ئوردن بەشێک لە بەروبووم و بەرهەمە کشتوکاڵییەکانی هەرێمی کوردستان هاوردە دەکات

رووداو دیجیتاڵ
 
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و وەزیری کشتوکاڵی ئوردن کۆبوونەوە. بەگوێرەی راگەیێندراوێکی حکومەت، ئوردن هەندێک لە بەروبووم و بەرهەمە کشتوکاڵییەکانی هەرێمی کوردستان لەوانە پەتاتە، هاوردە دەکات.
 
ئەمڕۆ یەکشەممە، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە خالید موسا ئەلحنێفات، وەزیری کشتوکاڵی شانشینی ئوردن کرد.
 
بەگوێرەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ لەبارەی پەرەپێدانی هاریکاری و هەماهەنگی لە بوارەکانی ئاڵوگۆڕی بازرگانی و کشتوکاڵی و پیشەسازيی خۆراک و بەبازاڕکردنی بەروبوومی کشتوکاڵی لە نێوان هەردوولا کرا.
 
ئاماژە بەوەش کراوە، "وەزیری کشتوکاڵی ئوردن، سڵاو و رێزی شا عەبدوڵڵای شای ئوردنی بە سەرۆکی حکومەت گەیاند و ئاماژەی بە پەیوەندیی لەمێژینە و بەهێزی نێوان هەرێمی کوردستان و ئوردن دا و ستایشی پێشکەوتن و ئاوەدانیی هەولێر و هەرێمی کوردستانی کرد".
 
لای خۆیەوە، بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، "سەرۆکی حکومەت سوپاس و پيزانینی هەرێمی کوردستانی بۆ هاوکاری و پشتیوانیی بەردەوامی شا عەبدوڵڵا و حکومەت و گەلی ئوردن دەربڕی، کە لە قۆناخە جیاکاندا پشتگیریی هەرێمی کوردستانیان کردووە. ئامادەیی حکومەتی هەرێمیشی بۆ زیاتر برەودان بە پەیوەنديی دوولایەنە نیشان دا".
 
لەنێوان سەرۆکی حکومەت و وەزیری کشتوکاڵی ئوردن یاداشتێکی لەیەکتێگەیشتن واژۆکراوە.
 
راگەیێندراوەکە دەڵێت، "پاشان بە چاودێری و سەرپەرشتيی سەرۆکی حکومەت، یادداشتێکی لەیەکتێگەیشتن لە نێوان هەردوو وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان و شانشینی ئوردن، لە بواری پەرەپێدانی هاریکاری و هەماهەنگیی کشتوکاڵی و پیشەسازيی خۆراک واژۆ کرا، کە بڕیارە لە هەنگاوی یەکەمدا، ئوردن هەندێک لە بەروبووم و بەرهەمە کشتوکاڵییەکانی هەرێم لەوانە پەتاتە، هاوردە بکات".