار، ئەوەش بە گوێرەی بڕوانامەکانیان پۆلێن دەکرێت.
 
بەگوێرەی ئاماری وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان، پارەی پێویست بۆ شایستە داراییەکانی وانەبێژان، مانگانە نزیکەی 13 ملیار و 700 ملیۆن دینارە.